ئەلیسا بە گۆرانییەك پاڵپشتی لە خۆپیشاندەرانی لوبنان دەكات

ئەلیسا بە گۆرانییەك پاڵپشتی لە خۆپیشاندەرانی لوبنان دەكات
خانمە گۆرانیبێژی لوبنانی(ئەلیسا)ی تەمەن 47 ساڵ, بە هۆی خراپی باری گوزەرانی خەڵكی و پێشێلكردنی مافەكانیان لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان چەندین جار دەنگی بەرز كردەوە, ئەم خانمە بە بەشداری كردنی لە خۆپیشاندان و كۆمێنتەكانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نەوەستاو لە چەناڵی تایبەتی خۆی لە یوتیوب گۆرانییەكی نوێی بڵاوكردەوە بە ناوی(عم ثور), كە كلیپەكەی بریتییە لە كۆكراوەی گرتە ڤیدیۆكانی نێو خۆپیشاندەرانی لوبنان .

تێكستی ئەم گۆرانییەی ئەلیسا پێناسەیە بۆ دەسەڵاتداران بۆ ئەوەی بزانن كە خۆپیشاندەرانی بەیروت بە ڕاستی لوبنانین و داوای نیشتمانێكی ئازاد دەكەن, هەروەها نامەیەكە بۆ ئەوەی بەرپرسان ئاگادار بن لەوەی كە دەنگی میللەتی لوبنانی هەموو زەبر و زەنگێك ڕەتدەكاتەوە .

لەلایەكی تریشەوە لە ئیمارات بە بۆنەی ڕۆژی سەربەخۆیی لوبنانەوە, ئاڵای ئەو وڵاتە لە پاڵ تاوەری خەلیفە نمایش كرا, بەم هۆیەوە هاونیشتمانیان و هونەرمەندانی لوبنان خۆشحاڵ بوون بەم ڕەفتارە جوانەی ئیمارات و سوپاسگوزاری ئەو وڵاتە بوون .
Top