عەلی شارەزا: بواری نواندن منی گەنج کردووەتەوە! - چەتۆ حەسەن بە گەنجینەیەکی دەوڵەمەندی ھونەری کوردی دەزانم

عەلی شارەزا: بواری نواندن منی گەنج کردووەتەوە! -	چەتۆ حەسەن بە گەنجینەیەکی دەوڵەمەندی ھونەری کوردی دەزانم
ھونەرمەند (عەلی شارەزا)، ساڵانێکە لە بواری نواندن دا دەیان بەرھەمی ھونەری پێشکەش کردووە، ئەو بەرھەمانەی کە کاری بۆ کردوون پڕ بوونە لە گێڕانەوەی ئازار و مەینی خەڵک و کێشە و گرفتە کۆمەڵایەتیەکانی نێو کۆمەڵگەی کوردی.
(عەلی شارەزا) لەو چاوپێکەوتنەی (گوڵان)ـدا باس لە ڕۆڵی خۆی دەکات لە بواری نواندن و دەشڵێت: سەلوای من لە ژیان مامۆستا و گەورە ھونەرمەند (چەتۆ حەسەن)ـە، کە بوو بە قەڵایەک بۆ من تا بتوانم سەرکەوتووبم لە بواری ھونەردا، ھەمیشەش بە شانازییەوە لێی دەڕوانم و بەرھەمە جوانەکانی ئەوانیش منی بەرەو ھونەر ڕاکێشا.
• یەکەم ژوانت لەگەڵ ھونەر بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟
لە سەرەتای ساڵی 2008، وەک یەکەمین تاقیکردنەوە بەشداریم لە کارێکی ھونەری دا کرد، کە لەسەر دەستی (حاجی کەریم) بوو، دیارە لەو بەرھەمەشدا توانیم سەرکەوتووبم، ئیدی ناوبراو پێی گوتم کە دەبێت بەردەوام بیت و کاری جوانتر دەتوانی پێشکەش بکەیت، ئەمەش بوو بە ھاندانێکی باش بۆ من و وایکرد، کە متمانە بەخۆم بکەم، لە دوای ئەویشدا بەشداریم لە چەند بەرھەمێکی دیکەی ھونەری دا کرد، کە گێڕانەوەی گرفتەکانی نێو کۆمەڵگەی کوردی بوون.
• بۆچی بواری نواندنت ھەڵبژارد؟
دیارە خەونی من بووە، کە ڕۆژگار ڕێگە بدە بتوانم لەو بواردە خزمەتێکی بچووک پێشکەش بکەم، کاتێک کە چوومە بەردەم کامێراش ھیچ ترسێکم لەوە نەبوو، کە دەتوانم ئەدای ئەو بەرھەمە بکەم یان نا، ھێندە متمانەم بەخۆم ھەبوو، کە دەتوانم بڵێم لە کەم کەسدا ئەو بوێرییە ھەبووە، ئەوەش وای کرد، کە نواندن ببێت بە بەشێک لە ژیانی مندا.
• ڕاستە زۆربەی بەرھەمەکان نووسین و دەرھێنانی خۆتە؟
بەڵێ، ئەو بەرھەمانەی ئێستا لە نێو کەناڵە نێوخۆییەکاندا نیشان دەدرێت، خۆم ئەکتەر و دەرھێنەری بەرھەمەکەم، چونکە ناکرێت بەبێ پشتوانی دارایی تۆ ئەکتەری زیاتر بھێنیت و لە بەرامبەردا ھیچ بڕە پارەیەکی پێنەدەیت، کە حەقێکی خۆیەتی، ھاوکات ھاندانە بۆ بەردەوام بوون لەگەڵ کارەکانی ئێمە.
• ئەو ئەکتەرانە کێن کە شانازییان پێوە دەکەیت لەگەڵیان ڕۆڵت بینیووە؟
(عەبدولڕەزاق شەمسەدین، چەتۆ حەسەن، سابیر عەبدولڕەحمان) ھتد...، ئەوانە گەنجینەیەکی دەوڵەمەندن لە نێو ھونەری کوردی دا، حەقە ھەمیشە شانازی بە گەورەیی ئەو ھونەرمەندانەوە بکرێت، کە تەمەنی خۆیان بە ھونەری کوردی بەخشیووە، ئێستایش وەک مامۆستایەک لە ئەکادیمیا و ھونەردا دەدرەوشێنەوە، من و سەدانی وەک منیان پێگەیاندووە.
• لە چ بەرھەمێکدا ناوبانگت پەیدا کرد؟
دەتوانم بڵێم: چیرۆکی (منداڵێکی باش و باوکێکی خراپ)، بووە دەروازەیەک بۆ ناساندنی من لە نێو بواری نواندن دا، ئیدی خەڵکانێکی زۆر منیان ناسی و پێیان گوتم: ڕۆڵەکانت جوانن و دەبێت پەرە بە کارەکانت بدەیت، تا بتوانی خەونەکانت بەدی بھێنیت، لێرەشدا سوپاسی مامۆستا (چەتۆ حەسەن) دەکەم، کە بووە مامۆستایەک بۆ من، کە بەردەوام لە پشتەوەی سەکەوتنەکانی منە.
• پێتوایە ھونەرمەندێکی سەرکەوتووی؟
ئەو بڕیارە لای بینەری بەرھەمە ھونەرییەکانمە، نەک خۆم، چونکە من تەمسیل بۆ خۆم ناکەم، بەڵکو بۆ ئەو خەڵکەیە کە تێنووی بەرھەمێکی نوێی ئێمەیە.
• لە ڕۆڵەکانی خۆت ڕازی؟
بەڵێ، چونکە ھەریەکە و ماندوبوونێکی زۆرم پێوە دیووە.
• جلی کوردی چ کاریگەرییەکی بەسەر بەرھەمەکانی ئێوە ھەیە؟
ئێمە دەمانەوێ دوورکەوینەوە لە تەقالیدی بیانی، چونکە ئێمەش وەک گەلانی دیکەی جیھان خاوەن دەستوور و داب و نەریتێکی تایبەت بە خۆمانین، لە ڕووی ستایلیشەوە جلوبەرگێکی پۆشتەی کوردیمان ھەیە، کە سەرنجی زۆربەی وڵاتانی دنیای ڕاکێشاوە، بۆیە پێموایە ئەو جۆرە جل و بەرگە پێویستیەکە لە کارەکانی ئێمەدا، بە مەرجێک لەگەڵ چیرۆکەکان بگونجێت، کە ھەندێکجار ناچارین جلی دیکە بپۆشین.
• جیاوازی بەرھەمە ھونەرییەکانی ئێوە و ئەوانی دیکە چیە؟
ڕێز لە ھەموو ھونەرمەندانی دیکە دەگرم، بەڵام دەبینین ئەوان لە پەنای کاری کۆمێدیاوە توند و تیژی بڵاودەکەنەوە، کە ئەمەش خراپ بەکارھێنانی ھونەرە، یان دەبینین لە نێو کارە بازرگانیەکان شەق و خۆ سوورکردنەوە بەکار دێنن، ئەمەش دەبێتە ھۆکارێک کە منداڵە بچووکەکانمان چاو لەو بەرھەمە خراپانە بکەن، بۆیە بە پێویستی دەزانم لە ڕێگەی دەزگایەکی بەدواداچوونەوە ئەو بەرھەمانە قەدەغە بکرێن و ڕێگە بە بڵاوکردنەوەیان نەدرێت.
• پەیامی ئێوە چیە لەو بوارەدا؟
ھونەر بۆ خۆی پەیامێکی گەورەی لە کۆڵ گرتووە، بۆیە پەیامی ئێمەش تەنیا خزمەت بە ھونەری کوردی و بڵاوکردنەوەی ھوشیاری لە کارە دزێوەکانی نێو کۆمەڵگەی کوردی دا.
• بڕوات بەخۆت ھەیە وەک ئەستێرەیەک خۆت ببینیەوە؟
متمانەی گەورەم بەخۆم ھەیە، کە ڕۆژێک وەک ھەر ناوێکی جوان لەسەر تەختی شانۆ و نواندن دا ناوم بھێنن، چونکە من بۆ گیرفان پڕکردن ھونەرم ھەڵنەبژاردووە، بەڵکو عەشقێکی گەورەم بۆ ئەو بوارە ھەیە، کە دەتوانم بڵێم، دڵداری لەگەڵ بەرھەمە ھونەرییەکان دەکەم.
• لە نووسینی سیناریۆدا پشت بەچی دەبەستیت؟
نووسینی سیناریۆ لای من بۆ ھاتنی ئیلھامە، بۆ نموونە بە شەقامێک تێدەپەڕی دیاردەیەکی نامۆ دەبینی بەزوویی بیرم لەوە کردووەتەوە بیکەم بە ھەوێنی بەرھەمێکی نوێ، یان جاری وا ھەیە خەون و خەیاڵ جوانترین بەرھەمیان لێ لە دایکبووە و دواتر توانیوویانە خەڵاتی گەورە لە جیھان بەدەست بێنن.
• لە نێوان ھونەر و پارەدا کامیان ھەڵدەبژێریت؟
بێگومان ھونەر، چونکە بەشێکی گەورەی لە ژیانی من داگیرکردووە و بووەتە ئاو و ھەوا و ھەناسە بۆ من، بەڵام پارە تەنیا وەسیلەیەکە بۆ بەڕێکردنی ژیان، ئەگینا بە ھەژاری و بە دەوڵەمەندی ژیان ھەر جوانە و ھەر بەردەوامە، کەسیشم نەدیووە لە ھەژاری دا بمرێت.
• چیتان بۆ پێشمەرگە کردووە؟
پێشمەرگە ھێندە گەورەیە، ناکرێت بە بەرھەمێکی لاواز لاسایی بکەینەوە، بۆ ئەوەی سەرکەوتووبین لە بینی ڕۆڵ و قارەمانێتی پێشمەرگە ھاوکارێکی باشمان پێویستە.
• بیر لەوە کراوەتەوە، کورتە بەرھەمەکانتان لە خانەی نەوجەوانان و بەندیخانە نیشان بدەن؟
بەڵێ، ھەر کاتێکیش ئەوان داوامان لێبکەن ئامادەین، کە ئێوارەیەک بۆ بەرھەمە کوردییەکانی خۆمان تەرخان بکەین، کە پڕن لە گێڕانەوەی چیرۆکە کوردییەکان یان بەسەرھاتێکی کۆنی کوردەواری، دڵنیشام بەبینی بەرھەمەکانی ئێمە کەشێکی تایبەت دروست دەبێت و بەشێک لە خەمەکانی ئەوانیش کەم دەکەینەوە.
Top