كابور: ژیانی تایبەتی خۆم بە پلەی یەكەم دێت

كابور: ژیانی تایبەتی خۆم بە پلەی یەكەم دێت
لە لێدوانێكدا دەربارەی رەتكردنەوەی رۆڵی لە فیلمی Dil Dhadakne Do كارینا كاپۆر جەماوەری تووشی شۆك كرد و وەڵامەكەی بە شێوەیەكی زۆر چاوەڕواننەكراو بوو، چونكە كارینا كاپۆر بەوە ناسراوە كە هونەر و خۆشەویستیی بۆ هونەر لە سەرووی هەموو شتێكە و هیچ كاتێك بێ هونەر و سینەما ناژیت .
كارینا لە وەڵامی پرسیارەكەدا وتی: «ئێستا ژیان گۆڕاوە بەتایبەتی دوای ئەوەی لەگەڵ (سەیف عەلی خان) ژیانی هاوسەریم پێك هێنا، بۆیە ئێستا بەر لە هەموو شتێك گرنگی بە ژیانی تایبەتی خۆم و خێزانەكەم دەدەم و ژیانی تایبەتی خۆم بە پلەی یەكەم دێت، ئینجا بیر لە هونەر و سینەما دەكەمەوە»، سەبارەت بە رەتكردنەوەی فیلمەكە گوتی: «بۆ بەشداریكردن لەم فیلمە پێویستە سێ مانگ لە دەرەوەی وڵات بم و نەگەڕێمەوە، منیش بە هیچ شێوەیەك ئامادە نیم ئەم كارە بكەم، بەتایبەتی لەو بارودۆخەی ئێستامدا، بۆیە ئەم بارودۆخە وای لێكردووم بە دوای فیلمێكدا بگەڕێم كە وەك كارێكی رۆژانەی هەر فەرمانبەرێك بەشداریی تێدا بكەم، بێ ئەوەی كاریگەریی لەسەر ئەركی خێزانی و ماڵەوەم هەبێت، چونكە من ئامادە نیم بە هیچ شێوەیەك ئەركەكانی خۆم بەرامبەر بە خێزانەكەم بكەمە قوربانی هیچ شتێك، تەنانەت هونەر و سینەماش» .
پێویستە بوترێت دوای ئەوەی كارینا رۆڵەكەی رەت كردەوە، ئێستا ئەنۆشكا شارما شان بە شانی هەر یەكە لە برینكا شۆبرا و فەرحان ئەختار و ئەنیل كابور دیاریكراوە بۆ بینینی رۆڵی سەرەكی لە فیلمەكە.
Top