ئەو ئۆپەرێتەی باڵەخانەی (چالاكیی قوتابخانەكانی هەولێر)ی دروست كرد
كامەران حاجی ئەلیاس
خوێنەرانی ئازیز ئەوەی مەبەستمانە هەڵوێستەی لەسەر بكەین ئۆپەرێتی «تارا»یە، كە یەكێكە لەو ئۆپەرێتانەی هونەرمەند (واحید مەرجان) نووسیویەتی و هەر خۆشی كاری دەرهێنانی بۆ كردووە، لە ساڵی 1974 فیستڤاڵێكی تایبەت بە ئۆپەرێت لەسەر ئاستی هەموو پارێزگاكانی عێراق بەناوی «فیستڤاڵی چالاكیی قوتابخانەكانی عێراق» لە شاری بەغدا سازدكرا، هەولێریش یەكێك بوو لەو پارێزگایانە كە بە ئۆپەرێتی (تارا) لە نووسین و دەرهێنانی هونەرمەند «واحید مەرجان» بەشدار بوو، هەرخۆشی ئاوازی بۆ گۆرانییەكان دادەنا و دیزاینی دیكۆرەكەش لەلایەن خۆیەوە ئامادەكرا، لە هەمان كاتیشدا وەكو ئەكتەر لە ئۆپەرێتەكەشدا رۆڵی دەبینی.
لە كۆتایی فیستیڤاڵدا ئۆپەرێتی «تارا» كە بەرهەمی چالاكیی قوتابخانەكانی شاری هەولێر بوو، توانی پلەی یەكەم لەسەر ئاستی عێراق بەدەست بهێنێت و ببێتە ماییەی رەزامەندیی ئەندامانی لیژنەی هەڵسەنگاندن و سەرپەرشتیاران و ئامادەبووانی فیستڤاڵەكە، وەزیری پەروەدەی عێراقی كە ئەو كات یەكێك دەبێت لەوانەی كە لە رووی (بابەت، دیكۆر، نواندن، دەرهێنان، موزیك) بەئۆپەرێتەكە زۆر سەرسام دەبێت، هەربۆیە لە دوای تەواو بوونی فیستڤاڵەكە لەگەڵ سەرجەم ستاڤی ئۆپەرێتەكە كۆدەبێتەوە و دوای دەستخۆشی لێكردن و پیرۆزبایی لە ستاڤی ئۆپەرێتی «تارا»، بە بەڕێوەبەری چالاكیی قوتابخانەكانی هەولێر (م. جەمال هیدایەت) دەڵێت : «ئۆپەرێتەكەی ئێوە زۆر دڵخۆشی كردم، كارێكی واتان كردوە زۆر لەئاستی پارێزگاكانی دیكەی عێراق وەكو بەسرا و موسڵ بگرە لە بەغداش باشتر بێت، بۆیە كارەكانتان لەو ئاستەدایە كە چیتان پێویستە بۆتانی جێبەجێ بكەم، فەرموون چیتان پێویستە؟» مامۆستا جەمالیش لە وەڵامدا بە وەزیر دەڵێت: «بەداخەوە ئێمە لە شاری هەولێر وەكو چالاكیی قوتابخانەكان تا ئێستا باڵەخانەیەكی تایبەت بە خۆمان نییە، بۆ ئەوەی كارەكانی خۆمان وەكو راهێنان و پرۆڤەكانمان لە نێویدا ئەنجام بدەین»، لە وەڵامدا وەزیرش راستەوخۆ فەرمان دەكات كە بە زووترین باڵەخانەیەكی تایبەت بە چالاكیی قوتابخانەكانی هەولێر دروست بكرێت، بەڵێ، ئێستا ئەو باڵەخانەیەی چالاكیی قوتابخانەكان هەولێر كە لە گەڕەكی رووناكییە لە هەولێر، بەرهەم و دەستكەوتی ئۆپەرێتی «تارا»یە، بەتایبەتیش بۆ هونەرمەندی گەورە واحید مەرجان دەگرێتەوە.
بەڕێزان هێشتا بەرهەم و دەستكەوتی ئۆپەرێتی «تارا» كۆتایی نەهاتووە، ئەو كات لە عێراق تەلەفزیۆنی پەروەردەیی هەبوو، هەر بۆیە بەڕێوەبەری تەلەفزیۆنەكە بڕیار دەدات ئەو ئۆپەرێتە (تارا) بۆ تەلەفزیۆن تۆماربكەن، لەوێش ستاڤی ئۆپەرێتەكە داواكاریی دیكەیان دەبێت، كە تا ئەو داوەیەیان جێبەجێ نەكرێت، ئۆپەرێتەكە تۆمار ناكەن، داوەكەش بریتی دەبێت لە مۆڵەتدان بۆ تۆماركردنی درامای تەلەفزیۆنیی (چڵپاو) كە بەرهەمی تیپی هونەریی هەولێر بوو، هەر بۆیە دوای چەند كاتژمێرێك رەزامەندی وەردەگرن، ئینجا ئۆپەرێتەكەیان تۆمار دەكەن، ئەمەش دەستكەوتێكی دیكەی هونەرمەند واحید مەرجانە.
وێستگەكانی ژیانی هونەرمەند واحید مەرجان وەكو ئەكتەر و شێوەكار و موزیكژەن و دەرهێنەر و دیزاینەر.
ناوی تەواوی (عەبدولواحید خدر مەرجان)ـە ساڵی 1942 لە گەڕەكی تەیراوەی شاری هەولێر لەدایكبووە، خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی (ئەربیل ئولا) و (ئیبن مستەوفی) تەواوكردووە، ساڵی 1962 خانەی مامۆستایانی تەواوكردووە، ساڵی 1963 بۆتە مامۆستای هونەر لە ناوەندیی سەڵاحەدین، ساڵی 1958 لە یاریگای هەولێر بەشداریی پێشانگایەكی هاوبەشی كردووە و خەڵاتی دووەمی وەرگرتووە، چەندین پێشانگای هونەریی تایبەتی لە ناوەو دەرەوەی كوردستان كردۆتەوە، دەستەی دامەزرێنەری تیپی مۆسیقای دەرسیم بووە، كە لە ساڵی 1958 دامەزراوە، دەستەی دامەزرێنەری تیپی مۆسیقای مامۆستایان بووە لەهەولێر، هەروەها دەستەی دامەزرێنەری تیپی مۆسیقای كرێكاران بووە لەهەولێر، وەك پسپۆڕ لە بواری نەخشەسازی و دیكۆر لەگەڵ تیپی هونەرە میللیەكان كاری كردووە، سەرۆكی تیپی مۆسیقای چالاكیی قوتابخانەكان بووە، بەرامبەر بە پێشكەشكردنی ئۆپەرێتی (كاروانی خەبات) خەڵاتی یەكەمی لەسەر ئاستی عێراق وەردەگرتووە، لێپرسراوی تیپی مۆزیكی هونەر و وێژەی كوردیی هەولێربووە، بۆ یەكەمجار ئامێری ئۆكۆردیۆنی لە شێوەی رۆژئاوایی گۆڕیوە بۆ رۆژهەڵاتی، بەشداریی لە یەكەم ڤیستیڤاڵی هونەری كوردی لە بەغدا كردووە، ساڵی 1974 بە ئۆپەرێتی (باران) لە نووسین و ئاواز و دەرهێنانی خۆی بەشدار بووە، ساڵی 1979 بۆ ئاشنا بوون بە بواری هونەر سەردانی وڵاتانی (بولغاریا و چیكسلۆفاكیا و یەكێتیی سۆڤیەت و نەمسا) ی كردووە، لەگەڵ تیپی هونەرە میللییەكانی هەولێر وەك سۆڵیست لەسەر ئامێری عود و وەك ئەكتەر و دەرهێنەریش لە چەندین شانۆ و درامای تەلەفزیۆنی كاری كردووە، لەوانە (چڵپاو، مارەیی، مەم و زین، تاپۆ حەقی چییە، شێتخانە ئەفەندی، لاس و خەزاڵ، میوانی ناوەخت، گوڵی نهێنی، زاوای گەلحۆ، گەمەی خەونە زیندووەكان) ساڵانی 1998 و 2000 و 2004 پێشانگای تایبەتی كردۆتەوە، ساڵی 2006 خانەنشین بووە و لە 2016/2/9 كۆچی دوایی كردووە.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە لە دوای راپەڕینی ساڵی 1991 ی خەڵكی كوردستان لەبەر گرنگی و بەهای ئۆپەرێتەكە، دووبارە لەشاری هەولێر لە 12/3/2000 لە هۆڵی گەل بە ئامادەبوونی وەزیری رۆشنبیریی ئەوكات مامۆستا (فەلەكەدین كاكەیی) دووبارە نمایش كرایەوە و بووە جێگای رەزامەندیی ئامادە بووان.
بۆ نووسینی ئەم باسە سوودم لە دیداری هونەرمەندان (م. جەمال هیدایەت، عەلی ئەحەمەد، خالید سەركار، خالد عومەر، هۆشیار مەرجان) وەرگرتووە.