سەمیرە سەعید: خەونی من لە نواندنی شانۆ و سینەما بەسەر چووە
سەرچاوە: (ئەلشەرق ئەلئەوسەت)
* دەڵێن سەرەتا ئامادە نەبووی بەشداری لە بەرنامەی (زە ڤۆیس)دا بكەیت، ئایا وایە؟
- راستە، سەرەتا داوایان لێكردم لە یەكەم وەرزی بەرنامەكەدا بەشداری بكەم، ئەوكات زۆر حەزم دەكرد بەشدار بم، بەڵام لەبەر ئەوەی ئیلتیزامی هونەریی زۆرم هەبوو، وەك سازدانی ئاهەنگ و ئامادەكردنی چەند گۆرانییەك، كارێكی ئاسان نەبوو كە من بتوانم لە یەك كاتدا ئەم هەموو كارە ئەنجام بدەم.
* ئەی دواتر چۆن رازی بووی بەشداری بكەیت؟
-سەرەتا دوودڵ بووم، بەڵام دوای بیركردنەوەیەكی زۆر گەیشتمە ئەو راستییەی كە بەشداریكردنم لەو بەرنامەیەدا بۆ من زۆر گرنگە، چونكە یەكێكە لە پڕجەماوەرترین بەرنامە هونەرییەكان لەسەر ئاستی نیشتمانی عەرەبی، هەروەها دوای سێ ساڵ دەركەوتمەوە و دەرفەتێكی باش بوو، مایەی شانازییە كە بتوانم دەنگ و بەهرەی نوێ هەڵبژێرم.
* بۆچی ئامادە كردنی ئەلبوومێك لای تۆ سەختە و كارێكی زۆری دەوێ؟
- ئەوە بە رێكەوت بووە، چونكە هەر ئەلبوومێك بارودۆخی تایبەتی خۆی هەیە، لە ساڵی 2008 ئەلبوومی (أیام حیاتی)م پێشكەش كرد، دواتر بارودۆخەكە بە تەواوی گۆڕاو بەرهەمهێنەران دووركەوتنەوە و ئامادە نەبوون هچ كاری نوێ پێشكەش بكەن، منیش نەمدەزانی چی بكەم، بیرم لەوە كردەوە كە خۆم بەرهەمهێنەری كارەكانم بم، دواتر ساڵی 2011 شۆڕشی 25 یەنایەر دەستی پێكرد، ناچاربووم چاوەڕێ بكەم، لێرەوە پێویستە جەماوەری من ئەوە بزانن كە دواكەوتنی هەر بەرهەمێكم پەیوەندیی بە منەوە نییە، بەڵكو بارودۆخە كە وا دەكات ئەلبوومەكانم دوابكەن.
* كەواتە هونەرمەندان پەنا بۆ گۆرانی سینگڵ دەبەن بۆ ئەوەی ون نەبن؟
- لە راستیدا سینگڵ چارەسەرێكی مامناوەند و جوانە بۆ خۆپاراستنی هونەرمەند لە دووركەوتنەوە و ونبوون، تا ئەو كاتەی ئەلبوومێكی تەواو بڵاو دەكاتەوە و كەشێكی باش دروست دەكات بۆ مانەوەی پەیوەندیی نێوان هونەرمەند و جەماوەر.
* گرنگترین ئەو ئاواتانە چین كە لە ساڵانی داهاتوودا كار بۆ هێنانەدییان دەكەیت؟
- زۆربەی خەونەكانم لە ژیان بەدیهاتوون، یەك خەون مابوو كە نەمتوانی بەدی بهێنم، ئەویش شانۆگەریی گۆرانی و سینەما، بەڵام هەست دەكەم ئەو ئارەزووەم نەماوە، چونكە هەر كەسێك لە ئێمە لە كاتێكی دیاریكراودا خەونێكی هەیە، ئەگەر كاتەكە تێپەڕی و بەدی نەهات، ئەوا كاتی بەسەر دەچێت، ئێستا هەوڵ دەدەم تەنیا لە رێگای گۆرانییەوە خەونەكانم بەدی بهێنم، ئەویش بە گوزارشتكردن لە چەند كێشەیەك.
* ترست لە تەمەن هەیە؟
- بە هیچ شێوەیەك تەمەن بۆ من گرفت نەبووە و هەمیشە تەمەنی خۆمم ئاشكرا كردووە، دووبارەی دەكەمەوە لە ئێستادا تەمەنم لە سەرووی شەست ساڵییە و لە تەمەنێكی زۆر بچووكیشدا دەستم بە كاری هونەری كردووە، هەست بە ئاسوودەییەكی زۆریش دەكەم، چونكە شارەزاییەكی زۆرم لە گشت بوارەكانی ژیاندا پەیدا كردووە، كاری هەرە سەرەكیم لە ژیاندا ئەوەیە كە دایكێك بم بۆ شادیی كوڕەكەم كە شانازیم پێوە بكات و بۆ نەوەكانی داهاتوو باسم بكات، هەوڵ دەدەم كاتی خۆم بە شێوەیەك رێك بخەم كە هاوسەنگییەك دروست بكەم لە نێوان ژیانی هونەری و دایكایەتییەكی سەركەوتوو بۆ كوڕەكەم.
* دوای دوو ئەزموونی سەرنەكەتووی ژیانی هاوسەری، ئێستا بیر لە پێكهێنانی ژیانی هاوسەرێتی ناكەیتەوە؟
- هۆكاری سەرنەكەوتنی هاوسەرگیریی یەكەم لەگەڵ مۆزیسیانی میسری هانی مهەنا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هەردووكمان لە بواری هونەریدا كار دەكەین، بۆ من پێكهێنانی ژیانی هاوسەرێتی لەگەڵ كەسێك لە بواری هونەریدا كار بكات سەركەوتوو نەبوو، چونكە ناكۆكییە هونەرییەكانی نێوانمان دەگوازرایەوە بۆ نێو ماڵ و كۆتاییان نەدەهات، دواتر ژیانی هاوسەریم لەگەڵ مستەفا نابلسیی بیزنسمانی میسر بوو، بەڵام ئێستا هەردووكیان هاوسەریان هەیە و پەیوەندیی نێوانمان زۆر ئاساییە و یەكتریش دەبینین، من رێزم بۆ هاوسەریی هەردووكیان هەیە و نامەوێ لاپەڕە كۆنەكان هەڵ بدەمەوە و هەستیان بریندار بكەمەوە، من ئێستا لە تەمەنێكدام كە بەرپرسیاریەتیی كوڕەكەم لە ئەستۆ بگرم، هەروەها باوەڕ ناكەم هەڵە بكەم لە هەڵبژاردنی كەسێك، بە لای منەوە گرنگترین جۆری خۆشەویستی ئەوەیە كە بە رۆح بێت، ئەگەر هەستم بەو خۆشەویستییە بكردایە زۆر بە ئاسانی بۆ جاری سێیەم ژیانی هاوسەرێتیم پێك دەهێنا، بەڵام من بە تەنیایی راهاتووم و هیچ گرفتێكم لەم رووەوە نییە.