مادۆنا سزا درا

مادۆنا سزا درا
ماڵپەڕێكی جیهانیی تایبەت بە هەواڵی ئەستێرەكان رایگەیاند كە خانمە گۆرانیبێژی ئەمریكی مادۆنا لەلایەن دوو كەسەوە كە سكاڵایەكیان لە دژی تۆمار كرد، رووبەڕووی سزای یاسایی بۆوە، ئەویش بە هۆی ئەوەی درەنگتر لە كاتی دیاریكراو هاتۆتە سەر تەختی شانۆ.
ماڵپەڕەكە ئەوەشی راگەیاند كە ئەو دووكەسە هاوسەر بوون و لە سكاڵاكەیاندا ئاماژەیان بەوە كردووە كە لەو دوو ئاهەنگەی لە مانگی سێپتێمبەر و ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو مادۆنا سازی كردبوون، بەهۆی دواكەوتنی لە هاتنە سەر تەختی شانۆ ئەو دوو هاوسەرە ماوەی چەند كاتژمێرێك چاوەڕێیان كردووە، ئەمەش بووتە هۆی ئەوەی لە بەهای نرخی پلیتی ئاهەنگەكە كەم بێتەوە، هەروەها بووتە هۆی ئەوەی كە نەتوانن لە كاتی دیاریكراودا بگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە، بەمەش بووەتە هۆی دواكەوتن لەو فڕۆكەیەی كە بە نیاز بوون گەشتی پێ بكەن.
ئەمە جاری یەكەم نییە كە مادۆنا لەلایەن جەماوەرەكەیەوە رووبەڕووی دادگا دەبێتەوە، پێشتریش لە ساڵی 2019 یەكێك لە هەوادارانی سكاڵایەكی هاوشێوەی دژی مادۆنا دایە دادگا و تێیدا بەوە تۆمەتباری كرد، كە بێ ئاگاداركردنەوەی جەماوەر كاتی ئاهەنگەكەی گۆڕیوە.
مادۆنا كاتی خۆی لە بارەی گۆڕینی ئاهەنگەكانی لە فەیسبووك نامەیەكی بڵاو كردەوە وتێیدا گوتبووی: «زۆر داوای لێبووردن دەكەم كارێكی لە ناكاو روویدا كە چاوەڕوان نەكراو بوو، بۆیە كاتی ئاهەنگەكەم گۆڕیوە، ئەگەر شەوانە ئاهەنگێك پێشكەش بكەم، ئەوا هەست بە ئاسوودەیی وخۆشییەكی زۆر دەكەم، دواخستنی ئاهەنگیش بۆ من وەك سزایەك وایە، بەڵام بە هۆی ئەو ئازارە زۆرەی جەستەم كە بەرگەگرتنی زۆر زەحمەتە، ناچارم رێنماییەكانی پزیشك جێبەجی بكەم و بحەسێمەوە». مادۆنا لەم نامەیەدا هۆكار و جۆری ئازارەكانی ئاشكرا نەكرد.
Top