خانمە هونەرمەندی مەغربی (سەمیرە سەعید)ی تەمەن 61 ساڵ, لە نوێترین دەركەوتنیدا ڕایگەیاند كە ئەو چێشتلێنەرێكی زۆر باش نییە, سەبارەت بەم بابەتە سەمیرە ڕایگەیاند كە ئەو دوای ئەوەی هاوسەرگیری كرد, پەیوەندی بە دایكیەوە دەكرد بۆ ئەوەی زانیاری بداتێ و بڕە بەكارهاتووەكان وەكو خۆی بەكاربهێنێت لە چێشتخانەدا, سەمیرە سەعید هۆكارەكەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە ئەو لە تەمەنێكی بچووكدا ناوبانگی دەركرد, كە ئەمەش وایكرد خێزانەكەی نازێكی زۆری پێبەخشن و نەتوانێت بە هۆی هونەرەكەیەوە هاوشێوەی كچانی دیكە لە چێشتخانەدا كار بكات .
سەمیرە سەعید كە ئێستا یەكێكە لە ئەندامانی لیژنەی بڕیاردەر لە بەرنامەی(The Voice), بە یەكێك لە خانمە هونەرمەندە دیار و بە ئەزموونەكان هەژمار دەكرێت كە تاكو ئێستا بەردەوام بووبێت لە هونەرەكەی, ئەو لە تەمەنی 8 ساڵییدا بە گۆرانییەكی ئوم كەلسوم بەشدار بووە لە بەرنامەیەكی تایبەت بە بەهرەداران, وە لە دواییدا یەكەم گۆرانی تایبەت بە خۆی بە ناوی(سبحان الاله) بڵاوكردەوە, كە ئەو كات تەمەنی 10 ساڵ بوو.