خانمە ئەكتەری ناوداری مەغریبی ماجدە زبیطە: هیوادارم ساڵ دوای ساڵ فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ شانۆ بەرەو پێش بچێت

خانمە ئەكتەری ناوداری مەغریبی ماجدە زبیطە: هیوادارم ساڵ دوای ساڵ فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ شانۆ بەرەو پێش بچێت
ماجیدە زبیطە، یەكێكە لەو خانمە ئەكتەرە ناسراوانەی وڵاتی مەغریب، كە سەركەوتنێكی زۆری لە بواری نواندن لە سینەما و شانۆدا تۆمار كردووە، یەكێكە لە بەشداربووانی شەشەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ شانۆ، لەم هەڤپەیڤینەدا باس لە رەوشی سینەما لە وڵاتی مەغریب دەكات.

* وەك خانمە ئەكتەرێك چۆن دەڕوانیتە فیستیڤاڵی شانۆی نێودەوڵەتیی هەولێر؟
- من دەمێكە چاودێریی فیستیڤاڵی شانۆی هەولێر دەكەم، بە شانۆگەریی (فەیس تو فویس) بەشداریم لەو فیستیڤاڵەدا كردووە، حەز دەكەم رۆژ دوای رۆژ ئەم فیستیڤاڵە بەرەو پێش بچێت، زۆر گرنگە تێكەڵیی كولتوور و هونەری لە نێوان نەتەوەكانی دیكەی جیهاندا هەبێت، چونكە هەر لە رێگەی هونەرەوە ئاشنای كولتوور و فەرهەنگی یەكدی دەبین، بەخۆشحاڵییەوە یەكێك دەبین لە بەشداربووانی ئەم فیستیڤاڵە.
* بینەری سینەما لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چۆن دەبینی؟
- بە بۆچوونی من بینەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رۆژئاوا نییە، بەڵكو بینەری هەمەڕەنگ هەیە، كە هەمیشە بەشێكی قبوڵ دەكات و بەشەكەی دیكەی رەت دەكاتەوە، هەندێ بینەریش هەیە لای گرنگ نییە سینەما چۆن و بە چ ئاراستەیەك هەنگاودەنێت، بەڵام سینەما كارێكی جیهانییەو لە هەموو كۆمەڵگەیەدا هەیە، لە هەر وڵاتێكدا سینەما بەشێكە لە پەروەردە و رۆشنبیریی ئەو وڵاتە، بەڵام سینەما لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیدا وەكو بەشێك لە دابینكردنی بژێوی ژیان سەیر دەكرێت، ئەمەش وایكردووە هەنگاوی مەزن نەبڕێت.
* لە نێو سینەمای عەرەبی، سینەمای مەغریبی بە سینەمایەكی وروژێنەر ناوی دەركردووە، ئایا لەم بوارە توانیویەتی سەركەوتن بەدەست بهێنێت؟
- سینەمای مەغریبی وەكو هەموو سینەماكانی وڵاتانی عەرەبی، ئەم تۆمەتانەیان رووبەڕوو دەكرێتەوە، كە بۆ ئەوەی زیاتر بینەر كۆبكاتەوە گرنگی بە دیمەنی وروژێنەر دەدات، راستە لە فیلمەكانی مەغریبی دیمەنی وروژێنەر هەیە، بەڵام ئەمە لە چوارچێوەی كارێكی سینەماییدایە، رەنگە لەلای هەندێ لە نەتەوەو وڵاتانی دیكەوە ئەمە قبوڵ نەبێت و لەلایەی هەندێكی دیكە قبوڵ بێت و لەلایەن جەماوەریشەوە پێشوازییەكی باشی لێ بكرێت، ئەگەر بەراوردێك لە نێوان سینەمای مەغریبی و سینەمای عەرەبیدا بكەین، ئەوا دەبینین سینەمای عەرەبی زۆر كۆنە و سینەمای مەغریبی تازە هاتووەتە نێو مەیدانی هونەرەوە، بۆیە رەنگە ئەمەش كاریگەریی بەسەر سینەمای مەغریبییەوە هەبێت، بەڵام ئێستا سینەمای مەغریبی زۆر بە‌هێزەو لە جیهاندا كێبڕكێی بەهێز دەكات و بە بوێری دەست بۆ هەموو بابەتێكی هەستیاری نێو كۆمەڵگە دەبات.
* ئەگەر گەنج ببیتەوە جارێكی دیكە هونەری نواندن هەڵدەبژێریتەوە؟
- هیچ كات لە كاری هونەری و نواندن پەشیمان نیم، چونكە هونەری نواندن خەون و هیوای من بووە و هونەرێكی بەهێز و پڕ جەماوەرە، هەڵبژاردنی كاری نواندن بە رێكەوت نەبووە، بەڵكو سووربوونی خۆم بووە لەسەر ئەوەی كە ئەو كارەی خۆشم دەوێت، دەبێت بەدەستی بهێنم، لە چەندین چالاكیی قوتابخانە و چالاكییە هونەرییەكانی دیكە بەشداریم دەكرد، بەرای من نواندن و هونەر بە گشتی گەڕانە بەدوای خۆشبەختی و شادومانیدا، هیچ كات نواندن منی مەغروور نەكردووە، بەڵكو خووگری كردووم و بەبێ نواندن ناژیم، چونكە هەر تەنیا هونەرە بەراستگۆیی و بەبێ میكاژ خۆی نمایش دەكات.
* ئایا روئیای كۆمەڵگە بۆ هونەرمەندانی ئافرەت گۆڕاوە؟
- یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی كۆمەڵگەی مەغریبی ئەوەیە، كە زۆر رێز لە هونەرمەندان دەگرێت، چونكە كۆمەڵگەی مەغریبی پێی وایە لەرێگەی هونەرەوە دەتوانێت هەموو خەم و ئازارەكان بە راستگۆیی بگوازێتەوە، چونكە هونەرمەند زمانحاڵی كۆمەڵگەیە، بەتایبەت هونەرمەندانی كچ، كە وەكو ئایكۆن لەلایەن كۆمەڵگەوە سەیری دەكرێت، بەڵام ئەوە بەو مانایە نایەت كە هەندێ كەس لە كۆمەڵگەدا بە چاوێكی سووك سەیری هونەرمەندانی ژن دەكەن، هەندێ لەو هونەرمەندانەی ژنیش هۆكاربوون بۆ ئەوەی بە سوكی سەیری هونەرمەندانی ژن بكرێت، بەڵام بەگشتی بۆچوونی كۆمەڵگەی مەغریبی زۆر ئیجابیەو جێگەی باوەڕە.
* ئایا كێبڕكێ و ململانێ لە نێوان هونەرمەندانی كچ لە مەغریب هەیە؟
- نابێت هیچ كات ململانێ لە نێوان هونەرمەندان هەبێت، دەبێت رێزگرتن و خۆشەویستی كۆیان بكاتەوە، بەڵام پێویستە كێبڕكێی بۆ ئەنجامدانی باشترین كار هەبێت، خۆشبەختانە من كێشەم لەگەڵ هیچ كام لە هونەرمەندانی دیكە نییە، پەیوەندییەكی زۆر باشم لەگەڵ هاوڕێ هونەرمەندانەكانم هەیە.
* نەوەی نوێ چۆن رێز لە هونەرمەندانی دێرین دەگرن؟
- هەموو كوڕێك باوكێكی هەیە، بۆیە هەمیشە هونەری مەغریبی و عەرەبی لە باوكەوە بۆ كوڕەكە ماوەتەوە و پشتاوپشت هونەرەكەی گواستۆتەوە، بۆیە هەمیشە شانازی بە مێژوو فەرهەنگی خۆمان دەكەین و نەوەكانیشمان ئەو خۆشەویستییەیان بۆ هونەرەكەیان هەیە و بەڕێزەوە دەڕواننە رابردووی هونەری وڵاتەكەیان، هەرچەندە هەندێك لە گەنجەكان روویان لە هونەری وڵاتەكەیان كردووە، بەڵام هەمیشە هونەری مە‌غریبی بە بەرزی دەمێنێتەوە و مێژوو و فەرهەنگی خۆی دەپارێزێت.
* بە رای ئێوە هونەرمەند چۆن دەتوانێت ببێتە ئاوێنەی جەماوەر و هەوادارانی؟
- بێگومان هەمیشە هونەرمەند، ئاوێنەی كۆمەڵگە بووە، دەبێ هونەر ببێتە پردێك بۆ گواستنەوەی هەموو كێشە و گیروگرفتەكانی نێو كۆمەڵگە و چارەسەرەكەش نیشان بدات، هونەر دەتوانێت لێبوردەیی و پێكەوە ژیان لە نێو خەڵكدا بڵاوبكاتەوە، هونەر راستییەكانی نێو كۆمەڵگە وەكو خۆی دەگەیەنێت، هەمیشە هونەرمەندیش موڵكی خەڵك و جەماوەر بووە.
* ئایا هونەر پێناسەی پێداویستییەكانی جەماوەرەكەی دەكات؟ ئەی ئەو كێشەو گیروگرفتانەی كە رووبەڕووی هونەرمەندان دەبنەوە چین؟
- هونەر تاكە چەكی هونەرمەندانە، كە هەموو بڕوا و متمانەیەكی خۆیان لە رێگەی هونەرەوە پێشكەش بە هەوادارەكانیان دەكەن، بەڵام بەداخەوە ئێمەی هونەرمەندان نەمانتوانیوە هەوادارانی خۆمان بە كاری هونەریی جوان تێر بكەین، بۆیە جەماوەركەمان بۆ ئەوەی چێژ لە كاری جوان ببینێت روو لە بەرهەمی بیانی دەكات، كاری زۆر لاواز بەرهەمهاتووە، كە جەماوەرەكەی تۆراندووە، ئەمەش بۆ ئێمەی هونەرمەند ناخۆشە و هەست بەو بۆشاییە دەكەین كە، كەوتووەتە نێوان هونەرمەندان و جەماوە ر لە مەغریب.
* كەواتە سینەمای مەغریبی توانیویەتی پەیامی خۆی بە بینەران و هۆگرانی سینەما بگەیەنێت؟
- هونەری عەرەبی بەگشیی ئێستا هەوڵدەدات بەشێوەیەكی گشتی كارەكانی بە باشی و بە هەمەڕەنگی بەڕێوە ببات، بەڵام بەربەست و كێشەی زۆر رووبەڕووی دەبێتەوە، بەرهەمی زۆر كەم بڵاودەكرێتەوە، ئەمەش بینەری سینەما رازی ناكات، بۆیە رۆژ لەدوای رۆژ هۆڵی سینەماكان لە مەغریب بەرەو چۆڵبوون دەڕۆن، چونكە لەلایەن دەوڵەتەوە سینەما فەرامۆشكراوە و بینەریش بەردەوام بەدوای فیلمی باش و كوالێت بەرزدا دەگەڕێت، ئەگەر لە فیلمی مەغریبیدا ئەوە بەدی نەكات روو دەكاتە سینەمای بیانی.
Top