سەرۆكی برازیل: لیۆناردۆ هۆكاری سووتاندنی دارستانەكانی ئامازۆنە
سەرۆكی برازیل دەڵێت: (لیۆناردۆ دیكاپریۆ كەسێكی باشە. وانییە.. ئەو پارە تەرخان دەكات بۆ سوتاندنی دارستانەكانی ئامازۆن), ئەم ووتانە لە دوای ئەوە هات كە هێزەكانی پۆلیس دەستیان كرد بە لێكۆڵینەوە و هەڵكوتانە سەر دوو ڕێكخراو لە ویلایەتی (پارا), وەلەدواییدا ڕاگەیەندرا كە ئەوان خۆیان ئاگر درووست دەكەن بۆ ئەوەی پارەو هاوكاریان دەست بكەوێت .
لێدوانی سەرۆكی برازیل تۆمەتی گەورە دەخاتە پاڵ ئەم ئەستێرە سینەماییە, بەم هۆیەوە لیۆناردۆ لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئانستگرام خێرا وەڵامی دایەوە و پاڵپشتی خۆی بۆ خەڵكی برازیل دووپات كردەوە كە هەموو پێكەوە كار دەكەن لە پێناو سووشت و پاراستنی ژینگە, وە دووپاتی كردەوە كە ئەو پابەندە بەوەی پاڵپشتی لە ڕێكخراوە فەرمییەكان و دەزگا حكومییەكان بكات لە پێناو پاراستنی ناوچەی ئامازۆن و دواڕۆژی هەموو خەڵكی برازیل .
لە مانگی ئابی ئەمساڵ لیۆناردۆ دیكاپریۆ لە ڕێی ڕێكخراوەكەیەوە كە دەزگایەكی فەرمی و باوەڕپێكراوە, بە بڕی 5 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی هاوكاری خۆی بۆ كوژاندنەوەی ئاگرەكەی ئامازۆن نیشاندا, كە لە دوای ئەو ئەكتەری هۆڵیوود (وێڵ سیمس) بووە هاوبەشی و پێكەوە لە پێناو پاراستنی ژینگە كاریان كرد .