بیلا حەدیدە ئاسوودە نییە

بیلا حەدیدە ئاسوودە نییە
كچە مۆدێل و ئەستێرەی ناسراوی ئەمریكی بیلا حەدیدە لە میانەی بەشداریكردنی لە فیستیڤاڵی فۆج بۆ جلوبەرگ كە لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا سازكرا، چەند نهێنییەكی تایبەتی ژیانی خۆی بۆ میدیاكان راگەیاند كە تا راددەیەك بۆ میدیا و چاودێران مایەی شۆك و سەرسوڕمان بوون.
بیلای تەمەن 23 سالأ كە بە رەچەڵەك فەلەستینییە، رایگەیاند: «دوای ئەوەی بووم بە مۆدێل و ناوبانگم پەیدا كرد و لەسەر ئاستی جیهان ناسرام، رووبەڕووی ئاستەنگ و گرفتی زۆر بوومەوە كە بوونە هۆی درووستبوونی فشارێكی دەروونیی زۆر لەسەرم و هەندێك جار گەیشتوومەتە راددەی خەمۆكی، بۆیە پێویستم بەوە هەبوو كە لەگەڵ ناخی خۆم لە ململانێیەكی زۆردا بم، تاكو ئەو فشارە زۆرانە كاریگەریی نەرێنی نەكەنە سەر سەركەوتنەكانم، چونكە زۆر جار رۆژانە دەگریام، پێشتر ژیانێكی زۆر خۆشم بەسەر دەبرد، بەڵام ئەو خەمۆكییە وای لێدەكردم كە هەست بە تاوان بكەم».
بیلا ئەوەشی راگەیاندووە كە شێوازی ژیانی تا راددەیەك جیاواز بووە و زۆر دەرفەتی كاری بۆ رەخساوە، سەرەڕای ئەوەش هەستی بە ئاسوودەیی نەدەكرد، ئەمەش كارێكی نالۆژیكی بوو، بۆیە حەزی نەكردووە نهێنییەكانی خۆی لای كەس بدركێنێت.
سەبارەت بە سەختیی كارەكەی بیلا دەڵێ: «رۆژانە بەیانیان و لەكاتی نان خواردن و بەر لە نووستن دەگریام، چونكە لە رووی سۆزدارییەوە لە دۆخێكی زۆر ناجێگیردا دەژیام، هۆكارەكەشی ئەوە بوو كە بە درێژایی چوار مانگ رۆژانە بۆ ماوەی 14 كاتژمێر كارم دەكرد، لێرەدا ئامۆژگاریم بۆ كچان ئەوەیە كە هیچ كاتێك دوودڵ نەبن و هەست بە ترس نەكەن لە داواكردنی یارمەتی لە كاتی پێویستدا، كاتێك هەست دەكەن كە جیهان وێران دەبێت، با داوای یارمەتی بكەن و هەوڵ نەدەن بە تەنیا گرفتەكانیان چارەسەر بكەن.
Top