نیكۆڵ: هونەر كارێكی ئاسان نییە
لە هەموو بوارە هونەرییەكاندا نیكۆڵ سەركەوتوو بووە و توانیویەتی جەماوەرێكی زۆر بۆ خۆی پەیدا بكات و جێپەنجەی دیار بێت، ئەگەرچی لەبەر سەركەوتنی لەو بوارانەدا زۆر جار هونەرمەندان رووبەڕووی رەخنە و بێزاری و تووڕەیی جەماوەر دەبنەوە، بەڵام نیكۆڵ رایەكی تا راددەیەك جیاوازی لەگەڵ هونەرمەندانی دیكە هەیە و پێیوایە هیچ كارێك نییە مرۆڤ ئەنجامی بدات، بێ ئەوەی باجی هەبێت، بۆیە دەڵێت: «زۆرم لەلا سەیرە كاتێك هەندێك لە هونەرمەندان دڵتەنگی و بێزاریی خۆیان لە جەماوەر دەردەبڕن، یان بەرامبەر گرتنی چەند وێنەیەك، یان گرتەیەكی ڤیدیۆیی، هونەرمەندان زۆر بە توندی دژی رۆژنامەنووسان هەڵویست وەردەگرن، من بە هیچ شێوەیەك پشتگیری لەوە ناكەم كە ئازادیی هیچ كەسێك لەلایەن میدیاكانەوە ببەزێندرێت، بەڵام نابێت ئەوەش لە بیر بكەین كە ئەگەر هونەرمەند نەتوانێت سەركەوتوو بێت و شوێنی خۆی لە دڵی بەشێكی زۆری جەماوەردا نەكردبێتەوە، نە كەس خۆشی دەوێت و نە كەسیش ئامادەیە دژی بوەستێتەوە، یان بیشكێنێتەوە، بۆیە كاتێك باسی من دەكرێت، یان رەخنەم لێ دەگیرێت، ئەو كات هەست دەكەم شتێكم كردووە»، دەربارەی خۆشەویستیی جەماوەریش بۆ هونەرمەند دەڵێ: «تاكە سەرمایەی هەر هونەرمەندێك بریتییە لە جەماوەرەكەی، بۆیە كاتێك جەماوەر هەر هەڵوێستێك بەرامبەر بە هونەرمەندێك بنوێنێت، ئەگەر بە دڵیشی نەبێت، پێویستە قبووڵی بكات، چونكە ئەمەیە باجی سەركەوتن و پێویستە هونەرمەند خۆی لێ نەدزێتەوە.»