دووەمین فیستیڤاڵی كوردستان بۆ موزیك و گۆرانی

دووەمین فیستیڤاڵی كوردستان بۆ موزیك و گۆرانی
لە چوارچێوەی بەرنامە و چالاكییەكانی وەزارەتی رۆشنبیری و لە رێی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر و بەشەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیمان، ساڵانە و لە ناوەڕاستی وەرزی پاییزدا، فیستیڤاڵی كوردستان بۆ موزیك و گۆرانی ساز دەكەین، بۆ ئەمساڵیش بە بەشداریی پێنج گرووپی موزیك لە شارەكانی باشووری كوردستان (هەولێر، سلێمانی، كەركوك، دهۆك، هەڵەبجە) هەروەها سێ گرووپی موزیكی پارچەكانی رۆژهەڵات، باكوور، رۆژئاوای كوردستان، واتە هەشت گروپی موزیك بەڕێوە دەچێت.
دووەمین فیستیڤاڵی كوردستان بۆ موزیك و گۆرانی لە هۆڵی رۆشنبیری لە شاری هەولێر لە بەرواری (١٨ی ١١ی ٢٠١٩) ساز دەكرێت و بۆ ماوەی سێ رۆژبەردەوام دەبێت.
ئەم فیستیڤاڵە فیستیڤاڵێكی كوردستانییە و بۆ گرووپە هونەرییەكانی شارەكانی هەر چوار پارچەی كوردستانە، كە ساڵانە بۆ لەیەكترنزیكردنەوە و بەیەك گەیاندنی ناوەندە هونەرییەكانی شارەكانی كوردستان لە هەموو پارچەكانی كوردستان، ساز دەكرێ، بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگادار و ئاشنای كار و بەرهەم و داهێنان و چالاكییەكانی یەكدی بین و، بە هونەر و كولتوور گوزارشت لە ناسنامەی كوردبوون و كوردستانیبوونمان بكەین و، هەموومان پێكەوە وێنەیەكی جوان و پێگەیشتوو و پێشكەوتوو لە بواری هونەری و كولتووری و فەرهەنگی پیشانی ناوخۆ و دەوروبەر و دەوەوە بدەین. لەكاتێكدا كە لە چواردەورمان شەڕ و ئاشووب هەیە و دەرگای بە گەلی كوردستانی بێدەوڵەت گرتووە، بەڵام سەرەڕای ئەو بێدەنگییەی دونیای بەناو دیموكراسی و مافی مرۆڤ لە غەدر و بە چاوپۆشین لە جینۆسایدی داگیركاران دەرهەق بە ئێمە دەكرێت، گەلەكەمان بۆ سەلماندنی خۆی و وەدەستهێنانی مافەكانی و پێكەوەژیانی ئاشتییانە لە ناوچەكەدا بە هەموو شێواز و رێگایەك تێدەكۆشێ و قوربانی دەدا، ئێمەی هونەرمەندانیش شان بە شانی چین و توێژەكانی دیكە، لە رێی هونەر و رۆشنبیرییەوە خەباتی خۆمان دەكەین و داكۆكی لە ماف و بوونمان دەكەین و سیمای جوان و زیندووی كوردستان هەر بە جوانی دەهێڵینەوە.
Top