هۆزان ناتالیا: پێویستمان بە كۆمسیۆنێكی هونەرمەندانی كورد هەیە، كە هەموو هونەرمەندان لەژێر یەك چەتردا كۆ بكاتەوە

هۆزان ناتالیا: پێویستمان بە كۆمسیۆنێكی هونەرمەندانی كورد هەیە، كە هەموو هونەرمەندان لەژێر یەك چەتردا كۆ بكاتەوە
ناتالیا، یان هۆزان ناتالیا خانمێكی دەنگخۆشی كوردی ئەرمەنستانە، سەرەتا لە وڵاتی ئۆكراینا وەك هونەرمەندێكی بەتوانا دەركەوت، لە دایك و باوكییەوە فێری گۆرانیگوتن بووە، لە كاتی گۆرانیگوتن بەردەوام گوێی لە دایكی گرتووە و دواتریش گۆرانییەكانی دووبارە كردۆتەوە و بە بەشێك لە خەبات و كەمكردنەوەی ئازارەكانی داگیركاری و دوورە وڵاتیی دادەنێت، چونكە خۆی چەندین ساڵە لە غەریبی و لە وڵاتی ئەڵمانیا ژیان بەسەر دەبات، ئەو خانمە هونەرمەندە لە دیمانەیەكدا بەم شێوەیە وەڵامی چەند پرسارێكی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.

ناتالیا سەرەتا باسی لە ئاستی هونەری كوردی و بەتایبەتی گۆرانی و موزیك كرد و گوتی: «من پێموایە هونەری كوردی ئێستا زۆر لە جاران پێشكەوتووترە، بەگشتی میوزیك پێشكەوتووە و لەگەڵیشیدا هونەری كوردی پێشكەوتنی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام بەداخەوە هەست دەكرێت تام و چێژ و رۆحییەتی كوردی لە نێو میوزیك وگۆرانیی ئێستادا كەمی كردووە، بۆیە پێویستە تام و بۆنی كوردی هەمیشە لە نێو بەرهەمەكانی ئێستادا بمێنێ». هۆزان ناتالیا سەبارەت بە دووركەوتنەوەی چەند ساڵی رابردووی لە هونەر، تیشكی خستە چەند هۆكارێك و گوتی: «ماوەیەكی زۆرە لە كاری هونەری دوور كەوتوومەتەوە، بەڵام ئەوەش هۆكاری خۆی هەبووە، من لە ئەڵمانیا لە شاری بەرلین دەژیم، بۆ ماوەی هەشت ساڵ زۆر سەرقاڵی خوێندن بووم لە زانكۆ، ئەو توانایەشم نەبووە كە كاری هونەری و زانكۆ بەیەكەوە ئەنجام بدەم، چونكە من لە ماوەی هەشت بۆ نۆ ساڵدا دوو زانكۆم خوێند، بەو هۆیەوە فریای كاری هونەری نەكەتووم و هەر بەدوای خوێندنەوە بووم، ئەمە هۆكاری سەرەكی دووركەوتنەوەی من بووە لە كاری هونەری، كاری هونەرییش ماندووبوونێكی زۆر و پارەیەكی زۆر و كاتێكی زۆریشی دەوێت، تاوەكو بەرهەمێكی نوێ بڵابكەیتەوە، ئەمەش بۆ من زەحمەت و سەخت بوو». ئەو خانمە هونەرمەندە باسی لەوە كرد كە لە ئێستادا سەرقاڵی تۆماركردن و بڵاوكردنەوەی بەرهەمی نوێیە، لەو بارەیەوە گوتی: «دوو گۆرانیم لە ئۆكرانیا كلیپ كردووە، یەكێك بەناوی (هێلینا بلبلا)، كە ئاواز و تێكست و میوزیك هی خۆمە، گۆرانیی دووەمیشم بەناوی (بەهەشتا وەڵات)ـە، ئەویش تێكست و ئاوازو میوزیك هەر هی خۆمە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا سەرقاڵی تۆماركردنی گۆرانییەكی فۆلكلۆریی كوردیم، كە هی چەند ناوچەیەكی جیاوازی كوردستانە، ئەمیش لەم نزیكانە كلیپ دەكەم، هەروەها لە سەرەتای ساڵی نوێیدا بەنیازی دروستكردنی ئەلبوومێكی گۆرانیم، كە لە چەند گۆرانییەكی نیشتمانپەروەری، فۆلكلۆری، ئەڤینداری پێكهاتووە، هیوادارم بە دڵی هەوادارانی میوزیكی كوردی بێت». دەربارەی پێویستیی گەیاندنی هونەری كوردی بە میللەتانی جیهان بۆ ئاشنا بوونیان بە هونەری كوردی و زیاتر ناساندنی، ناتالیا گوتی: «من لەو باوەڕەدام، كە ئەگەر هونەر و میوزیكی كوردی بە ئاستێكی بڵند كاری لەسەر بكرێت و ئەدا و دابەشكردنێكی جوانی بۆ بكرێت، بێگومان میللەتانی دیكەش بە گرنگییەكی زیاترەوە باسی دەكەن و پێشوازییەكی باشی لێ دەكەن، زۆر هونەرمەندی ناوداری كورد هەیە كە بەداخەوە گۆرانی و میوزیكی كوردی پێشكەش ناكەن، بۆ نموونە لە رووسیا خانمە هونەمەند زارامان هەیە، كە ئێستا ناوبانگێكی زۆری هەیە، بەڵام مخابن زیاتر بە هونەرمەندێكی رووس دەناسرێت، بە بڕوای من ئەگەر دەرفەت هەبێت، ئێمەش وەكو كورد دەتوانین پێشكەوتنی باش بەدەست بخەین و هونەر و میوزیكی خۆمان بگەیەنینە هەموو جیهان. دەبێت ئەوەش لەبیر نەكەین كە زۆر لە نەتەوەكانی دیكە میوزیك و هونەری كوردییان دزیوە و كردوویانە بە موڵكی خۆیان، زۆرێك لە گۆرانییە توركی و ئەرمەنی و فارسییەكان كوردین، بەڵام ئەوان كردوویانن بە هی خۆیان، چونكە كەس نەبووە بەرگری لە میوزیك و گۆرانیی كوردی بكات، ئەوانیش بە ئارەزووی خۆیان سوودیان لە گۆرانیی كوردی وەرگرتووە و كردوویانە بە موڵكی خۆیان.
ناتالیا بە گرنگییەوە باس لەوە دەكات كە هونەری كوردی لە گشت پارچەكانی كوردستان پێویستی بە رێكخستنەوە و لێك نزیكبوونەوەی زیاتری هونەرمەندانی كورد هەیە، لەم بارەوە دەڵێ: «بەداخەوە پەیوەندی و تێكەڵی لە نێوان هونەرمەندانی كورد زۆر باش نییە، تاوەكو ئێستا كۆمیسۆنێكی هونەرمەندانی كورد نییە، كە هەمووهونەرمەندان لە ژێر یەك چەتردا كۆ بكاتەوە، هەڵبەتە من تێكەڵی و پەیوەندیم لەگەڵ بەشێكی زۆر لە هونەرمەندانی كوردستان هەیە، بەڵام لەو ئاستەدا نییە پێی دڵخۆش بین، من هەر كارێكی هونەری نوێ بكەم، سەرەتا راوبۆچوونی چەند هونەرمەندێكی بە ئەزموون و داهێنەر وەردەگرم و سوود لە تێبینییەكانیان وەردەگرم، ئینجا بەرهەمەكانم بڵاودەكەمەوە.
لەبارەی بوونی میراتێكی هونەری لە خانەوادەكەیدا نەتالیا دەڵێ: «لە نێو بنەماڵەكەماندا زۆر دەنگخۆش و گۆرانیبێژ هەبوون، دایكم (مەیرەما حەمید) چەندین گۆرانیی لە رادیۆی ئێریڤان گوتووە، من لە رێگەی گۆرانییەكانی دایكم و بنەماڵەكەمەوە پەروەردەبووم و گۆرانییەكانی ئەوانم گوتۆتەوە، حەزدەكەم منداڵەكانی منیش هەمان رێچكە بگرنەبەر، هەرچەندە حەز لە گۆرانی كوردی دەكەن، بەڵام وەكو من نین و زیاتر گوێ لە گۆرانیی ئینگلیزی دەگرن، زۆرجاریش بە من دەڵێن بۆ گۆرانی بە ئینگلیزی ناڵێیت، كاریگەریی میوزیك و گۆرانیی بیانی بەسەر نەوەی ئێستادا زاڵە، من دوو كوڕم هەیە، یەكێكیان ١٣ ساڵە و ئەوی دیكەیان ١٠ ساڵە، ئەوەی ١٣ ساڵی زۆر حەز بە وەرزش دەكات، بەڵام كوڕە بچووكەكەم زۆر حەز لە گۆرانی و میوزیك دەكات، ئێستا لە كۆرسێكی فێربوونی پیانۆ بەشداری دەكات و زۆر باش بووە و دەتوانێت نۆتەی میوزیك بخوێنێتەوە، هەندێ جار گۆرانی كوردی و رووسی و ئەرمەنی دەڵێتەوە، هیوای زۆرم بەو كوڕەم هەیە و پێموایە دەتوانێت بەباشی خزمەت بە گۆرانی و میوزیكی كوردی بكات».
لە كۆتاییدا هۆزان ناتالیا باسی لەوە كرد كە تا ئێستا نەیتوانیوە سەردانی هەرێمی كوردستان بكات، بۆ ئەو مەبەستەش گوتی «بۆم نەڕەخساوە سەردانی باشووری كوردستان بكەم، هیوا و ئاواتی من ئەوەیە جارێك ســــــــەردانی كوردستانەكەم بكەم، بەهۆی ئەوەی من سەرقاڵی خوێندن بووم و
هیچ بەرهەمێكی نوێم نەبووە، بەڵام ئێستا چەند بەرهەمێكی نوێم هەیە و ساڵی داهاتووش بەنیازم بۆ ئەلبوومێكی نوێ بێمە كوردستان و كۆنسێرتێكی مەزن سازبكەم.»
Top