فیلمه دیارهکانی ساڵی 2019ی جیهان له كوردستان نمایش دەكرێن
مەنسوور جیهانی
بە پێی راپۆرتی لێژنەی راگەیاندنی گشتیی چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی سلێمانی، فیلمە بەرچاو و دیارەكانی ساڵی 2019ی جیهان لەوانە براوەی چڵە خورمای زێڕینی باشترین فیلم و براوەی خەڵاتی دەستەی ناوبژیوانی بەشی «جۆرێك روانین»ی بەشدار بوو لە حەفتاودووهەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی «كان»ی فەرەنسا نمایش كرا، كە لە بەشی ركابەریی سەرەكیی شەست و نۆهەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی «بەرلینالە» لە ئەڵمانیا، كاندیدی باشترین فیلم بووە و لە حەفتاوپێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی «ڤێنیز» لە ئیتاڵیا، براوەی خەڵاتەكانی سەرەكیی بیست وپێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی شانگهای چین بووە، فیلمەكان لە بەشی ركابەریی سەرەكیی «سینەمای جیهان» (نێودەوڵەتی) لە چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی «سلێمانی» Slemani چوونە سەر سكرین و خەڵاتەكانی سنەوبەری زێڕین و زیوینی ئەم فێستیڤاڵەیان بەدەست هێنا.
ئەندامانی دەستەی ناوبژیوانی لە بەشی ركابەریی سەرەكیی فیلمە سینەماییەكانی «سینەمای جیهان»، بەشدار بووانی چوارەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی «سلێمانی» بریتی بوون لە «هینز هێرمانس» Heinz Hermanns رێكخەر و بەرپرسی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمCEO و رێكخەر و بەرپرسی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی كورتە فیلمی بەرلین، سەرۆكی دەستەی ناوبژیوان لە وڵاتی ئەڵمانیا، خاتوو (پووران درەخشەندە) سیناریۆنووس و دەرهێنەر و بەرهەمهێنەر لە وڵاتی ئێران، (ئادریان بیلچ) Adrian Belic دەرهێنەر و بەڕێوەبەری وێنەگری فیلم و بەرهەمهێنەر لە وڵاتی ئەمریكا بە پێشێنەی یەك جار پاڵێوراویی بۆ ئۆسكار، (یوهانی ئالێنین) Juhani Alanen بەڕێوەبەری جێبەجێكاری فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی «تەمپرە» Tampere لە وڵاتی فینلەندا، خاتوو «زولفیە ئاكولاك» Zulfiye Akkulak بەڕێوەبەری فیلم و راگەیاندن و سەرۆكی كۆمپانیای «نوا فیلم» لە بەرلینی وڵاتی ئەڵمانیا.
ئەو فیلمانەی كە لە بەشی ركابەریی سەرەكیی «سینەمای جیهان» لە چوارەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی «سلێمانی» چوونە سەر سكرین، بریتی بوون لە: فیلمی سینەمایی «پارازیت» (PARASITE) لە دەرهێنانی «بۆنگ جوون هۆ» لە وڵاتی كۆریای باشوور كە براوەی خەڵاتی چڵە خورمای زێڕینی باشترین فیلمی حەفتاودووهەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی «كان»ی فەڕەنسایە و لە فێستیڤاڵەكانی نێودەوڵەتی فیلمی مۆنیخ لە ئەڵمانیا، سیدنی لە ئۆستڕاڵیا، ڤانكۆڤێر و تۆرینتۆ لە كەنەدا بەشدار بووە و، براوەی خەڵاتی سنەوبەری زێوینی باشترین دەقی سیناریۆی فیلم لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی بوو. فیلمی سینەمایی چیرۆكی سێ خوشك (A Tale of Three Sisters) لە دەرهێنانی «ئەمین ئالپێر» Emin Alper ئەویش لە وڵاتانی توركیا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا و یۆنان، نمایش كراوە، كە لە بەشی ركابەریی سەركیی شەست ونۆهەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی «بەرلینالە» لە ئەڵمانیا، براوەی خەڵاتی باشترین دەرهێنان، ئەكتەری، مۆسیقای فیلم و فیپێرشی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئیستانبول لە توركیا و براوەی خەڵاتی باشترین دەرهێنان لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سارایەگۆ لە سربیا، براوەی خەڵاتی سنەوبەری زێڕینی باشترین فیلم بوو، خەڵاتی سنەوبەری زێوینی باشترین ئەكتەری ئافرەتیش بە «جەمیرە ئێبووزیە»بەخشرا. لە فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی سلێمانی، فیلمی سینەمایی «قەسری شیرین» (Castle of Dreams ) لە دەرهێنانی «رەزا میركەریمی» كە لە ئێران بەخشكرابوو، براوەی خەڵاتی باشترین فیلم، باشترین دەرهێنان بوو كە تێیدا خەڵاتی باشترین ئەكتەری پیاو بە حامید بێهداد لە بەشی كێبڕكێی سەرەكیی بیست وپێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی شانگهای لە چین، خەڵاتی سەرەكیی باشترین دەرهێنان و باشترین فیلم لە روانگەی رەخنەگرانی دوازدەهەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمە هونەرییەكانی «باتۆمی»بوو لە وڵاتی جۆرجیا و براوەی خەڵاتی سنەوبەری زێوینی باشترین دەرهێنان بوو.
لە بەشی ركابەریی سەرەكیی چەندین بەرهەمی سینەمایی دیكەش نمایش كران، لەوانە: فیلمی سینەمایی ماڵئاوا كوڕەكەم So Long my Son « « لە دەرهێنانی (وانگ ژیائۆشوای) Xiaoshuai Wang لە وڵاتی چین، كە براوەی خەڵاتی باشترین دەرهێنانی پیاو لە بەشی ركابەریی سەرەكیی شەست ونۆهەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی «بەرلینالە» لە ئەڵمانیا و كاندیدی چەندین بەشی سەرەكیی خەڵاتەكانی ئاسیا، پاسیفیك لە ئۆستڕاڵیا بوو، فیلمی سینەمایی «شۆفێری ئسكرێیۆ» Screwdriver لە دەرهێنانی «بەسام جەبراوی» Bassam Jarbawi لە فەلەستین، كاندیدی باشرین فیلم لە حەفتاوپێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی «ڤێنیز» لە ئیتاڵیا، براوەی خەڵاتی سنەوبەری زێوینی تایبەتی ئەندامانی دەستەی ناوبژیوان لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی، فیلمی سینەمایی «نوێنەر» The Delegation لە دەرهێنانی «بوجار عەلیمانی» Bujar Alimani لە وڵاتی ئەلبانیا براوەی خەڵاتی گەورەی وارشۆ لە پۆڵەندا، براوەی خەڵاتی سنەوبەری زێوینی باشترین ئەكتەری پیاو بۆ «ڤیكتۆر ژوستی» Victor zhusti لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی، فیلمی سینەمایی «بێ دەنگ» The Mute لە دەرهێنانی «بارتۆز كۆنۆپكا» Bartosz Konopka لە وڵاتانی پۆڵەندا و بەلجیكا كە براوەی خەڵاتی سنەوبەری زێوینی باشترین وێنەگرتنی فیلم بۆ «جاسك پۆدگۆرسكی» Jacek Podgorski لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی، فیلمی سینەمایی «ئاگر دەكەوێتەوە» Fire will come لە دەرهێنانی «ئۆلیڤێر لاكس» Oliver Laxe لە وڵاتانی ئیسپانیا، فەرەنسا و لۆگزامبۆرگ، كە براوەی خەڵاتی دەستەی ناوبژیوانی بەشی «جۆرێك روانین» لە حەفتاودووهەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی «كان»ی فەرەنسا بووە، فیلمی سینەمایی «ئامینە» Amina لە دەرهێنانی «ئەیمەن زەیدان» Ayman Zeidan لە وڵاتی سووریا براوەی دیپلۆمای شانازیی ئاشتی لە سیوحەوتەمین خولی فیستیڤاڵی جیهانیی فەجر لە وڵاتی ئێران و هەروەها فیلمی سینەمایی «خۆییەكان» Insiders لە دەرهێنانی «حوسێن كارابای» Hüseyin Karabey لە وڵاتی توركیا.