كانجانا: لە پێناو خوشكەكەم زۆر رۆڵم قبوڵ كرد

كانجانا: لە پێناو خوشكەكەم زۆر رۆڵم قبوڵ كرد
خانمە ئەكتەری ناسراوی بۆڵیۆد (كانجانا رانۆت) لە دیمانەیەكدا باسی لە چەند لایەنێكی نهێنیی ژیانی تایبەتیی خۆی كرد، لەوانە هەوڵەكانی بۆ بەدەستهێنانی چەند رۆڵێك لە سەرەتای ژیانی هونەرییدا، بۆ ئەوەی بتوانێت پارەی چارەسەری خوشكەكەی دابین بكات.
لە سەرەتای چوونە ناو بواری هونەرییەوە خوشكی كانجا رووبەڕووی هێرشێك بۆوە بە ئەسید، كە بووە هۆی شێواندنی بەشێكی زۆری رووخساری، لەم رووەوە كانجا دەڵێت كە ئەو هێرشە كاریگەرییەكی نەرێنیی زۆری لەسەر ژیانم هەبوو، چونكە من لە سەرەتای كاروانی هونەریمدا بووم و هێشتا بە تەواوی ناسراو نەبووم، بۆیە ناچار بووم بە چەند رۆڵێك رازی بم، كە ئێستا بە قێزەوەنیان دەزانم، تەنیا بۆ دابینكردنی پارەی چارەسەری خوشكەكەم.
لەم دیمانەیەدا كە لەگەڵ گۆڤاری (مۆمبای میرۆر) ئەنجامی دا، كانجانا دەربارەی سەرەتاكانی ژیانی هونەری و خەباتكردن بۆ رزگاركردنی خوشكی دەڵێت: «تەمەنم هێشتا نۆزدە ساڵان بوو و لە سەرەتای كاروانی هونەریم بووم، بۆیە بۆ من زۆر سەخت بوو كە رووبەڕووی ئەو بارودۆخە ببمەوە، لە رووی ماددییەوە هێشتا هەژار بووم، بەڵام دەبوو واقعییانە مامەڵە لەگەڵ ئەو بارودۆخەدا بكەم و كاتی ئەوەم نەبوو دانیشم و بگريم، ناچار بووم هەندێك لە فیلمەكانمدا چەند رۆڵێكی سەرنجڕاكێش ببینم، كە شایەنی من نەبوون، ناچار بووم وەك میوان بەشداری لە چەند فیلمێكدا بكەم، هەر ئەوەش بوو وایكرد كە خوشكم لەلای باشترین پزیشكەكان چارەسەر بكەم، لەو ماوەیەدا 54 نەشتەرگەریی بۆ ئەنجامدرا».
لە كۆتایی دیمانەكەیدا كانجانا دەڵێ: «بە خۆڕاگری و خۆشەویستیم بۆ خوشكم ئەو دۆخە سەختەی كە زۆر بە زەحمەت تێم پەڕاند، ئێستاش بە هۆی ئەو ئەزموونەوە بووم بە ئافرەتێكی سەربەخۆ و بە هێز».
Top