یەكەمین دیداری نێودەوڵەتیی كورتە فیلمی ئەنیمەیشن لە هەولێر

یەكەمین دیداری نێودەوڵەتیی كورتە فیلمی ئەنیمەیشن لە هەولێر
بەڕێوەبەرایەتیی هونەری سینەمای هەولێر لە درێژەی كار و چالاكییە هونەرییەكانیدا، یەكەمین دیداری نێودەوڵەتیی كورتەفیلمی ئەنیمەیشن لە هەولێر ساز دەكات. ئەم دیدارە كە لە ناوچەكە و كوردستانیش جۆر ونموونەی نییە و زۆر تایبەتمەندە، پەنجا كورتە فیلم لە 17 وڵاتی جیهان بە كوردستانیشەوە تێیدا بەشدارن، چەندین كار و بەرهەمی تازەی كورتە فیلمی ئەنیمەیشنی كوردی بەرهەمی بەڕێوەبەرایەتیی سینەمای هەولێریش ئامادە كراون. جیا لە نیشاندانی فیلم، سێ پانێلی تایبەت لەسەر سینەمای ئەنیمەیشن و گرنگییەكانی لە هەموو بوارەكانی ژیانەوە ساز دەكرێن، لیژنەی دادوەران لە كورد و خەڵكانی غەیرە كورد پێك دێن، كۆمەڵێك میوان لە دەرەوەی وڵاتیش بشدار دەبن، چوار خەڵاتی سەرەكی بە سەر فیلمە براوەكاندا دابەش دەكرێت، باشترین فیلم، باشترین بیرۆكە، باشترین دەرهێنەری جێبەجێكار، باشترین فیلمی نێودوڵەتی. دیدارەكەش لە رۆژانی 26 تا 29 ی مانكی 11 ساز دەكرێ.
شاخەوان مستەفا، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی هونەری سینەمای هەولێر لە لێدوانێكیدا باسی لە گرنگیی فیلمی ئەنیمەیشن كرد، كە هونەرێكی تازەیە و لە فیستیڤاڵە سینەماییەكاندا گرنگیی پێ دەدرێت و پانتاییەكی فروان لە گرنگیپێدان و رووناكی خستنە سەر لەخۆ دەگرێت. بۆیە ئێمەش وەك كورد گرنگییەكی باشمان بە بوارەكە داوە و بە چەندین كورتە فیلم سەركەوتنی گەورە و بەرچاومان لە فیستیڤاڵەكان بەدەست هێناوە. ئەم دیدارەشمان كە نموونە و هاوتای نییە لە ناوچەكە، سەلمێنەری ئەوەیە كە دەمانەوێ گرنگیی زیاتر بەو بوارە گرنگەی سینەما و فیلم بدەین.»
Top