هونەرمەندان داوای یەكڕیزی دەكەن
ئیبراھیم حەکیم:
كوردستان هەر سەردەكەوێت و تاكە زامنی سەركەوتنمان یەكگرتوویی و تەباییمانە
هونەرمەند (ئیبراهیم حەكیم) وەك یەكێك لە ناوە هەرە دیار و بەرچاوەكانی نێو دراما و سینەما و شانۆ، بە دڵێكی پڕ لە زامەوە دەڵێت: «ئەنفال و كیمیاباران نەیانتوانی ناسنامەی كوردبوونمان بسڕنەوە» ئیدی لەو مەرگەش مەترسن كە لە رێگەی خاكە، پێویستە هەمووان پێكەوە بجەنگین بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەوانەی تینووی خوێنی رۆڵەی كوردن، نابێ بە هیچ شێوەیەك رێگە بدەین رۆژئاوا بكەوێت، دەبێت ئاڵای كوردستان بكەین بە چەقڵی چاوی دوژمنانمان. كەی ئێمە لە مردن ترساوین و خۆمان لە مردن لاداوە؟ ئێمە رۆڵەی وڵاتی پێشمەرگەین، بەعس و داعش و تیرۆر نەیتوانی بەرگەی گورزی قارەمانانی ئەو گەلە بگرن، بۆ لەو مەرگە بترسین كە لە پێناو خاكدایە، وەك هونەرمەندێك داواتان لێ دەكەم دەست لە ناو دەست بن، رۆژ رۆژی مەردایەتییە، هەموو دونیا بینییان كە فریشتەكانی رۆژئاوا چەندە بە جەرگن بۆ داكۆكیی لەو خاكە پیرۆزە، بۆیە دڵنیام گەلی كوردستان هەر سەردەكەوێت و تاكە زامنی سەركەوتنیشمان یەكگرتوویی و تەباییمانە.
جوان حاجۆ:
شانازی بە رابردووی خۆمانەوە دەكەین
(كورد نامری. بەڵێ سەردەكەوێت) دەبێ هەموو جیهان بێنە سەر هێڵ و رێگری لەو داگیركارییە بكەن، ئێمە گەلێكین تەنیا گوناهمان ئەوەیە كە كوردین، تا بە ئەمڕۆش دەگات كوردبوونمان خۆشیی ژیانی لێ زەوت كردووین، لە هەر چوار پارچە خوێنمان لێدەچۆڕێ و لەوەتەی هەین جینۆساید دەكرێین و قڕ دەكرێین، بەڵام هەر نامرین و بەپێوە دەوەستین.
وەك كوردێك، شانازی بە رابردووی خوێناویی خۆمانەوە دەكەین، بەڵام دەبێت گەلانی جیهان لەوە تێبگەن كە ئێمە شایەنی ئەو ئازاردانە نین و دەبێت بەزوویی بێنە سەر هێڵ و رێگری لەو داگیركارییە بكەن كگە لە رۆچئاوا دەگوزەرێت.
ئالین:
بە یەكگرتن شكست بە دوژمنان و پیلانەكانیان دەهێنین
هەر چوار پارچەی كوردستان جیاوازییان نییە، خۆشی و ناخۆشی و دەرد و مەینەتییەكان لە هەر پارچەیەكی كوردستان، خۆشی و ناخۆش و مەینەتیی منن، بەڵام لە ئێستادا رۆژئاوای كوردستان سەرچاوەی خەم و ناخۆشییە بۆ من، بەتایبەتی دوای ئۆپەراسیۆنەكانی ئەم دواییەی داگیركاران، بۆیە ئەوەی لە توانامدا بێت بۆ رۆژئاوا ئەنجامم داوە، لێرەوە داوا لە گشت هێزەكانی رۆژئاوای كوردستان دەكەم لە یەك نزیك بن و كاتی خۆیان بۆ برایەتی و یەكریزی تەرخان بكەن، چونكە چەند یەكگرتوو بن ئەوەندە لە سەركەوتن نزیك دەبینەوە و شكست بە دوژمنان و پیلانەكانیان دەهێنین و وڵاتمان ئارام دەبێت.
هیوادارم گشت هێزە كوردستانییەكان لە هەموو پارچەكانی كوردستان گوتاریان یەك بخەن و یەكگرتوو بن، بەتایبەتی كوردانی رۆژئاوا، چونكە ئەوان بە كاتێكی هەستیار وناسكدا تێپەڕ دەبن و باشترین چارەسەر بۆ گرفتەكانیان لە ئێستادا یەكگرتن و هاوكاری كردنی یەكترە، هیوای ئازادی و ئاوەدانی بۆ گشت پارچەكان دەخوازم.
ناجی سەلیمی:
یەكگرتوویی كورد لە هەموو روویەكەوە زەرورەتێكە و پێویستە بە وردی كاری بۆ بكرێت
ئەوەی لە رۆژئاوا روودەدات، بە تەواوەتی پێچەوانەی پرەنسیپ و بنەماكانی مافی مرۆڤە و بە تەواوی ئەو چەمكانە دەخاتە ژێر پرسیارەوە، مەگەر ئێمەی كورد مرۆڤ نین! بە داخەوە وڵاتە زلهێزەكانی دنیا كوردیان كردە قوربانیی بەرژەوەندییەكانی خۆیان و بە هیچ شێوەیەك قوربانییەكانی كوردیان لەبەرچاو نەگرت، كە لە جەنگی دژی تیرۆریستانی داعش پێشكەشیان كرد، ئەوكات دەیانگوت كورد لە بری جیهان شەڕی تیرۆر دەكات و دواتریش پشتیان تێكردین، بەڵام ئیرادەی خێرخوازان هەر سەردەكەوێت، ئەگەر وڵاتان بۆ بەرژەوەندییەكانی خۆیان كوردیان پشتگوێ خستبێت، ئەوا میللەتان و وڵاتانی ئازادیخواز پشتگیرییان لە كورد كرد. لێرەدا یەكگرتوویی كورد لە هەموو روویەكە زەرورەتێكە پێویستە بە وردی كاری بۆ بكرێت.
شڤان پەروەر:
دوژمن هەرگیز نایەوێ بە ئازادی هەناسە بدەین
ئەمڕۆ رۆژی یەكڕیزی و یەكدەنگیی كوردە، نابێ بهێڵین لەژێر حوكمی حزبایەتیدا رۆژئاوا بكەوێت، بەڵكو دەبێت هەمووان پێكەوە دەست لە ناو دەست بەرگری لە برایانمان بكەین لە هەر پارچەیەكی كوردستان كە پێویست بێت، چونكە ئێمەی كورد گەلێكی ستەم دیدەین و رابردوومان پڕە لە قوربانیدانی گەورە، دوژمن هەرگیز نایەوێ بە ئازادی هەناسە بدەین، بۆیە نابێ رێگە بدەین كە شەرمەزاری منداڵ و نەوەی داهاتوو بین، ئێمە هیچ كات لە هەڕەشەی دوژمن نەترساوین و لە مردنیش رامان نەكردووە، بەڵكو گەلانی دنیا شایەتحاڵی چاونەترسی و ئازایەتیی كوردن، بۆیە با بەیەكەوە پشتیوانی لە رۆژئاوا بكەین و دژی داگیركاری بوەستینەوە.