جنیڤەر رووبەڕووی دادگا دەكرێتەوە
بەپێی ئەو بەڵگانەی دادگا كە دەست رۆژنامەی The Blast كەوتوون، كۆمپانیاكانی Nuyorican Productions وSTX Entertainment وGloria Sanchez Productions وPole Sisters LLC كە كۆمپانیای بەرهەمهێنانی فیلمەكەی جنیڤەرن، رەنگە سزا بدرێت بە بڕی 40 ملیۆن دۆلار، ئەویش دوای ئەوەی كە ئافرەتێك بە ناوی (سامانسا بارباس) سكاڵای پێشكەش بە دادگا كردووە و دەڵێ بیرۆكەی كەسایەتی خانمە ئەكتەر رامۆنا لە فیلمەكە بۆ ئەو دەگەڕێتەوە.
رۆژنامەكە ئەوەشی راگەیاندووە كە فیلمەكە باس لە ئافرەتێك دەكات بە ناوی سامانسا كە لە یانەكانی شەوانەی نیۆیۆرك كار دەكات، بەرهەمهێنەرانی فیلمەكە پەیوەندییان بە بارباش كردووە بۆ ئەوەی دەستبەرداری مافی خۆی ببێت تا دەست بە وێنەگرتنی فیلمەكە بكەن، بەڵام ئەو رازی نەبووە كە واژۆ لەسەر دەستبەرداربوونی لە مافی خۆی بكات، هەروەها كۆمپانیاكە بەوە تاوانبار دەكات كە لە فیلمەكەدا شێوە و روخساری و چیرۆكی ژیانی ئەویان بەكار هێناوە، لە لایەكی دیكەوە فیلمەكە باس لەوە دەكات كە لەگەڵ منداڵێكدا ژیاوە و لە ماڵی خۆیدا كەلوپەلی نایاسایی بەكارهێناوە، بەڵام سامانسا دەڵێ ئەو چیرۆكانە دوورن لە راستییەوە و مایەی شەرمەزارین، بۆیە رازی نەبووە بەوەی لە فیلمەكەدا باس بكرێت، بەڵام بێ ئەوەی رەزامەندیی لەسەر بدات كۆمپانیاكە دەستی بە وێنەگرتنی كردووە.
جیێگا ئاماژە بۆكردنە كە سامانسا داوای بڕی 20 ملیۆن دۆلار دەكات وەك قەرەبوو و 20 ملیۆن دۆلاریش وەك سزا، هەروەها داوا دەكات كە گشت كۆپییەكانی فیلمەكەی پێ بدەن و بە هیچ شێوەیەك بڵاو نەكرێتەوە.