بەرهەمە نوێیەكەی لیدی گاگا دزرا
یەكێك لەو هونەرمەندانەی كە بەرهەمەكەی بەر لە بڵاوكردنەوەی دزراوە لەیدی گاگایە، كە گۆرانییەكی بە ناوی (Stupid Love)ـە، لەم رووەوە گاگا لە نامەیەكدا داوای لە جەماوەر و هەوادارانی خۆی كردووە كە بە هیچ شێوەیەك گۆرانییە نوێیەكەی بڵاو نەكەنەوە كە یەكێكە لە گۆرانییەكانی شەشەمین ئەلبوومی، چونكە تا ئێستا ئەو هیچی بڵاو نەكردۆتەوە و ئەو گۆرانییەش دزراوە، گاگا لە نامەكەیدا وێنەیەكی گۆرانییە دزراوەكەی نمایش كرد.
دزینی گۆرانییە نوێیەكەی گاگا وەك شۆك و سوپرایزێكی چاوەڕاوان نەكراو بوو بۆ هەوادارانی، چونكە یەكەم جارە تووشی ئەم رووداوە ببێتەوە، گاگا لە نامەكەیدا دەڵێ: «ئەو كەسانەی كە گوێ لەو گۆرانییە دەگرن و بۆ یەكتری دەنێرن، یان بڵاوی دەكەنەوە، بێگومان ئەوە هانی دزینی زیاتری بەرهەمی هونەرمەندان و ئەو كەسانە دەدەن كە ئەو كارە نەشیاوانە بەرامبەر بە هونەرمەندان ئەنجام دەدەن.
ئەوەی مایەی سەرنجی جەماوەری گاگا بوو، گۆرانیی (Stupid Love) یەكێك لەو گۆرانییانەی كە ئێستا گاگا لە چوارچێوەی ئەلبوومە نوێیەكەیدا كاریان لەسەر دەكات، كە بڕیار وایە لە مانگی شوباتدا بڵاوی بكاتەوە.