ئه‌یوب عه‌لی پڕۆژه‌یه‌ك ڕاده‌گه‌یه‌نێت

ئه‌یوب عه‌لی پڕۆژه‌یه‌ك ڕاده‌گه‌یه‌نێت
ئه‌یوب عه‌لی، هونه‌رمه‌ندی كورد، پڕۆژه‌یه‌كى ڕاگه‌یاند و بڕیاره‌ زنجیره‌یه‌ك چالاكی له‌ ئه‌ورووپا ئه‌نجام بده‌ن.

له‌مباره‌یه‌وه‌ ئه‌یوب عه‌لى له‌ ڕێگه‌ی هه‌ژماره‌ تایبه‌تییه‌كانی خۆی، له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا، له‌گه‌ڵ بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌یه‌ك ئاشكرای كردووه‌، كه‌ پڕۆژه‌ی (نیشتمانی سێ) ڕاده‌گه‌یه‌نێت، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه‌، پڕۆژه‌كه‌ بۆ ناساندنی هونه‌ر و كولتووری كوردییه‌ له‌ ڕێگه‌ی به‌شدارییكردنیان له‌ پڕۆژه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه‌.

پڕۆژه‌كه‌ به‌ به‌شداریی چه‌ند هونه‌رمه‌ندێك ئه‌نجام ده‌درێت، له‌وانه‌ هه‌ژار زه‌هاوی، گۆران كامیل، سیاوه‌ش كامكار، ئه‌رتان ته‌كین، نیگار خاركان و رۆین ڤاسی.

ئه‌یوب عه‌لی له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا و له‌ به‌رنامه‌یه‌كی هونه‌ریی كه‌ناڵێكی یۆنانیدا، به‌شداری كرد، ئه‌و گۆرانییانه‌ی ئه‌یوب له‌و به‌رنامه‌یه‌دا پێشكه‌شی كرد، بینه‌رێكی زۆری له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا هه‌بوو.

ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ خه‌ڵكی سلێمانییه‌، كۆلێژی ئه‌ندازیاری له‌ زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین له‌ هه‌ولێر ته‌واو كردووه‌، خاوه‌نی چه‌ندین ئه‌لبوومی گۆرانی و ڤیدیۆ كلیپه‌.

basnews
Top