ساندرا ئەلیساندرا: تەنیا پشت بە توانا و بەهرەكانی خۆم دەبەستم

ساندرا ئەلیساندرا: تەنیا پشت بە توانا و بەهرەكانی خۆم دەبەستم
ساندرا ئەلیساندرا، خانمە گۆرانیبێژی كورد، بەوە ناسراوە كە كچێكی رەچەشكێنە، بەتایبەتی لە ڤیدیۆكانیدا، چونكە لە نێو ڤیدیۆ كلیپەكانیدا بە نیمچەڕووت و ورووژێنەر دەردەكەوێت و بووەتە جێگای قسەو باسی سۆشیاڵ میدیای كوردی، بەڵام ئەو وەڵامی ئەو كەسانە ناداتەوە كە رەخنەی لێ دەگرن و ئەمە بە بەشێك لە ئازادیی خۆی دەزانێت و بەردەوامیش دەبێت لەسەر ئەو ستایلەی، بۆیە بە پێویستمان زانی لەگەڵ ساندرا گفتوگۆی ئەم بابەتە بكەین و ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.

* چۆن خۆت بە خوێنەرانمان دەناسێنیت؟
- من كوردێكی باشووری كوردستانم و لە سلێمانی لە دایكبووم، زۆر منداڵ بووم كاتێك لەگەڵ بنەماڵەكەمان كۆچمان كرد بۆ وڵاتی سویسرا، لەوێش خوێندنم لە بەشی بازرگانی تەواو كرد، دەمێكە دەستم بەكاری هونەری كردووە و دوو ڤیدیۆ كلیپم هەیە، كە هەردووكیان دەنگدانەوەیەكی زۆر باشیان هەبووە، ناوی ساندرا ناوی راستەقینەیەی منە و ناوێكی خوازراو نییە، بەڵام لە ئەوروپا بە ئەلیساندرا بانگ دەكرێم و ئەم ناوەم وەرگرتووە، لەبەر ئەوەی من لە سویسرا دەژیم، نەمویست ناوەكە بگۆڕم، خۆیشم لە نێو كاری هونەریدا ئەم ناوەم بەكارهێنایەوە و بووەتە ناوێكی فەرمیی من، هەر بەم ناوەش لە نێو كاری هونەری دەناسرێمەوە.
* چۆن دەستت بە كاری هونەری كرد و لە كەیەوە ئەم ستایلەت هەڵبژاردووە؟
- راستە من كوردم، بەڵام ئەو هونەرەی من پێشكەشی دەكەم، زیاتر هونەرێكی جیهانییە. من نازانم كۆمەڵگەی كوردی چۆن پێشوازی لە دەنگ و گۆرانی و دەركەوتنی من دەكات، بەڵام من دەنگ و رەنگ و ستایلێكی جیاواز و شتێكی نەبینراو دەبم، ئەگەر كاردانەوەی كۆمەڵگەشم لەسەر بێت، لە هەمان كاتدا خەڵكانێكی زۆر بەتایبەتی گەنجان پێشوازیم لێ دەكەن، من لە سەرەتای كاری هونەریم و ئێستاش ئەو كارە هونەرییانە دەكەم كە دمەوێ پێشكەشیان بكەم.
* لە نێو هونەرمەندان كەس هاوكاریی كردوویت؟
- هیچ هونەرمەندێكی كورد، یان بیانی هاوكاریی منی نەكردووە، چونكە پێویستم بە هاوكاریی هیچ كەسێك نییە و حەزم كردووە هەموو شتەكان تایبەتی خۆم بن، تاكو دواتر كەس نەتوانێت شتێكم لێ وەربگرێتەوە، بۆیە هەر كە لە سەرەتاوە دەستم پێكردووە و تا ئێستا، خۆم خاوەنی هەموو ئەو شتانەم كە پێشكەشم كردووە و بەرهەمم هێناوە.
* پێتوایە بەو شێواز و ستایلەی ئێستای خۆت سەركەوتوو دەبی؟
- من پێموایە دەنگ و رەنگێكی جیاوازم، جووڵە و رەنگێكی نەبینراوم، ستایلی جیاواز و تایبەتی خۆم هەیە و پێموایە سەركەوتوو دەبم، بەڵام من لە كارێكەوە بۆ كارێكی تر جیاواز و بە نوێكارییەوە دەردەكەوم، بۆیە پێموایە زۆر سەركەوتوو دەبم.
* لە كارەكانتدا چ پەیامێكت هەیە؟
- مرۆڤ لە هەر بوارێكی ژیاندا ئەگەر شتێك پێشكەش بكات هەمیشە پەیامی هەیە، ئایا پەیامەكانم لە كۆمەڵگای كوردی بەو شێوەیە دەگات كە بە ویستی من بێت؟، من كچێكی ئازام، ئازادییەكی ئازایانەم هەیە، بە تەكنیك و ستایلی خۆم دەركەوتووم بە شێوازێكی نەبینراو و دووبارە نەبووە، ئەمە بۆخۆی پەیامێكە، پەیامی دووەمیشم ئەوەیە كە من تەنانەت لە رووكەشدا وەك مكیاژم و نینۆك و قژی دەستكردم بەكارنەهێناوە و كارانم سرووشتین، كە لە ئێستادا ماكیاژ لە كۆمەڵگای كوردیدا رۆڵێكی بەرچاوی هەیە و دەستیان داوەتێ، ئەمەش یەكێكە لە پەیامەكانی من كە كچان دەتوانن بە سرووشتی خۆیان دەركەون زۆر زۆر جوانترە لەو شتە دەستكردانەی خۆیان پێوەی سەرقاڵ دەكەن و پێیان وایە هونەر ئەمەیە، كە ئەمەش یەكێكە لە جیاوازی و تایبەتمەندییەكانی من.
* جیا لە گۆرانی گوتن لە هیچ بوارێكی دیكەی هونەریدا كارت كردووە؟
- بەر لەوەی روو بكەمە گۆرانی لە شانۆی سەرشەقامدا بەشداریم كردووە و بەرنامەم هەیە لە داهاتوودا بە بینینی رۆڵی سەرەكی لە فیلمێكی سینەماییدا بەشداری بكەم، ئەم فیلمە لە وڵاتی ئەڵمانیا كاری بۆ دەكرێت.
* ئەو ستافەی كاریان لەگەڵدا دەكەی چەندیان كوردن؟
- ئەو كەسانەی كە لە رابردوودا كارم لەگەڵیاندا كردووە، هیچیان كورد نەبوون، جگە لە دوایین كارم كە دەرهێنەرەكەی كاك رەوەند جەواد و وێنەگرەكەی كاك عەدنان سالار بوو، بە شێوەیەكی زۆر سادە و ساكار لە وڵاتی ئەڵمانیا كاری ڤیدیۆ كلیپەكەمان كرد.
* لە خانەوادەكەت كێ پشتیوانیت دەكات؟
- جگە لەو خانەوادەی لەگەڵیان دەژیم كە دایك و باوك و خوشك و براكانمە، بۆچوونی هیچ كەسێكی دیكە وەرناگرم، ئەوان پێش خۆم رازی بوون لەسەر ئەو شێوازە دەركەوتنەی من، بەتایبەتی باوكم لە من خۆشبەختترە كە من توانیومە بە شێوازێكی زۆر زۆر جیاواز بێمە ناو هونەرەوە.
* راشكاوانە پێمان بڵێ پشت بە تواناكانی خۆت دەبەستی، یان سەرنجڕاكێشی و ورووژاندن؟
- لای من هیچ دەستەواژەیەك نییە بە ناوی ورووژاندن و باوەڕم پێی نییە، تەنیا و تەنیا باوەڕم بە توانا و جیاوازی و بەهرەی تایبەتی خۆم هەیە.
* ئامادەی لە كوردستان بەو ستایلە دەركەوی؟
- بەڵێ، ئامادەم لە كوردستان بەو شێواز و ستایلە دەربكەوم و كار بكەم و ئەگەر لە كوردستانیش ژیابام، دڵنیابن بە شانازییەوە هەر بەو شێوەیە دەردەكەوتم.
* بەو ستایلەی تۆ، كاری هونەری لە ئەوروپا چۆنە؟
- بۆ من كاری هونەری لە ئەوروپا زۆر سەختە، بە تەنیا بە ئۆتۆمبێل لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی دیكە هەزاران میل دەبڕم، تەنیا بۆ ریكۆرد، یان كلیپكردنی گۆرانییەك، بێگومان ئەمە سەختە، بەڵام دواجار من هەر شتێكم بوێت، هەوڵی بۆ دەدەم، لای من نابێ هیچ شتێك بە خەون بمێنێتەوە، دەمەوێ بە هەموو ئەو شتانە بگەم كە دەمەوێ ئەنجامیان بدەم.
* بۆچی بەرهەمی هونەریت كەمە؟
- من ساڵێكە دەستم بە كاری هونەری گۆرانیگوتن كردووە، ئەمەش ماوەیەكی زۆر كەمە، تا ئێستا دوو كلیپم هەیە و لە ئێستادا كلیپێكی نوێم بەرهەمهێناوە.
* جگە لە زمانی كوردی بە چەند زمانی دیكە گۆرانیت گوتووە؟
- بە ئیتاڵی و ئینگلیزی و ئیسپانی گۆرانیم هەیە، لەبەر ئەوەی حەزم لەوەیە بە زمانی دیكەش گۆرانی بڵێم، بڕیارم داوە لە داهاتوودا بە زمانەكانی دیكەش گۆرانی بڵێم، ئەو بەهرەیەشم هەیە كە جگە لە زمانی كوردی دەتوانم بە شەش زمانی دیكەش گۆرانی بڵێم، هەروەها من دانسەرێكی زۆر باشم، هاوكات بەهرەیەكی باش لە بواری گۆرانیگوتن و سەما لە خۆمدا دەبینم، من پێموایە گۆرانیگوتن تەنیا وشەگوتن نییە، دەبێت گۆرانیبێژ هونەری جەستە و نمایشكردنی جەستەشی هەبێت، بۆیە من دەمەوێت بەشێوازێكی نوێ كاری هونەری پێشكەش بكەم.
Top