ئایسەل بوراک: پیاو لەسەر سەرشۆی زاوا گۆرانی گوتووە، بەڵام من ئەم رێچكەیە دەشكێنم

ئایسەل بوراک: پیاو لەسەر سەرشۆی زاوا گۆرانی گوتووە، بەڵام من ئەم رێچكەیە دەشكێنم
لە باكووری كوردستان دەیان كچە هونەرمەندی دەنگخۆش هەن كە لە پاڵ ئەوەی بە شێوەیەكی ئەكادیمی هونەری كوردییان رازاندۆتەوە و لە و بوارەودا خزمەت دەكەن، بەڵام لە هەمان كاتدا نەك فۆلكلۆر و گۆرانیی رەسەنی كوردییشیان فەرامۆش نەكردووە، بگرە كردوویانە بە هەوێنی كارەكانیان و بە بناغەیەكی پتەو و رەسەنی دادەنێن. ئایسەل بۆراك یەكێكە لەو كچانە كە لە رێگای لاوك و گۆرانییە رەسەنەكانەوە ناسراوە، لە هەمان كاتدا قوتابیی بەشی موزیكە لە ئەستەنبوڵ و هەوڵ دەدات ئەكادیمییانە خزمەت بە هونەری كوردی بكات.
* زۆر لە هونەرمەندانی باكووری كوردستان لە خانەوادەكانەوە دەستیان بە كاری هونەری كردووە، دەستپێكی كاری ئێوە چۆن بوو؟
- من لە ناوەندی هونەرو میوزیكی میزۆپۆتامیای وان بووم، كە ئەو كات تەمەنم تەنیا نزیكەی ١٠ ساڵ دەبوو، بەڵام دوای ئەوەی چوومە ئیستەنبوڵ، لەوێ هەوڵمدا بەشداری لە چەند خولێكی فێركاریی ئامێرەكانی میوزیك بكەم، خۆشبەختانە توانیم خۆم فێری ئامێری گیتار بكەم، كە زۆر هاوكارم بووە بۆ ئەوەی بەردەوام بم لە گۆرانی گوتن، جگە لەوە هیچ هاوكاری و پاڵپشتییەكم نەبووە، هەر خۆم توانیومە خۆم فێری ئامێری میوزیك بكەم و دەست بە گۆرانی گوتن بكەم، تاوەكو ئێستاش هیچ كەسێك دەستی نەگرتووم تا هاوكاریم بكات.
* وەك كچە كوردێكی باكوور، چۆن لە گۆرانی و موزیكی كوردی دەڕوانیت؟
- ژیانم بۆ میوزیك و گۆرانی تەرخان كردووە، جگە لە گۆرانی گوتن هیچ كارێكی دیكە ناكەم، لە زستاندا لە زانكۆ دەخوێنم، بە وەرزی هاوینانیش سەرقاڵی كۆنسێرت و ئاهەنگی شایی و داوەتم، لەو شار بۆ ئەو شار دەڕۆین و گۆرانی كوری پێشكەش دەكەین، بەداخەوە ئێستا لە باكووری كوردستان رێگا نادرێت كۆنسێرت و داوەت لە دەرەوە بكرێت، دەبێت تەنیا كۆنسێرتەكان لە ناو هۆڵەكاندا بن، ئەمەش كێشەی بۆ ئێمە و بۆ خەڵكیش دروست كردووە، لە باكووری كوردستان مرۆڤ ناتوانیت لەبەردەم ماڵەكەی خۆیشی كۆنسێرت و گۆرانی پێشكەش بكات، ئەمەش لەبەردەم كاری هونەرمەندان بووەتە بەربەستێك.
* گۆرانی (سەرشۆ) بۆ تۆ چی دەگەیەنی؟
- یەكەمین كاری هونەریی من كلیپێك بوو بەناوی سەرشۆ، كە ئەم گۆرانییە فۆلكلۆری ناوچەی بادینانە و لە كاتی زەماوەندا زاوا دەبرێتە گەرما، وەكو دابونەریتێكی كۆنی ئەم ناوچەیە، بۆیە گۆرانییەكە لەسەر ئەم نەریتەی ناوچەی بادینان بەرهەم هاتووە و هەر لە ناوچەی ئامێدی و دەوروبەری كلیپەكە لەلایەن دەرهێنەری بەتوانا حوسێن حەسەنەوە وێنەی گیراوە، ئەمە یەكەمین بەرهەمی من بووە وەكو كلیپ، بەڵام كۆنسێرت و ئاهەنگی زۆرم هەیە، هەروەها من یەكەم ژنم كە لەسەر سەرشۆی زاوا گۆرانیم گوتووە، هەمیشە گۆرانیبێژی پیاو لەسەر سەرشۆی زاوا گۆرانییان گوتووە، بەڵام من حەزم كرد ئەم رێچكەیە بشكێنم.
* دەڤەرەكەی ئێوە بە مەقام و لاوك ناسراوە، تۆش بە شێوەی ئەكادیمی هونەر دەخوێنی، چۆن دەتوانی لەو دوو ئاراستەیەدا سەركەوتوو بی؟
- لە سەرەتای كاری هونەری و گۆرانی گوتنمدا لاوك و مەقاماتم دەگوتەوە، بەتایبەتی لاوكی دەنگبێژە ناودارەكانی كورد، كە ئێستاش لەسەر زاری بەشێكی زۆری خەڵكی ئەم ناوچەیەدا ماون، دەنگبێژی پانتایەكی مەزنی لە دڵ ودەروونمدا گرتووە، هەموو كارو چالاكییەكانم لەسەر بنكەی دەنگبێژان بنیادنراوە، زۆر حەز لە دەنگبێژەكانی ناوچەی بۆتان و بادینان دەكەم، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەشێوازی نوێ گۆرانی دەڵێم و هەوڵدەدەم لە هەموو ستایلەكان میوزیك و گۆرانی بڵێم، بەڵام بەشێوازێكی ئەكادیمی و پرۆفیشناڵ گۆرانییەكان دەڵێمەوە، هیوادارم بەدڵی هەوادارانی میوزیكی كوردی بێت.
* بە هۆی تەكنۆلۆژیا و نزیك بوونەوەی گەلان ئێستا بەشێك لە هونەرمەندانی كورد مۆسیقای كوردییان تێكەڵ بە ستایلی بیانی كردووە، چی دەڵێی بۆ ئەمانە؟
- من هەمیشە دژی ئەوە بووم كە گۆرانی و میوزیكی فۆلكلۆری كوردیی رەسەن دەستكاری بكرێت و بەستایلێكی نوێ كاری لەسەر بكرێت، چزنكە رەسەنایەتی خۆی لەدەست دەدات، ئەگەر دەستكاری میلۆدی و تێكستی ئەو گۆرانیانە بكرێت ئەو تام و چێژەی جارانی نابێت.
* ئایا لە گۆڕەپانی هونەری كوردیدا هونەرمەندانی ئافرەت لە چ ئاستێكدان؟
- بەشێك لە ئافرەتە هونەرمەندەكان كاریان لەسەر گۆرانیگوتن لەسەر مافەكانی ئافرەتان و خەبات و كێشەكانیان كردووە، بەڵام ئەوە راستە كە ئەم هەواڵانە كەمن و دەكرێت زیاتر لەسەر مافەكانی ژنان كار بكرێت، ئێمەی هونەرمەندانی ئافرەت دەبێت بەشێوەیەكی فراوانتر كار لەسەر پرسی ئافرەتان بكەین، تا لە نێو كارە هونەرییەكاندا جێگایان بۆ بكرێتەوە و لەبەرچاو بگیرێن.
بەداخەوە تاوەكو ئێستا بەشێكی زۆر لە هونەرمەندانی باكووری كوردستان وەكو هونەرمەندانی جیهان و تورك نەیانتوانیوە لەرێگەی هونەرەكەیانەوە بژێوی خۆیان دابین بكەن، بەداخەوە ئێمە شەش ساڵ جارێكیش ناتوانین ئەلبوومێكی گۆرانی بڵاوبكەینەوە، من نزیكەی دوو ساڵ كارم كردووە بۆ ئەوەی بتوانم گۆرانییەكی سینگل تۆمار بكەم و بڵاوی بكەمەوە، چونكە یان دەبێت بۆ بژێوی ژیانم كار بكەم یان بۆ هونەرەكەم، ئەمەش بارگرانییەكی زۆری لەسەر شانی هونەرمەندانی باكووری كوردستان دروستكردووە.
* پەرتەوازەیی و دابەشكردنی كوردستان بەسەر چوار وڵاتدا، چ كاریگەرییەكی لەسەر هونەری كوردی و پێشكەوتنی ئەو هونەرەوە هەبووە؟
- بێگومان كاریگەرییەكی نەرێنیی هەبووە، سەرەڕای ئەوەی كە ئێستا بە هۆی پێشكەوتنی تەكنۆلۆژیاوە تا راددەیەك ئەو كاریگەرییە كەم بۆتەوە، بەڵام هەر ماوە، زۆر بەداخەوە پەیوەندی لە نێوان هونەرمەندانی هەرچوار پارچەی كوردستان زۆر كەمە، لە نێو سینەماكاران و شانۆكاران و گۆرانیبێژانیش هەیە، ئەمەش كەمو كووڕییەكی زۆر گەورەیە، كە تاوەكو ئێستا نەتواندراوە ئەو پردە لە نێوان هونەرمەندانی هەرچوار پارچەی كوردستان دروست بكرێت، پێویستە پلاتفۆرمێك هەبێت بۆ ئەوەی هەموو هونەرمەندانی كورد لە ژێر یەك چەتردا كۆ بكاتەوە، هەڵبەتە جیاوازی ئایدۆلۆژیای سیاسی كاریگەریی لەسەر هونەرمەندانی كوردستانیش هەبووە.

پرۆفایل:

ناوی تەواوی ئایسەلە و پاشناوی بوراكە، لە ساڵی ١٩٨٩ لە شاری وان-ی باكووری كوردستان لەدایكبووە، بە رەچەڵەك خەڵكی ناوچەی جۆلەمێرگە، بەڵام دەمێكە ماڵباتەكەی بۆ شاری وان كۆچیان كردووە.
تاوەكو تەمەنی ( 9 ) ساڵی هەر لە وان ژیاوە، بەڵام دواتر وەكو بەشێك لە خەڵكی ئەم ناوچەیە بۆ كاركردن رووی لە ئیستەنبۆڵ كردووە، و لەوێ ژیانی بردووەتەسەر و خوێندنیشی هەر لەم شارە بووە، تاوەكو قۆناغی زانكۆ، ئێستاش قوتابییە لە بەشی میوزیكی زانكۆی ئیستەنبوڵ، چونكە هەوڵ دەدات بەشێوەیەكی زانستی و ئەكادیمی و زانستی لە میوزیك و هونەری گۆرانیی كوردی شارەزا بێت.
Top