هیوا سوعاد: شانۆی (سێبەری چیا) پەیامێكە بۆ ئەوەی بزانن ئافرەتانمان خاوەن توانا و بەهرەی زۆرن
خولی یەكەمی فیستیڤاڵەكە لە ساڵی 2011 بوو، لە دوو ساڵی دواتریش خولی دووەم و فیستڤاڵ لە ساڵانی 2012 و 2013 بەڕێوە چوو، بەڵام دواتر بە هۆی قەیرانی ئابووری و شەڕی تیرۆریستانی داعش وەستا تا لە ساڵی 2017 خولی چوارەمی فیستیڤاڵەكە ساز كرا، لە كۆتایی ساڵی رابردووشدا خولی شەشەمی فیستیڤاڵەكە بە بەشداری گرووپە شانۆییەكانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆك، كەركووك، چەمچەماڵ، ئەڵمانیا، یابان، پۆڵەندا، دانیمارك، مەغریب، ئوردن و میسر) ساز كرا، هەر لەو فیستیڤاڵەدا رۆژانە چەندین كۆڕی رەخنەیی بۆ نمایشەكان ئەنجام دەدرا.
جگە لە فیستیڤاڵە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان، بەڕێوەبەرایەتی هونەری شانۆ بەردەوام بە پێی توانای خۆی هاوكاریی گرووپ و تیپە شانۆییەكان بووە بۆ پێشكەش كردنی نمایشی شانۆیی، بەتایبەتی لە بۆنە هونەرییەكاندا، یەكێك لەو نمایشە شانۆییانەی كە بڕیار وایە رۆژی سێشەممە 18/ 2/2020 و رۆژانی دوایی كاتژمێر 5ـی ئێوارە لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی هونەری شانۆی هەولێر نمایش بكرێت، شانۆیی (سێبەری چیا)یە كە لە نووسین و دەرهێنانی هونەرمەند هیوا سوعاد و لە نواندنی هەریەكە لە (رۆزانا فەرهاد، ویلان سدیق، شەیما فریادە)ـە و بە چەند رۆڵێكی جیاواز بەشداردەبن و ستافی تەكنیكی شانۆگەرییەكەش (هیوا عەلی، رەشید تارق، بێزار سلێمان)ـە و راگەیاندن و پەیوەندییەكانی ئەو بەرهەمەش سەلام باپیرە و پڕۆمۆی ئادەم ئەیامە، (سێبەری چیا) نوێترین بەرهەمی بەڕێوەبەرایەتیی شانۆی هەولێر- وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمە و، بڕیار وایە دوای نمایشەكانی لە هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتانی ئەورووپا هەنگاو بنێت و شان بە شانی چەند شانۆگەرییەكی دیكە بەشداری لە پڕۆژە هونەرییەكانی وڵاتی ئەڵمانیا بكات.
هونەرمەند هیوا سوعاد لەبارەی ناوەڕۆكی شانۆییەكەوە گوتی: «شانۆگەرییەكە باس لە مەینەتیی سێ ئافرەت دەكات كە ئازیزانیان لە دەست دەدەن و لە ئەنجامدا بێ ناز دەكەون و تووشی نەخۆشی و هیستیریا و بارێكی دەروونیی ناجێگیر دەبنەوە، بەڵام هەوڵ دەدەن رووبەڕووی ئەم دۆخە ببنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا سەرەڕای بارودۆخی دەروونی شڵەژاویان بۆیان دەردەكەوێت كە پیاوانی چیا پشتیان لە چیا كردووە».
سەبارەت بەو پەیامەی كە لە رێگای ئەو شانۆگەرییەوە دەیەوێ بیگەیەنێت مامۆستا هیوا سوعاد گوتی: «پەیامی سەرەكیی شانۆییەكە خۆی لە وەفاداریدا دەبینێتەوە، چونكە ئەوانەی پشتیان لە چیا كردووە، رۆژێك دێت بگەڕێنەوە، جا ئەم گەڕانەوەیان بە ناچاری بێت، یان لە وەفاداری و هەڵوێستەوە بێت»، لەبارەی پەیامی شانۆییەكە زیاتر گوتی: «ئەمە پەیامێكە كە خەریكم كاری لەسەر دەكەم، ئەویش لەبەر دوو هۆ، یەكەمیان ئەوەیە كە لە كۆمەڵگەدا ئافرەت رووبەڕووی نایەكسانی و گرفتی زۆر دەبێتەوە لە ژیانیدا، دووەمیشیان ئەوەیە كە لە رێگای ئەو شانۆییەوە دەمەوێ ئەوە بڵێم كە ئافرەتانی خاوەن بەهرەی گەورە هەن، كە توانای زۆر بەرزیان لە بواری شانۆییدا هەیە.
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی بۆچی لە میانەی شەشەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆ لە هەولێر ئەو شانۆگەرییە نمایش نەكرا؟ مامۆستا هیوا سوعاد گوتی: پێمان باش بووە سەرەتا لە نمایشێكی تایبەتدا نمایشی بكەین، دواتر ئەگەر گونجا بە نیازین لە پەراوێزی فیستیڤاڵدا نمایشی بكەین.
سەبارەت بە ئامادەكارییەكانی بەڕێوەبەرایەتی شانۆی هەولێر بۆ فیستیڤاڵەكانی ساڵی داهاتوو، هونەرمەند هیوا سوعاد گوتی: لە ئێستاداخەریكی خۆ ئامادەكردنین و چەند گروپێكمان بانگهێشت كردووە بۆ بەشداری كردن، ئەگەر لە خولەكانی رابردوو هەر كەموكووڕییەكمان هەبووبیت، هەوڵ دەدەین لە خولی داهاتوودا ئەو كەموكوڕییانە نەهێڵین.