ئایە حەسەن: هەرگیز بە بیرمدا نەهاتبوو ببمە نمایشكاری جلوبەرگ

ئایە حەسەن: هەرگیز بە بیرمدا نەهاتبوو ببمە نمایشكاری جلوبەرگ
سەرەڕای دۆخی نالەباری رۆژئاوای كوردستان، بەڵام لە بوارە جیاجیاكانی هونەردا كەسانی بە توانای و لێهاتوو لەو پارچەیەی كوردستان هەڵكەوتوون، كە شوێنپەنجەیان دیارە، هەرچەندە بەشێكیان پەرتەوازەی ئەوروپا و وڵاتانی دنیا بوون كەچی لەوێش كۆڵیان نەداوە و وێنەیەكی جوانیان پێشكەش كردووە، ئایە حەسەن یەكێك لەو كچە رۆژئاواییانەیە كە نمایشكاری جلوبەرگ و دیزاینەری جلوبەرگی كوردییە، لە هەمان كاتدا لە چەند كلیپێكیشدا وەك ئەكتەر دەركەوتووە، لە دیمانەیەكدا ئایە حەسەن تیشك دەخاتە سەر چەند لایەنێكی تایبەتی ژیانی خۆی.

سەرەتا خۆی دەناسێنێت و دەڵێ: ناوم ئایە حەسەنە و خەڵكی رۆژئاوای كوردستانم و ماوەی شەش ساڵە لە هۆڵەندا دەژیم، قوتابیی بەشی پەرستاریم، لە بواری مۆدێل و نمایشكاریی جلوبەرگیشدا كار دەكەم، وەكو ئەكتەر بەشداریم لە چوار ڤیدیۆكلیپی هونەرمەندانی كورد كردووە، بۆ چەند ماركەیەكی جلوبەرگیش لە هۆڵەندا كارم كردووە.
ئایە تیشك دەخاتە سەر ئەوەی چۆن رووی لە بواری مۆدێل و نمایشكاری جلوبەرگ كرد و دەڵێ: «دەتوانم بڵێم ئەمە بە رێكەوت بوو، چونكە فۆتۆگرافەرێكی برادەرم پێشنیازی بۆ كردم و منیش لە رێگەی ئەوەوە هاتمە نێو كایەی هونەری فۆتۆفاشن، خۆشبەختانە هەر زوو توانیم سەرنجی دیزاینەر و براندەكان رابكێشم، لە چەند نمایشێكی جلوبەرگ لە هۆڵەندا بەشداریم كردووە، ئەمەش دەرگایەكی دیكەی لەسەر كارەكانی من كردەوە و تاوەكو ئێستاش لەم كارە بەردەوامم.
ئاماژە بەوەش دەكات كە خانەوادەكەی هاوكاریی زۆریان كردووە و لەو بوارەوە رۆڵی دایك و باوكی بە سەرەكی دادەنێت و دەڵێ: «دایك و باوكم و براكانم پاڵپشتی منیان كردووە و بە خۆشحاڵییەوە پێشوازیان لە كارەكەم كرد، چەند كەسێكیش لە هاوڕێ و خزم و كەسوكارم هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵمدا بوون و بەشداربوون لە سەركەوتنم. بێگومان ئەگەر بنەماڵەكەم هاوكارم نەبوونایە، هیچ كارێكم سەركەوتنی بەدەست نەدەهێنا، هەرچەند كاركردن لە ئەوروپا ئاسان نییە، بەڵام من لەگەڵ ئەوەشدا دەخوێنم و كاری نمایشكاری و رۆڵبینین لە نێو كلیپە كوردییەكانیش دەكەم، توانیومە هاوسەنگییەك لە نێوان كارەكەم و خوێندنەكەم رابگرم».
ئەم كچە نمایشكارە لە نوێترین ڤیدیۆ كلیپی هونەرمەند شەیدا رۆڵی هەیە و لەو بوارەوە دەڵێ: «جیاوازییەكی زۆر لە نێوان تەمەنی من و هونەرمەند شەیدا هەیە، بەڵام ئەو حەزیكرد كە بەشێوازێكی نوێ كار لەسەر ئەم كلیپە بكات، لەلایەن بەڕێوەبەری كارەكانی هونەرمەند شەیداوە پەیوەندیم پێوە كرا بۆ ئەوەی وەكو ئەكتەر بەشداری لەم كلیپەدا بكەم، منیش بە خۆشحاڵییەوە ئەو داوایەم قبوڵ كرد، چونكە هونەرمەندێكی مەزنە و هەموو كەسێك چانسی ئەوەی نییە لە نێو كلیپەكانیدا رۆڵ ببینێ، لە هۆڵەندا كاری وێنەگرتنی كلیپەكەم كرد، هونەرمەند شەیداش لە ئەڵمانیا كاری وێنەگرتنی خۆی كرد، بەشێوەیەكی زۆر جوان و پڕۆفیشناڵانە كلیپەكە تەواوكرا و دواتریش بڵاوكرایەوە. ئەم كلیپە دەنگدانەوەیەكی زۆری هەبووە و لە رۆژئاوای كوردستان زۆر بڵاوبووەتەوە و بەدڵیان بووە».
سەبارەت بە نمایشكردنی جلوبەرگی كوردی لە ئەوروپا ئایە دەڵێت: «بەداخەوە ئەو دەرفەتەم بۆ نەڕەخساوە بە جلی كوردییەوە لە ئەوروپا نمایش بكەم، لەبەر ئەوەی دیزاینەری جلوبەرگی كوردی كەمن و كۆنتاكتمان نییە، هەروەها هیچ كەسێكیش داوای لێ نەكردووم كە جلوبەرگی كوردی نمایش بكەم، خۆتان دەزانن نمایشكردنی جلوبەرگ دەبێت دیزاینەر و دەزگای تایبەت سەرپەرشتیی بكات. من تەنیا وەكو نمایشكارێك بەشداری دەكەم، زۆر خۆشحاڵ و شادومان دەبم بە كارێكی وەها، هیوادارم ئەم دەرفەتە دروست ببێت لە شارەكانی ئەوروپا جلوبەرگی كوردی نمایش بكەم.
لێرەدا دەمەوێ ئاماژە بە خاڵێكی گرنگ بكەم ئەویش ئەوەیە كە هۆڵەندییەكان جلوبەرگی كوردییان زۆر پێ جوانە، زۆر شەیدای رەنگ و ستایلی جلوبەرگی كوردین، من هەمیشە لە بۆنەكاندا جلی كوردی لەبەر دەكەم، ئەوانیش زۆر پرسیار لەبارەی ئەم جلوبەرگانە دەكەن، حەز دەكەن بیپۆشن، هۆڵەندییەكان زۆر رێز لە كولتوور و نەریتی كوردی دەگرن و تێكەڵمان دەبن، لە بۆنە كوردییەكاندا بەشداری دەكەن، بەگشتی كوردیان خۆشدەوێت، بۆیە بەشێكی زۆریان زانیارییان لەسەر كولتوور و هونەری كوردی بەگشتی هەیە.
سەبارەت بەوەی كە ئایا زیاتر كام ستایلی جلوبەرگی لا جوانە و بەردەوام حەز دەكات نمایشی بكات، ئایە دەڵێ: «هەڵبەتە جگە لە جلوبەرگی كوردی، حەزم لە نمایشكردنی جلوبەرگی بووكانە، یەكەم نمایشی جلوبەرگم بە جلوبەرگی هیندییەوە بوو، حەز دەكەم هەموو جۆر و ستایلێكی جلوبەرگ تاقی بكەمەوە، تێكەڵی هەموو كولتوورەكانی جیهان ببم، چونكە لە هەر كولتوورێك شتێك فێردەبم. هەموو كولتوورێكیش لە جلوبەرگدا جوانی و تایبەتمەندیی خۆی هەیە».
لە پرسیارێكدا كە ئایا لە ئەوروپا هیچ ئەكادیمیایەك هەیە نمایشكار بەشێوەیەكی زانستی و ئەكادیمی پەروەردە بكات، ئایە دەڵێت: «بەڵێ، لە هۆڵەندا ئەكادیمیا هەیە كە بە شێوەیەكی زانستی و ئەكادیمی خەڵك فێری چۆنیەتی نمایشكردنی جلوبەرگ و رۆیشتن لەسەر ستەیج و تەنسیقی رەنگەكان دەكەن و مەرج و رێنماییەكانی نمایشكاری سەركەوتوو دەخوێنی، بەڵام بەڕاستی من كاتم نەبووە بۆ ئەوەی لەو ئەكادیمیایە بخوێنم، هەڵبەتە من وەكو هەموو نمایشكارە جیهانییەكان دەخوازم بەناوبانگ بم، رەنگە ئەمە ئەستەم نەبێت، بەڵام پێویستی بە هەوڵ و ماندووبوونێكی زۆر دەبێت، من بەشداریم لە هەفتەی نمایشی هۆڵەندی كردووە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا كەسێكی وانەبووە بە جلوبەرگی كوردییەوە بەشداری لەم نمایشانەدا بكات، حەزم دەكرد بە جلوبەرگی كوردی جگە لە هەفتە نمایشی هۆڵەندا لە نمایشی وڵاتانی ئەوروپا بەشداری بكەم، هیوادارم ئەو رۆژە ببینم.
Top