دیپیكا ستایشی شارۆخان دەكات
فیلمەكە باس لە ئافرەتانی قوربانیی ئەسید دەكات لە هیندستان، لە دیمانەیەكدا دیپیكای تەمەن 33 ساڵ ستایشی فیلمەكەی كرد و گوتی: «باسكردنی ئەم جۆرە بابەتە ئاڵۆزانە كە لە هیندستان خەریكە دەبێتە دیاردە، هەنگاوێكی زۆر پێویستە و دەبێ هەموو لایەك بە جددی هەوڵ بدەن بۆ خستنە رووی هۆكارەكان و كاركردن بۆ نەهێشتنی دیاردەكە، لێرەدا پێویستە سوپاسی شارۆخان و دەزگا خێرخوازییەكەی (میر) بكەین، كە هەوڵ دەدات بۆ دووبارە شیاندنەوەی قوربانیانی ئەم دیاردەیە».
دیپیكا لە دیمانەیەكی گۆڤاری تایمز ئۆف ئیندیائاماژەی بۆ ئەوە كرد كە شارۆخان لەسەر ئاستی تاكە كەسی ئەم كارەی دەستپێكردووە، لەو بارەیەشەوە گوتی: « شارۆخان چەند سالێكە ئەم كارە دەكات، بەڵام بە هیچ شێوەیەك باسی نەكردووە، پێموایە ماوەی چەند ساڵێكە یارمەتیی ماددی قوربانیان دەدات، دڵنیام ئەو ئارەزوو دەكات كاری زۆر گەورەتر ئەنجام بدات، ماوەیەك ون بوو و ئاگام لێی نەما، بەڵام بەم دواییە بەرێكەوت بینیم و گوێم لە هەواڵی كارەكانی دەزگاكەی بوو، بەتایبەتی لە سەروبەندی وێنەگرتنی فیلمی (تشاباك)».
بڕیار وایە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا فیلمەكە نمایش بكرێت و باس لە چیرۆكی ژیانی یەكێك لە قوربانیانی هێرشی ترشی ئەسید بە ناوی لاكسمی ئەگارۆل دەكات.