دووەمین فیستیڤاڵی كوردستان بۆ موزیك و گۆرانی
دووەمین فیستیڤاڵی كوردستان بۆ موزیك و گۆرانی لە هۆڵی رۆشنبیری لە شاری هەولێر لە بەرواری (١٨ی ١١ی ٢٠١٩) ساز دەكرێت و بۆ ماوەی سێ رۆژبەردەوام دەبێت.
ئەم فیستیڤاڵە فیستیڤاڵێكی كوردستانییە و بۆ گرووپە هونەرییەكانی شارەكانی هەر چوار پارچەی كوردستانە، كە ساڵانە بۆ لەیەكترنزیكردنەوە و بەیەك گەیاندنی ناوەندە هونەرییەكانی شارەكانی كوردستان لە هەموو پارچەكانی كوردستان، ساز دەكرێ، بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگادار و ئاشنای كار و بەرهەم و داهێنان و چالاكییەكانی یەكدی بین و، بە هونەر و كولتوور گوزارشت لە ناسنامەی كوردبوون و كوردستانیبوونمان بكەین و، هەموومان پێكەوە وێنەیەكی جوان و پێگەیشتوو و پێشكەوتوو لە بواری هونەری و كولتووری و فەرهەنگی پیشانی ناوخۆ و دەوروبەر و دەوەوە بدەین. لەكاتێكدا كە لە چواردەورمان شەڕ و ئاشووب هەیە و دەرگای بە گەلی كوردستانی بێدەوڵەت گرتووە، بەڵام سەرەڕای ئەو بێدەنگییەی دونیای بەناو دیموكراسی و مافی مرۆڤ لە غەدر و بە چاوپۆشین لە جینۆسایدی داگیركاران دەرهەق بە ئێمە دەكرێت، گەلەكەمان بۆ سەلماندنی خۆی و وەدەستهێنانی مافەكانی و پێكەوەژیانی ئاشتییانە لە ناوچەكەدا بە هەموو شێواز و رێگایەك تێدەكۆشێ و قوربانی دەدا، ئێمەی هونەرمەندانیش شان بە شانی چین و توێژەكانی دیكە، لە رێی هونەر و رۆشنبیرییەوە خەباتی خۆمان دەكەین و داكۆكی لە ماف و بوونمان دەكەین و سیمای جوان و زیندووی كوردستان هەر بە جوانی دەهێڵینەوە.