كیرا سیخوڕیی بەسەر نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دەكات

كیرا سیخوڕیی بەسەر نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دەكات
خانمە ئەستێرەی سینەمایی بەریتانی (كیرا نایتلی) كە یەكێكە لە ئەستێرە دیارەكانی هۆڵیۆد و لە سەرخستنی فیلمەكانیدا رۆڵی بەرچاوی هەیە، لە دیمانەیەكیدا لە دوایین فیلمدا باس لە نهێنییەكانی پێش هێرشی هاوپەیمانان لە ساڵی 2003 بۆ سەر عێراقدا دەكات.
فیلمەكە بە ناوی (نهێنی فەرمی)یە و تێیدا كیرا نایتلی رۆڵی فەرمانبەرێكی حكومەتی بەریتانی دەبینێت، كە بە هۆی ئاشكراكردنی چەند یاداشتێكی نهێنیی حكومەتی ئەمریكا بەر لە شەڕی ساڵی 2003 دژ بە عێراق لە كارەكەی دوور دەخرێتەوە، كیرا رۆڵی كاسرین جن دەبینێت، كە وەرگێڕێكی فەرمییە لە ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ سیخوڕی، دوای ئاشكرا كردنی چەند یاداشتێكی ئەمریكی كە تێیدا داوای یارمەتی لە بەریتانیا دەكات، بە ئاشكراكردنی نهێنییە فەرمییەكان بۆ سیخوڕیكردن لەسەر نەتەوەیەكگرتووەكان تۆمەتبار دەكرێت.
نایتلی لە دیمانەیەكی لەگەڵ ئاژانسی رۆیتەرز لە بارەی رۆڵی خۆی لەو فیلمەدا وتی: «بیرۆكەی جیاواز درووست دەبێت دەربارەی ئەوەی ئایا ئەو كارەی كاسرین ئەنجامی داوە راستە، یان هەڵەیە، بێگومان زۆر كەس بە كارێكی باشی دەبینن، بەڵام ئەوەی گرنگە ئازایەتیی ئەو ئافرەتەیە، چونكە ئەو كەسە كاردانەوەیەكی ئەخلاقیی دەبێت لەسەر بابەتێك كە رەنگە هەموو شتێك بگۆڕێت، تەنیا بۆ ئەوەی كە پێیوایە بۆ رزگار كردنی ژیانی خەڵك كارێكی باشی ئەنجام داوە.»
كیرا پێیوایە كە ئەوەی زیاتر سەرنجی بینەران رادەكێشێت ئەو پرسیارانەیە كە فیلمەكە دەیخاتە روو، لەو بارەوە دەڵێ: «سزادانی حكوومی بە هۆی پێشێلكردنی یاساكان و یاساییبوونی ململانێكە و ئایا ئەم ململانێیانە چۆن دەبنە ململانێی نایاسایی و كێ لەسەری سزا دەدرێ، ئەم بابەتانە زۆر سەرنجی بینەر رادەكێشن».
بەڵام سەبارەت بە ژیانی تایبەتی خۆی ئاماژە بەوە دەكات كە ئێستا كچی نییە، بەڵام ئەگەر كچێكی هەبێت، ئامۆژگاریی دەكات كە لە كاری هونەری و بەتایبەتیش لە هونەری نواندن نزیك نەبێتە.
كیرا كە تا ئێستا هیچ منداڵیكی نییە، لەم بارەیەوە بۆ گۆڤاری (ئال)ی بەریتانی وتی: «ئەگەر كچێكم هەبێت و بزانم هەر لە تەمەنی منداڵییەوە دەیەوێ روو لە نواندن بكات، ئەوا كار دەكەم بۆ ئەوەی پەشیمان بێتەوە و روو لەو كارە نەكات»، لەم بارەیەوە كیرا زیاتر وتی: «پێویستە كچان تەمەنی لاوێتییان لە كەشوهەوایەكی تایبەتدا بەڕێ بكەن، نەك لە نێو كەشێكی پڕ لە جەنجاڵی و زەحمەتی، چونكە ئەگەر كچ ببێت بە ئەكتەر، ناچارە شەوان دەربچێت و بەشێوەیەكی ناسرووشتی كۆنترۆڵی خۆی لەدەست بدات، ئەوكاتیش رووبەرووی چەند هەڵوێستی نالۆژیكی دەبێتەوە، بێگومان ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی لە ژیانیدا تووشی هەڵەی زۆر ببێت، كە تا هەتایە كاریگەریی لەسەر ژیانی دەبێت.
جێگای ئاماژەبۆكردنە كیرا نایتلی كچی ئەكتەر (ویل نایتلییە) و هەر لە تەمەنی منداڵییەوە رووی لە كاری نواندن كردووە.
Top