ساڵی نوێ بۆ ماریا ماری نەهات بوو

ساڵی نوێ بۆ ماریا ماری نەهات بوو
خانمە ئەكتەر و گۆرانیبێژی ناسراو ماریا كاری لە دوا شەوی ساڵی رابردوودا تووشی سوپرایزێكی ناخۆش هاتووە، كاتێك بینی ئەكاوەنتە تایبەتەكەی لە تویتەر هاك كراوە و هاككەرەكەش راستەوخۆ چەندین تویتی دوژمنكارانە و ناشیرینی دژی چەند كەسایەتییەك بڵاو كردەۆتەوە.
زیاتر لە 21،4 ملیۆن كەس سەردانی ئەكاوەنتی ماریا دەكەن، شەوی سێشەممەی 31ی دیسەمبەری ساڵی رابردوو لە ناكاودا چەند تویتێكی سێكسی بڵاوكرانەوە بەتایبەتی دژی گۆرانیبێژی ناسراوی راپ (ئیمینیم) بێ ئەوەی راستەوخۆ ناوی بهێنرێت، بەڵام پیتی (N) نووسرا بوو، كە ئاماژەیەكی راستەوخۆ بوو بۆ ناوی ئیمینیم. دواتر گشت ئەو تویتانە سڕانەوە كە رۆژی سێشەممە بڵاوكربوونەوە، هەواداران و جەماوەری ماریا كۆك بوون لەسەر ئەوەی كە ئەمە هەوڵێك بووە بۆ لێدان لە كەسایەتیی ماریا و نانەوەی ناكۆكی لەگەڵ چەند كەسێك لە ناوەندە هونەرییەكاندا. دوای رووداوەكە ئەو كەسانەی چاودێریی ئەكاوەنتی ماریا دەكەن تویتی تایبەتی خۆیان نووسی دەربارەی رووداوەكە، یەكێك لە ئەكاوەنتەكانی نووسی بووی: هاككردنی ئەكاوەنتی ماریا كاری تاوانێكی فیدڕاڵییە، پێشبینی دەكەم ئەنجامدەرانی سزا بدرێن.
تا ئێستا ئاشكرا نەبووە كە كێ لە پشت ئەو كارە بووە و خودی ماریاش هیچ كۆمێنتێكی لەسەر رووداوەكە نەبووە و هیچ لێدوان و وەڵامێكی بە دەزگاكانی میدیا نەداوە، بەڵام چەند كەسێكی نزیك لە ماریا ئاماژەیان بەوە كردووە كە رەنگە گروپێكی هاككەر بەناوی (چاكلینج سكوید) Chuckling Squad لە پشت ئەم كارەوە بن و هەر ئەوانیش بوون بەر لە ماوەیەك هەوڵیاندا ئەكاوەنتی جاك دۆرسیی سەرۆكی جێبەجێكاری تویتەر هاك بكەن.
لە لایەكی دیكەوە ماریا دوای 25 ساڵ لە بڵاوكردنەوەی یەكەم گۆرانیی خۆی لە ئەمریكا توانیی پلەی یەكەم لە تابلۆی (بیلبۆرد هۆت 100) بەدەست بهێنێت، بەمەش دوور نییە ببێتە یەكەم گۆرانیبێژ كە بۆ ماوەی چل ساڵی لە دوای یەك ئەم پلەیە بەدەست بهێنێت.
Top