لە ھەولێر پێنجەمین خوولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆر ساز دەکرێت
ئەو فێستیڤاڵە ساڵانە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە میوانانی شارەکانی کوردستان و خوارووی عێراق و بەشێک لە وڵاتانی جیھان بەڕێوەدەچێت، ئامانجیش لە سازدانی فێستیڤاڵەکە گەیاندنی پەیامی ئاشتیە و سڕینەوەی وشەی تیرۆرە لە ھەرێمی کورستان وەک ناوچەیەکی ھاوپەیمان لەگەڵ وڵاتانی جیھان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
(پشتیوان عەبدوڵا) ڕێکخەری فێستیڤاڵەکە ڕایدەگەیەنێت: پەیامی ئێمەی ھونەرمەند و فیلمساز داکۆکیی کردنە لەو کەشە سەقامگیرییەی کە لە ھەرێمی کوردستان بەدی دەکرێت و ھاوشان لەگەڵ وڵاتە ھاوپەیمانەکانی کورد ساڵانە ئەو فێستیڤاڵە ساز دەکەین، کە سەرجەم فیلمە بەشداربووەکانی ئەو فێستیڤاڵە باس لە نەھامەتی و ڕووی ناشیرینی تیرۆر دەکەن، کە ئێستا ڕووبەڕووی بەشێک لە وڵاتان بووەتەوە، ئێمەش دەمانەوێت لە ڕێگەی فیلمەکانەوە ئاڵای ئاشتی ھەڵکەین و بە جیھان بڵێین ئێمەش وەک گەلانی دنیا تامەزرۆیی ئەو سەقامگیرییەین، کە لە ھەرێمی کوردستان ھاتووەتە ئاراوەو بە فیلمیش بەرەنگاری تیرۆر دەبینەوە.
گوتیشی: فێستیڤاڵەکە 4 ڕۆژ لە پایتەختی کوردستان بە ئامادەبوونی میوانانی بیانی و عەرەب و شارەکانی دیکەی کوردستان و پارچەکانی وەک ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوا و باکوور و باشوور بەردەوامی دەبێت، پاشان لە ڕێگەی لێژنەیەکی پسپۆڕ لە بواری فیلمسازی و لێژنەی دادوەری خەڵات دەبەخشرێتە بەشداربووان، ھاوکات ڕێز لە توانا و بەخششی ئەو ھونەرمەندانەش دەگیرێت، کە ساڵانێکی زۆری تەمەنیان بە ھونەری فیلمسازی بەخشیووە و ئێمەش لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ئەو فێستیڤاڵە ھونەرییە ڕێزیان لێدەگرین.