مەمەد ئەكتاش: یەڵماز گۆنای كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر سینەمای جیهان داناوە

مەمەد ئەكتاش: یەڵماز گۆنای كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر سینەمای جیهان داناوە
مەنسوور جیهانی


مەمەد ئەكتاش سینەماكاری كوردی دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیا و بەڕێوەبەری كۆمپانیای سینەمایی «میتۆس فیلم» سەبارەت بە فیلمی دیكۆمێنتاریی «ئەفسانەی پاشا ناشیرینەكە» The Legend of the Ugly King بە ژیانی سینەماكاری ناوداری كورد یەڵماز گۆنای (Yilmaz Güney) كە لە دەرهێنانی حوسێن تەباك سینەماكاری كوردی دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیایە و لە دوازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی سینەما حەقیقەت Cinema Verite نمایشكرا، گوتی: «ئەم فیلمە لەسەر ژیانی یەڵماز گۆنای باوكی سینەمای كوردییە كە ماوەی حەوت ساڵ كاتی خایاند تاكو ئامادەبكرێت، زۆر خۆشحاڵم كە لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی «سینەما حەقیقەت» پێشكەش كرا، سینەمای ئێران لە ئاستی دنیادا پێگەیەكی تایبەتی هەیە و دەرفەتێكی باشە كە سینەماكارانی ئێرانی بە باشی یەڵماز گۆنای بناسن»، گوتیشی: «سینەمای ئێران بۆتە سینەمایەكی نێودەوڵەتی و ئێستا دۆستێكی باشی سینەمای كوردییە و پێشوازیی یەكجار زۆری سینەماكارانی ئێران بۆ بینینی فیلمی دیكۆمێنتاریی (ئەفسانەی پاشا ناشیرینەكە) منی زۆر خۆشحاڵ كرد، سێ ساڵ پێش ئێستاش فیلمی سینەمایی «رەشەبا» لە فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر نمایشكرا و هەمووی ئەم هەنگاو و پەیوەندییانەش زۆر دڵخۆشكەر و كاریگەن.
ئەم بەرهەمهێنەر كوردە سەبارەت بە كاریگەریی «یەڵماز گۆنای» لەسەر سینەماكارانی ئێران و جیهان گوتی: «لەگەڵ خوالێخۆشبوو «عەباس كیارۆستەمی» لە ڤێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی «كان»ی فەڕەنسا بە تێروتەسەلی قسەمان كرد، ئەو بە منی گوت كە فیلمی سینەمایی (ئومێد) لە دەرهێنانی «یەڵماز گۆنای» زۆر كاریگەری لەسەری هەبووە، هەروەها سینەماكارانی بەناوبانگی ئێرانی وەكوو (ئەمیر نادری و موحسین مەخمەڵباف) كاریگەریی ئەم سینەماكارە كوردەیان بەسەرەوە دیارە و كەڵكیان لێ وەرگرتووە.گوتیشی: «یەڵماز گۆنای یەكەمین دەرهێنەر بوو كە سینەمای كوردی بە دنیا ناساند، كاتێك كە ئێمە فیلمی دیكۆمێنتاریی ئەفسانەی پاشا ناشیرینەكەمان ساز دەكرد، ئێلخاندرۆ گۆنسالێس ئیناریتۆ» Alejandro González Iñárritu دەرهێنەری مەكزیكی فیلمی سینەمایی «بابێل» پێی گوتین كە یەكەمین جار فیلمی «یۆڵ»ی لە سینەماكانی مەكزیك بینیوە، بڕیاریداوە كە ببێتە دەرهێنەر، مارتین ئیسكۆرسیزی بەرهەمهێنەر دەڵێ ئەگەر من پێش ئەوەی كە فیلمی «شۆفیری تاكسی-م ساز كرد، یەڵماز گۆنایم بناسیبایە، بە روانینێكی دیكەوە ئەم فیلمەم ساز دەكرد، دەتوانم بڵێم «یەڵماز گۆنای» كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر سینەمای جیهان داناوە و تا ئێستاش لە قوتابخانە سینەماییەكاندا بەرهەمە هەرمانەكانی ئەو وەكوو وانەی خوێندن دەگوترێنەوە. ئەم بەرهەمهێنەرە بە ئەزموونە سەبارەت بە قۆناعی ئامادەكردنی فیلمی دیكۆمێنتاریی «ئەفسانەی پاشا ناشیرینەكە گوتی: «من پلانی سەرەتایی سیناریۆی فیلمەكەم نووسی و پاشان بە حوسێن تەباك-م دا، كە ئەوكات قوتابی (میشێل هانیكە Michael Haneke ) بوو و لە ئاكادیمیای ئەم سینەماكارە مەزنە سینەمای دەخوێند، ئەو كاتەی كە دەستم بە كاری سینەما كرد زۆرم حەز لێ بوو كە كارێك بۆ یەڵماز گۆنای بكەم، چونكە یەڵماز گۆنای لە سینەمای توركیادا شۆڕشێكی ساز كرد، هەروەها دەستپێكی سینەمای كوردی بوو، كە وەكوو دەرهێنەرێك لە دنیای ئیسلامدا بۆ یەكەمین جار لە ڤێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی «كان» لە وڵاتی فەڕەنسا خەڵاتی گەورەی زێڕینی (چڵە خورمای) بەدەستهێنا». گوتیشی: «تایبەتمەندیی هەرە گەورەی یەڵماز گۆنای ئەوە بوو كە ئەوكاتەی لە زینداندا بوو، لە بەندیخانەوە دیكۆپاژەكانی بۆ یاریدەدەرەكانی دەنارد و ئەوانیش فیلمی سینەمایی (یۆڵ)یان وێنەگرت و بەم شێوەیە دەرهێنانی بۆ ئەم بەرهەمە سینەماییە كرد.»
ئەكتاش لە درێژەی قسەكانیدا باس لە تواناكانی یەڵماز گۆنای دەكات و پێی وایە فیلمەكانی بە شێوەیەك سازكردووە كە هەر نەتەوەیەك لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەیری بكات، خۆی و شوناسی خۆی تیایدا دەبینێتەوە، بۆیە ئەم سینەماكارە كوردە بە هۆی ئەندێشەی مرۆڤایەتییەوە ژیانی خۆی لەدەستدا.
بەڕێوەبەریی كۆمپانیای سینەمایی «میتۆس فیلم»ی ئەڵمانی سەبارەت بە وتەكانی (میشائیل هانیكە) Michael Haneke و (كۆستا گاوراس) Costa-Gavras لەبارەی كەسایەتی و پێگەی یەڵماز گۆنای گوتی: «یەڵماز گۆنای ئەو كاتەی كە لە فەڕەنسا دەژیا لەگەڵ كۆمەڵێك دەرهێنەر لە سینەمای جیهان پەیوەندییەكی دۆستانەی باشی هەبوو، كە یەكێك لەوانە (كۆستا گاوراس) بوو، یەڵماز گۆنای بە تەما بوو لە وڵاتی یۆنان فیلمێكی گەورە بەرهەم بهێنێت. ئەو دەرهێنەرە ناودارە یۆنانییەش بڕیار وابوو هاوكاریی بكات.» كۆستا گاوراس كاتێك كە باسی گۆنایی دەكرد، تەنیا دەگریا و گوتیشی: زۆر هەڤاڵی یەكتری بووین.»
Top