ماگی ستایشی دایكی دەكات

ماگی ستایشی دایكی دەكات
كچە ئەكتەری سینەمای ئەمریكی (ماگی گریسی) دایكی خۆی بە نموونەی فیداكاری و بەخشندەیی وەسف دەكات و سەركەوتن و بەردەوامیی لە كارە هونەرییەكانیدا بۆ هاوكاری و یارمەتیدانی دایكی دەگەڕێنێتەوە، چونكە وەك خۆی باسی كردووە، لە ناخۆشترین ساتەكانی ژیانیدا هانیداوە لە خوێندن بەردەوام بێت، لە هەمان كاتدا بۆ سەركەوتنی كچەكەی وەك ئەكتەرێك، كاری كردووە.
ماگی لە بارەی ژیانی تایبەتی خۆیەوە لە دیمانەیەكی رۆژنامە‌ییدا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، كە لە دوای جیابوونەوەی دایك و باوكی، ناچار بووە ئۆهایۆ جێبهێڵێت و روو لە لۆس ئەنجلۆس بكات، هەروەها لە قۆناغی ناوەندی واز لە خوێندن بهێنێت، چونكە تووشی گرفتێكی گەورەی ئابووری بوونەتەوە، بەڵام دایكی هانیداوە لە لۆس ئەنجلۆس بە دوای حەزەكانی خۆیدا بگەڕێت و یارمەتیی داوە لە بواری هونەردا بەردەوام بێت.
ماگی دەربارەی دایكی دەڵێت: «دایكم بۆ من سەرچاوەی ئیلهامە و بە نموونەی بەرزی و نزیكترین و ئازیزترین هاوڕێی ژیانی خۆمی دەزانم، هەروەها خۆم زۆر بە بەختەوەر دەزانم، كە دایكێكی بەم شێوەیەم هەیە، لەبەر ئەوەی دایكم بەریتانییە، منیش ئێستا خۆشەویستییەكی بێ سنوورم بۆ ئەو وڵاتە هەیە و حەز دەكەم زۆربەی كاتەكانم لەوێ بەسەر ببەم، ئەمەش هەمووی بۆ خۆشەویستیی دایكم دەگەڕێتەوە.»
Top