سەرۆكی بەرازیل هێرش دەكاتە سەر لیۆناردۆ

سەرۆكی بەرازیل هێرش دەكاتە سەر لیۆناردۆ
لە دوایین لێدوانیدا سەبارەت بە ئاگركەوتنەوە لە دارستانی ئەمازۆن (جاییر بۆلسارنۆ)ی سەرۆكی بەرازیل هێرشێكی توندی كردە سەر _(لیۆناردۆ دیكابریۆ)ی ئەستێرەی ناسراوی هۆڵیۆد و بە پاڵپشتیكردنی س،وتاندنی دارستانەكانی ئەمازۆن تاوانباری كرد.
بۆلسارنۆ بێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەك پێشكەش بكات، گوتی: «لیۆناردۆ پاڵپشتی گڕگرتنی دارستانەكانی ئەمازۆنی كردووە، پێتانوایە كە لیۆناردۆ كەسێكی باشە، وا نییە؟ ئەم كابرایە پارەی بەخشیوە بۆ ئەوەی دارستانەكانی ئەمازۆن بسووتێندرێت.»
هەر لەم بارەوە سندوقی جیهانی بۆ ژیانی وشكانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان چەند پۆستەرێكیان بڵاوكردەوە، كە تێیدا ئاماژە بەوە كراوە، سندوقی ناوبراو بڕە پارەیەكی زۆری داوە بۆ گرتنی چەندین وێنەی ژمارەیەك منداڵی خۆبەخشی ئاگركوژێنەوە و دواتر وێنەكان بەكارهێندراون بۆ كۆكردنەوەی كۆمەك. بەپێی سەرچاوەكان لیۆناردۆ بڕی نیو ملیۆن دۆلاری بەخشیوە.
لەلایەن خۆیەوە سندوقی جیهانی بۆ ژیانی وشكانی ئەوەی رەت كردەوە كە هیچ بڕە پارەیەكیان لە لیۆناردۆ وەرگرتبێت، یان وێنەی پیاوانی ئاگركوژێنەوەیان پێشكەشی كردبێ، بە هەمان شێوێ لیۆناردۆش ئەوە هەواڵانەی رەت كردەوە كە گوایە پارەی پێشكەش بە سندوقی ناوبراو كردبێت، لەم بارەوە گوتی: «گەلی بەرازیل كار بۆ رزگاركردنی كولتووری سرووشتی و فەرهەنگیی خۆی دەكات.»
جێگای وەبیرهێنانەوەیە لیۆناردۆ بەوە ناسراوە كە بەرگریكارێكی توندی نەهێشتنی گۆڕانكاریی كەشوهەوایە و چەندین جار لە كۆڕ و كۆبوونەوەكاندا باسی ئەم بابەتەی كردووە، لەوانەش گڕگرتنی دارستانەكانی ئەمازۆن، هەروەها میانەی دەزگای (هاوپەیمانی زەوی - Earth Alliance) دەزگایەكی تایبەتی دامەزراندووە و گرنگی بەو پرۆژانە دەدات كە ژیانی وشكانی دەپارێزن، بەتایبەتی ئەوانەی مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە، بە پێی گۆڤاری The Hollywood Reporter لە رێگای ئەو دەزگایەوە وەك یارمەتی بۆ كوژاندنەوەی ئاگری دارستانەكانی ئەمازۆن بڕی پێنج ملیۆن دۆلاری بەخشیوە.
Top