جاك ئاژەڵە دەگمەنەكان رزگار دەكات
ماڵپەڕی فەرمیی دەزگای ئۆسكار رایگەیاند كە لیۆناردۆ بڕیاری داوە بڕی (15.6) ملیۆن دۆلار بۆ پاراستن و رزگاركردنی ئاژەڵە دەگمەنەكان ببەخشێت، ئەویش لە رێگای ئەو دەزگا خێرخوازییەی كە بە ناوی خۆیەتی و ئەركی بریتییە لە رزگاركردنی ژیانی وشكانی لە جیهان، بەتایبەتی ئەو ئاژەڵە دەگمەنانەی كە مەترسیی لە ناوچوونیان لەسەرە.
لیۆناردۆ لەسەر ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە ئەنستاگرام وێنەی كەنگۆرۆیەكی بڵاوكردۆتەوە كە لە نێو ئاگردا گیری خواردووە، لە پۆستێكدا جەختیشتی لەسەر یارمەتیدانی گەلی ئۆسترالیا كردەوە بۆ كۆتاییهێنان بە كارەساتی ئاگركەوتنەوەی دارستانەكانی ئەو وڵاتە و هەڵوێستی نێودەوڵەتییشی بە كەمتەرخەم وەسف بۆ رزگاركردنی ئەو دارستان و ئاژەڵانەی رووبەڕووی كارەساتەكە بوونەتەوە، كە مەترسییەكی زۆر نەك تەنیا لە ئۆسترالیا، بەڵكو لە سەرتاسەری جیهاندا لەسەر هاوسەنگی دروست دەكات.
لیۆناردۆ هەروەها نووسیویەتی: «ئۆسترالیا دەسووتێ، هاوین بە بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما دەستی پێكرد، كە گەیشتە نزیكەی پەنجا پلە، وشكەساڵییش رووی لەو وڵاتە كردووە، ئەمەش بووە هۆی لەناوچوونی نزیكەی نیو ملیار ئاژەڵ و هەزاران خانووی هاووڵاتیان سووتا و چەندین كەسیش گیانیان لە دەست داوە، ئەم ئاگرانە بوونە هۆی بڵاوبوونەوەی بڕێكی زۆری دووەم ئۆكسیدی كاربۆن و دووكەڵێكی رەش هەموو ناوچەكە و رووبارە بەستووەكانی نیوزیلەندای داپۆشیوە ئەمەش دەبێتە هۆی زوو توانەوەی سەهۆڵبەندانی جەمسەرەكان، ئەم هەموو كارەساتانە روویانداوە و بەداخەوە هیچ كارێكی سیاسی نێودەوڵەتییشمان نەبینی بۆ رزگاركردنی ئوسترالیا و رێگرتن لە تەشەنەسەندنی ئاگرەكە، تا ئێستاش سەركەوتوو نەبووین لەوەی بیسەلمێنین كە قەیرانی ژینگەیی و زۆربوونی رووداوە ئاسمانییەكان و كارەساتە سرووشتییەكان پێكەوە بەندن.