عەدنان كەریم بە "شەوبا دەگەڕێتەوە
لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا عەدنان كەریم بۆ دەزگاكانی راگەیاند ئەوەی خستەروو: "ئەو ئەلبوومە تازەیەم جیاوازیی هەیە، لەچاو سەرجەم ئەلبوومەكانی پێشووم. جیاوازییەكانیش بریتییە لە ناوەرۆكی بەرهەمەكە، تا دەگاتە شێوازی دابەشكردن و ئامادەكردنی میوزیكی بەرهەمەكە، كە لەلایەن ئۆكێسترای نیشتمانیی چیك لە شاری پراگ كاری میوزیك و تۆماركردنی بۆ كراوە، هەروەها بۆ یەكەمین جار من چەند هۆنراوەیەكی یەك شاعیر لە 3 تراكی 42 خولەكیدا بەرهەم بهێنم، هەروەها لەو ئەلبوومەدا هارمۆنیای ئاستێكی بەرزی میوزیكی بەدی دەكرێت و، تەنانەت لە رووی ئەدا كردنی خۆشمەوە هەوڵم داوە بەرهەمێكی تازە بخوڵقێنم".
عەدنان كەریم لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا لەبارەی كاركردنی لەگەڵ ئەو گرووپە میوزیكییە لە وڵاتی چیك ئەوەشی خستەروو: "بۆ من و هەموو ئەو هونەرمەندانەی كورد، گرنگەو پێویستە ئێمە بە میلۆدی و ئاوازی خۆمان بچین لەگەڵ گرووپێكی وەك گرووپی میوزیكی چیكی كار بكەین و، بەرهەمێكی كوردی بەرهەم بهێنین، بەڵام نەك بە ئاوازێكی كۆپی كراو بچینە بەردەستی ئەو جۆرە گرووپانەو بمانەوێ كارێكی باش بهێنینە بوون! چونكە ئەو جۆرە گرووپانەش دەیانەوێ كارێكی جیاواز و بۆ هونەرێكی جیاواز بكەن، با من روونتر و ڕاشكاوانەتر ئەوە بڵێم ئێمە پێویستە وەك خۆمان لە خۆمان بچین، نەك لە هونەری خەڵكی دیكەو نەتەوەی دیكە بچین، چونكە ئەوان بەباشی دەتوانن كار بۆ میلۆدی و ئاوازی خۆیان بكەن، پێویست ناكات ئێمە بێین و كۆپی كاری ئەوان بكەین!"
لەبارەی ناوەرۆكی ئەلبوومە تازەكەی هونەرمەند عەدنان كەریم گوتی: "ئەو ئەلبوومە لە 3 هۆنراوەی شاعیری گەورەی كورد مامۆستا هێمن موكریانی پێك هاتووە، ئەوانیش هۆنراوەكانی گریانی نیوە شەو، عیشق و ئازادی، گۆمی خوێن سەرجەمیان لەو ئەلبوومەدا ئاوازم بۆ داناون، هونەرمەند كارزان مەحموود كاری دابەشكردن و رابەری ئۆكسترای لەكاتی ژەنینی میوزیكدا ئەنجامداوە، لە 17/1/2016 تۆمار كراوەو ئامادەیە، بەڵام لەبەر كۆمەڵێك رووداو، كە بەسەر كوردستاندا هات لە قۆناغە جیا جیاكانی ئەو چەند ساڵە رابردوو، سوپاس بۆ خوا توانیمان لە دوو كۆڕی جیاواز لە هەردوو شارەكانی هەولێر و سلێمانی بڵاوی بكەینەوە، سوپاسی ئامادەبوونی سەرجەم هونەرمەندان و رۆشنبیران و جەماوەر و گوێگران دەكەم، ئومێدەوارم ئەو ئەلبوومەش كە دەبێتە 16 ئەلبوومی گۆرانیی من، ببێتە مایەی رەزامەندییان".
لە كۆتایی دا لەبارەی هۆكاری بڵاوكردنەوەی ئەلبوومی شەوبا جیاواز لە ئەلبوومەكانی دیكەی لە رێگەی تۆمارگاكان بڵاو نابێتەوە، روونی كردەوەو گوتی: "ئەو ئەلبوومە خۆم هەر وا بەنیاز بووم لە رێگەی كتێبخانەكان بڵاوی بكەمەوە، چونكە لە ڕاستیدا منیش و زۆربەی هونەرمەندانی هاوڕێمان لە رابردوودا ئەو بەركەوتنەمان لەگەڵ تۆمارگاكان هەبووە، ئەلبوومی گۆرانی بە شێوەی ئۆرجیناڵ نافرۆشن بەردەوام كۆپی دەكەن، ئیدی ناشكرێت هەمیشە خەریكی ئەو گلەییە بین. دیارە نەبوونی ئەو مافەش لەماوەی 28 ساڵی رابردوو نەتوانرا مافێك بۆ بەرهەمە هونەرییەكانمان دابین بكرێت، ناچاریین شێوازەكە بگۆڕێین و، ئەو بەرهەمە لە رێگەی كتێبخانەكان لە سەرجەم شارەكانی كوردستان بڵاوی دەكەینەوە، پێم وایە زۆر باشتر و جوانتریش دەگاتە گوێگران و هونەردۆستان!".