ئەمیتاب باتشان كارە هونەرییەكانی دەوەستێنێت

ئەمیتاب باتشان كارە هونەرییەكانی دەوەستێنێت
گەورە هونەرمەند و ئەستێرەی بۆڵیوود(ئەمیتاب باتشان), وێنەیەكی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكردووە, ئەم ناودارە داوای لێبووردنی لە دۆست و هەوادارانی كرد ئەویش بەهۆی باری تەندرووستی كە ماوەیەك پێویستی بە پشوو دەبێت و دەركەوتنی لەم نزیكانە شتێكی ئەستەمە, ئەمیتابی 77 ساڵ لە وێنەكەدا لەسەر قەرەوێڵەوە وێنەكەی گرتووە و تەنها پێیەكانی دەركەوتووە كە سەیری یاری تۆپی پێ دەكات و ئاماژە بەوە دەكات كە جەستەی دەڵێت ئێستا كاتی پشووە و نابێت ڕكابەری لەگەڵ ئەم ماندووییە بكەی .

لە ئێستادا ئەمیتاب باتشان سەرجەم كارە هونەرییەكانی ڕاگرتووە كە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی و چەند فیلمێكی سینەماییە, لە هەفتەی ڕابردوو پزیشكەكانی ئەم ناودارە پێیان ڕاگەیاندبوو كە پێویستی بە پشووە و نابێت خۆی ماندوو بكات, لەلایەكی تریشەوە بە چەند ڕۆژێك دوای ئاهەنگی لە دایك بوونی, ئەم ناودارە بۆ ماوی سێ ڕۆژێك لە نەخۆشخانە مایەوە كە ڕێگا نەدرا كەس هاتووچۆی بكات وە تەنها خێزانەكەی لەلای مانەوە, وە لە دواییدا لەلایەن خێزانی ئەمیتابەوە ڕاگەیەندرا كە ئەو باشەو مانەوەی لە نەخۆشخانە بۆ چەند پشكنینێكی پزیشكی بووە .

لە ماوەكانی ڕابردوو ئەم ناودارە نەیشاردەوە و بە ئاشكرا جۆری نەخۆشییەكەی ڕاگەیاند, وە خۆی وەكو ڕزگاربوویەك وەسف كرد لە نەخۆشیی جگەر لە جۆری B , هەروەها ڕایگەیاند كە سێ بەشی جگەری لەكار كەوتووە و ساڵانێكی زۆر بەم شێوەیە لەگەڵیدا ژیاوە بێ ئەوەی هەستی پێبكات, كە بە درێژایی نزیك لە بیست ساڵ, جگەری بە ڕێژەی لە سەدا 25ی كاردەكات, سەرەڕای ئەمەش توانی لەم بیست ساڵەی ڕابردوو لە كارەكانیدا بە %25ی جگەریەوە بەردەوام بێت.
Top