كێشەی محەمەد ڕەمەزان و فڕۆكەوانەكە تەشەنەی سەندووە

كێشەی محەمەد ڕەمەزان و فڕۆكەوانەكە تەشەنەی سەندووە
دوای تێپەڕ بوونی ماوەیەكی زۆر بەسەر كێشەی فڕۆكەوانەكەو گۆرانیبێژی میسری (محەمەد ڕەمەزان), لە ئێستادا دیسانەوە لە ڕۆژنامەو میدیاكانەوە باسی لێوە دەكرێت .

محەمەد ڕەمەزان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك پۆستێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند كە كاپتن (ئەشرەف ئەبو یوسر)ی فڕۆكەوان داوای نۆ ملیۆن و نیو جونەیهی میسری لێكردووە وەكو قەربوویەك چونكە بە هۆیەوە لە كارەكەی دەركراوە, بۆیە بڕیارەكەی بۆ جەماوەر بە جێهێشت, لە دواییدا زۆرینە لەگەڵ ئەوەدابوون كە محەمەد ڕەمەزان ئەو پارەیە بدات بە فڕۆكەوانەكە, بۆیە محەمەد ڕەمەزان ناچاربوو پۆستەكە لابدات و لە پۆستێكی دیكەدا ئەوەی بڵاو كردەوە كە ئەو داواكارییەكەی جێبەجێ دەكات .

هەر لەم بارەیەوە لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی لە گەڵ فڕۆكەوان (ئەشرەف ئەبو یوسر) ئەنجامدرا, كە ڕایگەیاند ئەو داوای قەرەبووی لە محەمەد ڕەمەزان نەكردووە و ئەو قسانە دوورن لە ڕاستییەوە, هەروەها زیاتر جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە ئەو پیشە و پێگە كۆمەڵایەتییەكەی لەلا گرنگترە و ساڵانێكی زۆرە وەكو فڕۆكەوان دامەزراوە و پابەندی یاسا و ڕێنماییەكان بووە, وە سەبارەت بەو كورتە ڤیدیۆیەی كەلە ماوەكانی ڕابردوو بڵاوكرایەوە كە تێیدا محەمەد ڕەمەزان دەردەكەوێت و فڕۆكەكەی بە دەستەوەیە, (ئەشرەف ئەبو یوسر) ڕایگەیاند كە ئەو هونەرمەندە ڕاستی لەگەڵ نەكردووە و پێی ووتوە كە تەنها وێنەیەك دەگرێت, هەروەها سەبارەت بە دوور خستنەوەی لە كارەكەی كە ئێستا مۆڵەتی كاركردنی لێ وەرگیراوەتە و ناتوانێت لە ناو میسر و دەرەوەش كار بكات, كاپتن ئەشرەف ڕایگەیاند كە محەمەد ڕەمەزان بە هیچ شێوەیەك پەیوەندی پێوە نەكردووە و لەبارو گوزەرانی نەپرسیوە, وە ئاماژەی بەوەدا كە محەمەد ڕەمەزان بەهۆی كلیپ و هەڵسوكەوتە نەشیاوەكانیەوە چەندین جار دەسەڵات ڕەخنەی لێگرتووە بەڵام لێپرسینەوەی لەگەڵ نەكردووە, بەم هۆیەوە ئەم فڕۆكەوانە ڕایگەیاند كە ئەو سكاڵا لەسەر محەمەد ڕەمەزان تۆمار دەكات و لە داداگا مافی خۆی وەردەگرێتەوە .

دوابەدوای لێدوانەكانی هەردوو لا..لە ئێستادا ئاڵۆزییەك درووست بووە, محەمەد ڕەمەوان كورتە ڤیدیۆیەكی لە ئەكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئانستگرام بڵاوكردووەتەوە كەلە ژووری نەشتەرگەری دەردەكەوێت و بە شێكی جەستەی بریندارە, لەسەر ئەو ڤیدیۆیە كومێنتێكی نووسیوە و دەڵێت: (ئەو پزیشكەی كە وێنەی گرتم لە كارەكەی دوور خرایەوە), ئەم پۆستە بووە هۆی تووڕە بوونی جەماوەرەكەی و هەموو داوای ئەوە دەكەن كە ئەو كۆمێنتە لا بدات و پەیوەندی بەو فڕۆكەوانەوە بكات تا هاوكاری بكات .
Top