شارۆخان: سەركــەوتن وەك جلگۆڕین وایە

شارۆخان: سەركــەوتن وەك جلگۆڕین وایە
لە میانەی دیمانەیەكی تەلەفزیۆنیدا ئەستێرەی سینەمایی بۆڵیۆد شارۆخان دەربارەی دەستكەوتەكانی ژیانی هونەریی خۆی و ئەو هەڵانەی لە ژیانیدا ئەنجامیداون قسەی كردووە، هەروەها باسی لە میراتی خۆی كرد، بەڵام ئەوەی زۆر میدیاكانیش گرنگییان پێدا میراتەكەی بوو.
ئەو ئەستێرەیەی بۆلیۆد لە میانەی وەڵامدانەوەی پرسیارێكدا دەربارەی ئەو میراتەی كە بۆ نەوەكانی دوای خۆی جێی دەهێڵێت وتی: «من دەمەوێ دوای خۆم كولتوورێكی تا راددەیەك نوێ بۆ نەوەكانی جێ بهێڵم، كە بریتییە لە كاری سەخت و بەردەوام و پڕ لە پێكەنین، بێ ئەوەی هەست بەوە بكەن كە بە جددی كار دەكەن، دەمەوێ راشكاوانە بە منداڵەكانی خۆم و نەوەكانی داهاتووی وڵاتەكەم بڵێم، سەركەوتنەكانت وەك كراسێك لەبەر بكەن كە بۆ ماوەكی زۆر بەكاری بهێنن، نەك كراسێك كە تەنیا بۆ ئاهەنگێك، یان بۆنەیەكی كورت و تایبەت بەكاری بهێنن».
لەلایەكی دیكەوە بە بۆنەی رۆژی جیهانیی مافی مرۆڤەوە لە كۆڕێكدا شارۆخان چاوی بە ژمارەیەك لە قوربانییانی (هێرشی ترشی ئەسید) كەوت سەبارەت بە چۆنیەتی هاوكاری كردنیان و رێگا گرتن لە دووبارە نەبوونەوەی ئەو جۆرە هێرشانە لەگەڵیان دووا، كۆڕەكە هاوكات بوو لەگەڵ بڵاوبوونەوەی نوێترین فیلمی خانمە ئەكتەر دیبیكا پادكۆن كە ئەویش باس لە هێرشی چەند تاوانبارێك دەكات بە ماددە سووتێنەرەكان، كە زۆربەی قوربانیانی ئافرەتن.
شارۆخان لەو كۆڕەدا جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە كەمپینی زیاتر رێك بخرێت بۆ پاڵپشتیكردنی قوربانیانی ئەو جۆرە هێرشانە و دووبارە وەرگرتنەوەیان لە نێو كۆمەڵگە و هاوكاری كردنیان، چونكە گشت ئافرەتان هەڕەشەی ئەو جۆرە دەستدرێژییانەیان لەسەرە و گوتی: :ئەگەر بەردەوام بین لە هەوڵدان ئەوا بێگومان بەسەر هێرشی ترشی ئەسیدا سەردەكەوین، من بەڵێن دەدەم كە لەگەڵ قوربانیانی هێرشی ئەسیددا بەردەوام بم لەو كۆڕانە، بۆ ئەوەی پاشەڕۆژێكی پرشنگداریان هەبێت.
Top