ناجیە سەلیم: گەلان لە رێگای سینەماوە پەیامی مرۆڤایەتی و سیاسیی خۆیان بە جیهان دەگەیەنن
دەربارەی جیاوازیی نێوان كورتە فیلم كە ئێستا زۆربەی سینەماكارە كوردەكان روویان تێ كردووە لەگەڵ فیلمی درێژ، ناجیەە ئەمە بە كارێكی ئاسایی دەزانێت و دەڵێت: «بێگومان فیلمی درێژ ئەرك و ماندووبوون و خەرجییەكی زۆری پێویستە، ئەمەش رەنگە بۆ بارودۆخی سینەماكاری كورد تا راددەیەكی زۆر سەخت بێت، هەروەها دەبێ ئەوەش لە بیر نەكەین كە كاركردن لە كورتە فیلمدا بۆ سینەماكاران وەك ئەزموونێكی باش دەبێت، دوای كاركردن لە چەند فیلمێكی كورتدا ئامادەیی باشیان دەبێت بۆ ئەوەی لە فیلمی بەرزدا كار بكەن، هەرچەندە كورتە فیلمیش كارێكی ئاسان نییە، چونكە دەرهێنەر پێویستە لە ماوەی چەند خولەكێكدا و بە ژمارەیەكی زۆری ئەكتەرەوە پەیامی خۆی بە تەواوەتی بگەیەنێت و ئەو كێشەیەی كە مەبەستیەتی بیخاتە روو و چارەسەریشی بۆ بدۆزێتەوە، هەروەها پێویستە ئاماژە بەوەش بكەین كە لە چەند ساڵی رابردوودا بواری كورتە فیلم لە كوردستان پێشكەوتنێكی باشی بەخۆیەوە بینیوە و سینەماكارە كوردەكان كاری جوانیانی پێشكەش كردووە، ئەوەی جێگای خۆشحاڵییە كە لە ئێستادا لە بواری ئەنیمەیشنیش لە كوردستان كاری زۆر جوان پێشكەش دەكرێت كە لە بۆنە نێودەوڵەتییەكانیشدا خەڵاتیان بەدەست هێناوە و پەرە بە كارەكانیان دەدەن.
ناجیە دەربارەی ئەو پەیامەی كە دەیەوێ لە رێگەی سینەماوە بێگەیەنێت دەڵێت: «من لە منداڵییەوە حەز و خولیای سینەما لە ناخمدا هەبوو، ئەوەی زیاتر هانیدام ئەوە بوو كە خانەوادەكەم رێگرییان لێ نەكردم و بوونە هۆی ئەوەی لەو بوارەدا زیاتر خۆم ماندوو بكەم، هەروەها سەبارەت بە گرنگیی سینەماش ئێستا ئێمە دەبینین لە جیهاندا سینەما بە یەكێك لە بەرزترین و كاریگەرترین هونەر دادەنرێت، زۆربەی گەلان و وڵاتە پێشكەوتووەكان لە رێگای سینەماوە پەیامی مرۆڤایەتی و سیاسیی خۆیان دەگەیەنن و دەیانەوێ سەرنجی جیهان بۆ كێشەیەك رابكێشن، مێژووی ئێمەی كورد پریەتی لە بابەتی كۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتیی جۆراوجۆر كە هەر یەكیان بابەتێكی سینەمایی سەربەخۆن، ئەگەر بتوانین سوودیان لێ ببینین، بەتایبەتی لەرووی كۆمەڵایەتییەوە دەتوانین كێشەكان بخەینە روو، لە هەمان كاتدا چارەسەریشیان بۆ بدۆزینەوە».
ناجیە یەكێكە لەو ئافرەتانەی كە سەرەڕای سەختی كارەكان لە سینەماوە رووی لە گۆرانیگوتن كردووە، بەڵام ئەو پێی وایە بۆ كارێكی زۆر ئاساییە كە لە هەمان كاتدا لە هەردوو بواری سینەما و گۆرانیدا كار بكات، لەو بارەشەوە دەڵێت دەڵێت: «هەر لە منداڵییەوە هەستم دەكرد كە خودای گەورە بەهرەی دەنگخۆشیی پێ بەخشیوم، بۆیە وەك حەزێك بوو بۆ من و هەمیشە بەدوای ئەو دەرفەتەدا دەگەڕام كە بتوانم وەك گۆرانیبێژێك خۆم ببینمەوە، لە هەمان كاتدا من وەك سینەماكارێك هاتمە نێو بواری هونەرییەوە، بۆیە بۆ من كارێكی ئاساییە، چونكە زۆر جار گۆرانی و موزیك بە ناسنامەی هەر نەتەوەیەك دادەنرێن وپێی دەناسرێتەوە و گۆرانیی هەر نەتەوەیەك تایبەتمەندیی خۆی هەیە، بەڵام سینەما هونەرێكی جیهانییە و هەرچەندە هەر نەتەوەیەك هەوڵ دەدات مۆركی خۆی پێوە دیار بێت و بە فیلم گوزارشت لە مێژوو و كەلتووری خۆی بكات، بەڵام لە رووی تەكنیكەوە سینەمای هەموو نەتەوەكان زۆر شتی هاوبەشیان هەیە، بۆ من لە جیاتی ئەوەی یەكیان ببێتە رێگر لە بەردەم بوارەكەی دیكە و كاریگەریی سلبییان لەسەر من هەبێت، رەنگە ببێتە هۆكاری ئەوەی بتوانم پەرە بە تواناكانی خۆم بدەم لە هەردوو بوارەكە و یەكیان ئەویتر تەواو بكات».
دەربارەی بابەت و ناوەرۆكی كورتە فیلمەكانی، ناجیە ئاماژە بەوە دەكات كە كۆمەڵگەی كوردەواری بابەتگەلێكی زۆری تێدایە كە رۆژانە دووبارە دەبنەوە و بابەتی گرنگن بۆ سینەما، بەتایبەتی لە بواری كۆمەڵایەتییەوە، بۆئەم مەبەستەش گوتی: « كۆمەڵگای كوردەواری و مێژووی كوردی پڕە لە بابەتی گرنگ بۆ سینەما ئەگەر بتوانین وەك سینەماكار سوودی لێ وەربگرین، بەتایبەتی كێشە كۆمەڵایەتییەكان و لەوانەش كێشە و ئاریشەكانی ئافرەتی كورد، چونكە تا ئێستا زۆر لە كێشەكانی ئافرەتان پێویستیان بە چارەسەر هەیە، تا ئێستاش ئافرەتی كورد لە هەموو پارچەكان بە پشت بەستن بە دابونەریتە كۆمەڵایەتییە باوەكان دەكوژرێن، یان خۆیان دەسووتێنن، ئەمانەش بابەتی گرنگن بۆ ئەوەی لە سینەمادا كاریان لەسەر بكەین و سینەما بكەین بە هۆكارێك بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆیان، تاكو كۆمەڵگە دووربێت لە هەموو جۆرەكانی توندوتیژی و ئافرەتیش لە پێشكەوتنی كۆمەڵگە رۆڵی خۆی ببینێت، نەك بە كێشەیەك دابنرێت لە نێو كۆمەڵگە».
بەشێكی زۆری كارەكانی ناجیە سەلیمی لە هەرێمی كوردستان پێشكەش كراون و ناسراون، وەك خۆی دەڵێت: «بێگومان لە چەند ساڵی رابردوودا هەرێمی كوردستان گۆڕەپانێكی گرنگ و سەرەكی بووە بۆ گشت سینەماكارانی كورد لە هەموو پارچەكان لە بەرهەمهێنانی فیلم و یارمەتیدانی سینەماكاران و بوار پێدانیان، ئەمەش بووە هۆی دەركەوتنی چەندین ئەكتەر و بەرهەمهێنانی سەدان دەیان فیلم كە بەشێكی زۆریان خەڵاتی نێودەوڵەتییشیان بەدەست هێناوە، بەڵام لەگەڵ قەیرانی ئابووری و هێرشی تیرۆریستانی داعش تا راددەیەكی زۆر ئەم پێشكەوتنە وەستا، هیوادارم بارودۆخی هەرێمی كوردستان لە هەموو روویەكەوە ئاسایی ببێتەوە و هەرێمی كوردستان ئەو پێگە هونەرییەی خۆیی بۆ بگەڕێتەوە.