یەڵدونە: دەمێكە بە ئاوات بووم گۆرانییەكی كوردی- فارسی بڵێم، ئاواتەكەشم هاتەدی

یەڵدونە: دەمێكە بە ئاوات بووم گۆرانییەكی كوردی- فارسی بڵێم، ئاواتەكەشم هاتەدی
خاتوو یەڵدا، یان (یەڵدونە)ی هونەرمەندی فارس كە لەدایكبووی شاری تارانی پایتەختی ئێرانە و چەند ساڵێكە لە ئیسپانیا دەژی، لە هەردوو بواری رۆژنامەنووسی و مامۆستای زمانی ئیسپانی و ئینگلیزی، خاوەنی ماستەرنامەیە لە رۆژنامەوانی و قوتابی دكتۆرایە و لەگەڵ هەندێ ناوەندی رۆژنامەنووسیی ئینگلیزی و ئەوروپی كاری كردووە، یەڵدونێ دایك و باوكی لە نەتەوەی فارسن، بەڵام خۆی زۆر حەزی لە زمانی كوردییە و لە باشووری كوردستان فێری زمانی كوردی بووە، ئەو پێی وایە كە كولتوور و فەرهەنگی فارسی زۆر لە فەرهەنگی كورد نزیكە، بۆیە زۆر تێكەڵی كورد بووە و زمانی كوردی فێربووە و ئێستا سەرقاڵی گۆرانیەكە بە زمانی عیبری و عەرەبی.

یەڵدا بەم دواییە گۆرانییەكی بە هەردوو زمانی كوردی و فارسی تۆمار و كلیپ كردووە، دەربارەی ئەم گۆرانییەش دەڵێ: « لە بەرنامەمدا هەیە كە چەند گۆرانییەكی دوێت بە زمانەكانی (كوردی و فارسی، كوردی و ئیسپانی، كوردی و كەتەلۆنی، كوردی و ئینگلیزی) تۆمار بكەم، لە داهاتوویەكی زۆر نزیكدا ئەم پڕۆژانە جێبەجێ دەكەم، لە ئێستادا گۆرانییەكی سنگڵم بە هەردوو زمانی كوردی و فارسی تۆمار كردووە كە گۆرانییەكی ئەوینداری و تراژیدی و رۆمانسییە، دەمێكە بە ئاوات بووم گۆرانییەكی هاوبەشی كوردی فارسی بڵێم، خۆشبەختانە ئێستا ئەو دەرفەتەم بۆ رەخساوە خەریكی تۆماركردنی گۆرانییەكم بەناوی (دەریا) كە بەشە كوردییەكەی تێكستی خاتوو نۆژین حاتەمییە، مامۆستا حەسەن میرزادخانی كە یەكێكە لە موزیسیانە ناسراوەكانی ئێران كاری ئاوازدانانی بۆ كردووە و لەگەڵ گروپێكی ئیسپانی لە نزیك شاری بەرسیلۆنا كاری كلیپم بۆ ئەنجامداوە، بڕیار وایە بەم نزیكانەش لە كەناڵە كوردی و ئێرانییەكان بڵاوی بكەمەوە».
سەبارەت بە ئاشنا بوونی بە هونەر و موزیكی كوردی دەڵێت: «من زۆر گرنگی بە فۆلكلۆری وڵاتان و نەتەوەكان دەدەم و زۆریش حەزم لە كولتووری جوانی نەتەوەی كوردە، لە ساڵی ٢٠١٠ـەوە خۆم فێری زمانی كوردی كردووە و بەبێ مامۆستا بە تێكەڵاوی لەگەڵ خەڵك و گوێگرتن لە موسیقا و هەواڵەكان هەوڵم داوە بە كوردییەكی باش قسە بكەم و بنووسم، تەنانەت لە زمانەكانی دیكەشەوە بۆ كوردی، یان لە كوردییەوە بۆ زمانەكانی دیكە وەرگێڕانم كردووە»، سەبارەت بە پاڵپشتی و هاوكاری كردنیشی لەلایەن هونەرمەندەكانی دیكەوە یەڵدا دەڵێت: «خانمە هونەرمەندی كورد تارا جاف رۆڵێكی سەرەكیی هەبوو كە من ئاشنای موزیكی كوردی ببم و بەهۆی گۆرانی و میوزیكەكانی هونەرمەند تارا جافەوە حەزم لە گۆرانی و میوزیكی كوردی كرد، هەر لە رێگای دەنگی ئەویشەوە خۆشەویستیم بۆ كولتوور و فەرهەنگی گەلی كورد زیاتر بوو. بە شێوەیەكی گشتی زۆر حەزم لە كولتووری جیاوازە و بۆ ناسینیان و فێربوونی زمانیان گوتنەوەی موسیقاكەیانم هەڵبژاردووە و چوار ساڵە بەجددی و بە پرۆفێشناڵی گرنگی بە هونەر دەدەم، لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە لە شاری بەرشلۆنە و بەیارمەتی هاوڕێیانم كە لە وڵاتانی جۆراوجۆرن، گرووپی هونەریی(بی، ئێس، ئێن) توانیومە هەندێ بەرهەم تۆمار بكەم.
یەڵدا جگە لە زمانی فارسی و كوردی بە چەند زمانێكی دیكەش گۆرانی دەڵێ و سەبارەت بەم بابەتە دەڵێ: «دەتوانم بە پێنج زمان گۆرانی بڵێم، بەڵام زۆرتر حەز دەكەم بە كوردی گۆرانی بڵێم و یەكەم جار فەرهەنگی كوردی سۆرانیم بە ئیسپانیەكان ناساند. هاوڕێكانم و خەڵكی ئێرە لە ئیسپانیا دەڵێن باشە تۆ بۆ بە كوردی گۆرانی دەڵێیت لە كاتێكدا پێنج زمان دەزانی؟، بەڵام ئەوە حەز و خولیای منە كە بە كوردی گۆرانی بڵێم، ئەویش لەبەر ئەوەیە كورد لە ئیسپانیا زۆر كەمن، بەتایبەتی كەتەلۆنیا، ئەگەر هەشبێت چالاكیی هونەرییان نییە، منیش ئێستا خۆم بە نوێنەری كورد دەزانم و لەو رێگایەوە دەمەوێت خزمەت بكەم، خەڵكی ئێرەش زۆر ئاشنای كولتووری كوردی نین، چونكە لێرە كورد چالاكیی زۆر كەمە و كاریان بۆ ناساندنی كولتووری كوردی نەكردووە، كورد گەورەترین نەتەوەیە كە تاوەكو ئێستا دەوڵەتی نییە، لەگەڵ ئەوەشدا دەوڵەمەندترین كولتووری هەیە، كەتەلۆنییەكان حەز بە نزیكبوونەوە لە گەلی كورد دەكەن، بۆیە پێشوازییەكی باش لە كولتووری كوردی دەكەن.»
سەبارەت بە گرفتەكانی وەك خانمە هونەرمەندێك لە هەندەران ئاماژە بۆ ئەوەدەكات كە وەك زۆربەی هونەرمەندانی كورد ئەویش گرفتی سپۆنسەری هەیە، چونكە گشت خەرجی كارەكانی لە ئەستۆی خۆیەتی، بۆیە دەڵێت: «نەبوونی سپۆنسەر سپۆنسەر ئاستەنگێكە كە تا راددەیەكی زۆر ئەركی هونەرمەندان قورس كردووە، بەداخەوە بەر لە تۆماركردنی بەرهەم هەندێك لە كەناڵەكانی راگەیاندن ئامادەیی خۆیان نیشان دەدەن بۆ هاوكاریكردنی هونەرمەندان نەك تەنیا بە بڵاوكردنەوە، بەڵكو وەك سپۆنسەریش، بەڵام دوای بڵاوكردنەوەی بەرهەمەكان تەنیا بە ئەركی بڵاوكردنەوەی بەرهەمەمەكە هەڵدەستن، ئەمەش وەك پێویست هاوكاری نییە بۆ هونەرمەند.
Top