پینیلۆپ كرۆز دژی نەبوونی ئازادیی بیروڕایە
سیناریۆی فیلمی (Wasp Network) لە چیرۆكێكی راستەقینە وەرگیراوە، كە باس لە تۆڕێكی سیخوڕانی كووبا دەكات لە شاری میامیی ئەمریكی، پینیلۆپ لەم بارەوە دەڵێت: «لە میانەی بەشداریكردنم لە فیلمەكەدا هەستم بە كرانەوەیەكی زۆر نەكرد لە بواری ئازادیی رادەربڕین و خستنەڕوو و ئاشكراكردنی داخوازی و پێداویستییەكان، بەتایبەتی لە وڵاتی كووبا كە فیلمەكە تیشكی خستۆتە سەری، ئەمەش زۆر نیگەرانی كردم».
كروز دەربارەی بابەتی ئازادیی رادەربڕین زیاتر گوتی: «پێموایە ئێمە لە سەردەمێكین و گەیشتووینەتە ئاستێك كە مرۆڤ لە هەر شوێنێكی جیهان پێویستە زۆر بە ئازادانە گوزارشت لە بیر و ڕاكانی خۆی بكات، بەتایبەتی لە وڵاتێكی سەرنجڕاكێش و جوانی وەك كووبا، چونكە لە ماوەی مانەوەم لەو وڵاتەدا هەستم كرد كە خەڵكەكەی شایەنی ئازادیی زیاترن، ئەوان كەسانی سادەن و خاوەن دڵێكی گەورە و بەهای مرۆڤایەتین، لێرەدا بە پێویستی دەزانم كە بانگەوازێك ئاراستەی گشت سەركردەكانی جیهان بكەم، كە نابێ بە هیچ شێوەیەك ئازادیی رادەربڕین لە هاووڵاتیان زەوت بكرێت، چونكە بەپێی پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ و نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەمە مافێكی سەرەتایی ژیانە و نابێ هیچ مرۆڤێك لێی بێبەش بكرێت».
جێگای ئاماژە بۆكردنە، یپنیلۆپ كرۆز بە رەچەڵەك ئیسپانییە و تا ئێستا بەشداریی لە دەیان فیلمدا كردووە و رۆڵێ پاڵەوانی هەبووە، هەروەها لە ساڵی 2008 لە فیلمی (فیكی كریستیان بەرشەلۆنە) خەڵاتی ئۆسكاری باشترین ئەكتەر ئافرەتی یاریدەدەری بەدەستهێناوە. بە ناوبانگترین فیلمەكانی بریتین لە (چەتەكانی دەریا) هەردوو بەشی دەریا سەیروسەمەرەكان ساڵی 2011 و ئاسمانی فانیلا لە ساڵی 2001 (فەریدا كاهلو) و چەندین فیلمی دیكە.