لە ساڵیادی د. محەمەد ئەمین هەورامانی

لە ساڵیادی د. محەمەد ئەمین هەورامانی
لە ساڵیادی د. محەمەد ئەمین هەورامانی
(1928 – 2018)ی زایینی
دارا محەمەد عوسمان

ساڵێك لەمەوبەر وەرزی پاییز بوو، وەرزی هەڵوەرینی خەزان بوو، زەردەی ئێواران، واتە خۆرئاوابوون بوو، لە كاتی دەركەوتنی ئەستێرەكانی شەودا بوو، ئا لەو ساتەوەختەدا، ئەستێرەی فەرهەنگ و ئەدەبی وڵاتی ئاریانڤاچەكان لە شارۆچكەی بیارەی ئاریانڤاچەكان، لە زێدی خۆی، لە (23/11/2018) زایینی لە هەورامان كۆچی دوایی كرد. ساتەكانی ناسینی من بۆ هەورامانی دەگەڕێتەوە بۆ كۆچڕەوەكەی بەهاری ساڵی 1991 كە هەردووكمان لە سنووری (شۆشمێ) دیسان ئاودیوی وڵاتی ئێران بووینەوە، لەوكاتەدا بوو فەرمووی: «خۆزگەم بەو كاتانەی كە گوێم لە ئاوازی (رازیانە رازیانە) بوو، كە لە ساڵی (1979) زایینی لە تیڤیی كەركووك دەتگوت، ئا لەو كاتەوە ویستوومە نامەت بۆ بنێرم، بەڵام رۆژگار وای كرد، ئێستا كە رۆژی كۆچڕەوە بە دیدارت شاد بووم»، فەرمووی: «هەر چی كتێبم چاپ كردووە، هەموویانت پێشكەش دەكەم»، دیارە ئەوە بۆ من سەرمایە بوو، چونكە مامۆستا و بیرمەندی ئازیزم، فرە شارەزای مێژووی (ئاڤێستا و دەوڵەتی ماد و میدیا و زاگرۆسنشینەكان و دەوڵەتی حەوزەی سیروان، دەوڵەتی خڤە نیرەتە) بوو، هەروەها لە زمانەوانیدا لە هەر سێ زمانی كوردی و عەرەبی و ئينگلیزی شارەزا بوو. ساڵ هات و چوو، ماوەیەك لە ئێران و ماوەیەك لە سویسرا ژیانی بە سەر برد، بەڵام لە ساڵی 2001 گەڕایەوە و، ئیدی لەو ساتەوە تا كۆتایی ژیانی، من هەر لە خزمەتیدا بووم، پێكەوە زۆرمان لەو بوارانەی كە لەسەر هەورامان دەخوێندەوە و لە هەمان كاتدا ئەو بواری مێژوویی دەنووسی و منیش لە بواری موزیكی هەورامان كە مامۆستا و بیرمەند زۆر یارمەتیدەرم بوو.
مامۆستا هەورامانی كتێبخانەكەی كە دووهەزار كتێبی تێدا بوو، لەگەڵ خانووەكەی كە سێ نهۆمە، پێشكەش بە زانكۆی هەڵەبجەی شەهیدی كرد، بەڵام زانكۆش وەك پێویست یادی نەكردەوە، بۆیە داوام وایە ئەمساڵ كۆنفڕانسێكی ئەدەبی و مێژوویی بۆ ئەو زاتە فەرهەنگییە لە زانكۆی هەڵەبجەی شەهید بگیرێت.
ئەمەش ناوی كتێب و ئەو مەقالانەیە كە لە ژیانیدا بەرهەمی هێناون:
1-چۆن دەبیتە مامۆستایەكی سەركەوتووی زمانی ئینگلیزی، وەزارەتی كاروباری باكوور یارمەتیی چاپكردنی داوە، چاپخانەی (سلمان الاعظمی)– بەغدا، ساڵی 1972 زایینی.
2- فۆنەتیكی زمانی كوردی (دار الجاحظ)ساڵی1974 بەغدا بە یارمەتیی كۆڕی زانیاریی كورد.
3- سەرەتایەك لە فیلۆلۆژی زمانی كوردی (چاپخانەی مەعاریف)ساڵی 1974 بەغدا .
4- ما كتب عن اللغة الكردیة، (مطبعة المجمع العلمي الكردي) ساڵی 1978 بەغدا.
5- زمانی كوردی لە تەرازووی بەراورددا، وەزارەتی رۆشنبیری و راگەیاندن (دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندن ) ساڵی1981 بەغدا.
6- كاكەیی، لە سەر ئەركی عەلی بۆسكانی (لە چاپكراوەكانی كۆڕی زانیاریی كوردی) ساڵی 1984 بەغدا.
7- دیوانی میرزا ئۆلقادری پاوەیی (لە چاپكراوەكانی كۆڕی زانیاریی كوردی) ساڵی 1984 بەغدا.
8- رۆشنبیریی وەلی دێوانە، ئەمیندارێتیی گشتی و رۆشنبیری لاوان، بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری (مطبعة علا) ساڵی 1979 بەغدا.
9- فەرهەنگی ئێریەن ڤاچ، ئەمیندارێتیی رۆشنبیری و لاوان، (مطبعة سومر) ساڵی 1987 بەغدا.
10- زمانی ئاڤێستا، وەزارەتی رۆشنبیری و راگەیاندن ( دار الحریە) ساڵی 1988 بەغدا.
11- لەیلێ و مەجنوون، ئەمانەتی گشتیی رۆشنبیری و لاوان (مگبعە علا) ساڵی 1985 بەغدا.
12- مێژووی رێبازی زمانی كوردی (زانكۆی سەلاحەدین) ساڵی 1990 بەغدا.
13-زارە كوردییەكان (مگبعە صلاح الدین) ساڵی 1987بە هاوكاری ( كامیل بەسیر، كوردستان موكریانی، سادق بەهائەدین).
14- فەرهەنگی زار و ئیدیۆمی زمانی كوردی، ئەمیندارێتیی رۆشنبیریی لاوان، چاپخانە ی سومر ساڵی 1989 بەغد.
15- كوردی شێوەزار (لە چاپكراوەكانی كۆڕی زانیاریی كورد) ساڵی 1990 بەغدا.
16-فەرهەنگی ئینگلیزی – كوردی بە هاوكاری (ئیحسان فۆئاد، عەبدوڵا شاڵی، خەلیل حەماش) بۆ قوتابیانی ناوەندیی و ئامادەیی ساڵی 1989 بەغدا.
17- مێژووی هەورامان، چاپخانەی (بلخ)، تاران 1380ی هەتاوی بەپێی رۆژژمێری ئێران.
18- گوڵزاری هەورامان، بەشی یەكەم و بەشی دووەم، ساڵی (2004چاپخانەی ئاراس- هەولێر).
19- رەسەنایەتیی زمانەكەت بناسە، ساڵی2005(چاپخانەی ئاراس- هەولێر).
20- بەراوردێ نێوان زمانی كوردی و ئاڤێستادا (چاپخانەی سەردەم) ساڵی 2005سلێمانی.
21- مێژووی جوگرافیای كوردستان لە ئاڤێستادا ساڵی 2006 (چاپخانەی ئارس- هەولێر).
22- فەرهەنگی ئاریانڤاچ – كوردیی كۆن و كوردی نوێی، ساڵی 2008(وەزارەتی رۆشنبیری- هەولێر ).
23- مێژووی هەورامان بەرگی دووەم، چاپخانەی چوار چرا، ساڵی 2016سلێمانی.
24 - هەندێ لە لاپەڕەكانی ژیانم، چاپخانەی چوارچرا، ساڵی 2014سلێمانی.
ئەمە كۆی ئەو بەرهەمانە بوو لە ژیانی خۆیدا بەرهەمی هێناون و بە چاپی گەیاندوون.
ب- چەندین مەقالەی دەربارەی زمانناسی نووسیوە:
1-ئامرازی (لە) لە ترازووی بەراورددا، گۆڤاری كاروان، (ژ 38) ساڵی 1985 ی زایینی.
2- پریپۆزیشنی (بە) لە زمانی كوردیدا (گۆڤاری رۆشنبیری نوێ (ژ 101) ساڵی 1984 ی زایینی.
3- تەماشاكردنێكی سەرپێیی زاری سۆرانی و زاری هەورامی ( گۆڤاری كۆڕی زانیاریی كورد، ب2،ژ 2، بەغدا ساڵی 1974 لاپەڕە ( 117 -165.
4- (دا) لە زمانی یەكگرتووی ئەدەبی كوردیدا (گۆڤاری كاروان (ژ 20) لاپەڕە (38- 47) ساڵی 1987 ی زایینی.
5- رێنووس پەیڕەوی زمانناسی بكا باشە، گۆڤاری (ئاسۆی زانكۆیی) ژمارە 10 2، لاپەڕە ( 88-91 ) ساڵی 1987زایینی.
6- زاراوەی ناتەواو، گۆڤاری (ئاسۆی زانكۆیی) ژ 3 ساڵی سێیەم، سلێمانی ساڵی 1979 ی زایینی.
7- زمانەكەت لە كوێوە هاتووە (گۆڤاری بەیان بەشی یەكەم، ژ 17 بەغدا ساڵی 1973، بەشی دووەم (ژ 11) بەغدا ساڵی 1973، بەشی سێیەم، (ژ 13) بەغداساڵی 1974، بەشی چوارەم ژ 17) بەغدا ساڵی 1974 ی زایینی.
8- كورد واتەنی، گۆڤاری رۆشنبیری نوێ، بەشی یەكەم (ژ 64) بەغدا ساڵی 1978ی زایینی.
9- (كە) لە زمانی یەكگرتووی ئەدەبی كوردیدا، گۆڤاری كاروان (ژ 12) ساڵی 1983 ی زایینی لەگەڵ وتاری بەیان و رێنووسی كوردی بەیان، گۆڤاری بەیان، (ژ 30) بەغدا ساڵی 1975 ی زاینی.
10-وشەی (هەورامان) لە چییەوە هاتووە، گۆڤاری (رۆژی كوردستان) بەغداساڵی 1975ی زاینی.
ج- ئەم بیرمەندە جگە لەو بابەتانەی باسم كردن، دیوانێكی شیعری بە هەورامی نووسیوە.
هەورامان وەشەن بووم و مەزدایا
هەورامان پیرۆز بە ئاڤێستایا
یاگی زەمزەمە و
مەزدا یەسنایا
پەنا واو زێدو
ماناو مادایا
******
هەورامان زادگا و ئاریزانتەكان ئاتەشگاو دینی مانا و مادەكان
بەیەری دوگێ رەویەش وەستەرە
دوسی و برایەتی نیازی پاكی
******
هەورامان پیرۆز، ئاریانڤاچ زەمین زادگای سپیتام،پیرۆز دنیا و دین
یەكەم دەستوورش كاری كرداریی
پەی ئاوا كەردەی زەمین و زاریی
*********
هەورامان كانگاو حەكیم و ژیران یاگێ دانایا و زانایا و پیران
دووەم دەسوورش واچەی بەسوودا
یانێ موچیاریی و یۆ گرتەی خەڵكش
********
هەورامان ( زەم ) و هورمز یەسنایا ئاریانڤاچ (بووم) و مەزدا پەرسایا
موچیاری یەرەم نیاز و نیهادەن
خاس باریش بەرهەم پێوە گرد بە جەم.
Top