ئەو هەشت چیرۆكە راستەقینەیەی بوونە بەناوبانگترین فیلمی سینەمایی
كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی فیلم دركیان بە خۆشەویستیی خەڵك كرد بۆ ئەو فیلمانەی كە لە چیرۆكی راستەقینەوە وەرگیراون، بۆیە هەمیشە لە هەوڵدان بۆ ئەوەی زۆرترین جۆری ئەو فیلمانە بەرهەم بهێنن.
ماڵپەڕی (تاون ئاند كانتری)ی ئەمریكی هەشت فیلمی بیانیی لە باشترینەكان پۆلێن كردووە، ئەوانەی كە لە رووداوی راستەقینە وەرگیراون بە درێژایی مێژووی سینەما، لێرەدا دەیخەینە روو:
1- (The King›s Speech) وتاری پاشا: ئەم فیلمە كە لە پالەوانێتی (كۆلین فیرس)ە، ساڵی 2010 خەڵاتی ئۆسكاری باشترین فیلم و ئەكتەری بەدەستهێنا، باس لە ژیانی تایبەتی پاشا جۆرجی شەشەم دەكات دوای ئەوەی لە شوێنی باوكی دەسەڵاتی گرتە دەست و بە دەست كێشەی قسەكردنەوە دەیناڵاند، لەگەڵ هەوڵە زۆرەكانی بە یارمەتی كەسێكی پسپۆڕ لە بواری قسەكردن، بۆ ئەوەی بتوانێت بەسەر ئەم كێشەیەدا زاڵ بێت.
2- (12 Years a Slave) دوازدە ساڵ كۆیلایەتی: ئەم فیلمە ساڵی 2013 خەڵاتی ئۆسكاری باشترین فیلم و خەڵاتی بافتای بەدەستهێنا، باس لە ژیانی سلێمان نۆرس دەكات، كە پیاوێكی ئازادی رەش پێستی شاری نیویۆركە، ساڵی 1841 دەڕفێندرێ و بۆ ماوەی دوازدە ساڵ دیل دەبێت.
3- (Erin Brockovich) ئیرین برۆكۆڤیتش: لەم فیلمەدا خانمە ئەكتەر جۆلیا رۆبرتس خەڵاتی ئۆسكاری باشترین ئەكتەری ئافرەتی بەدەستهێنا، باس لە ژیانی ئافرەتێكی سینگڵ دەكات بە ناوی ئیرین برۆكۆڤیتش، كە بە رێكەوت وەك پارێزەر لە گوندێكی بچووك دادەمەزرێت، ئەركی سەرەكیی ئەم ئافرەتە بریتی دەبێت لە چارەسەر كردنی كێشەیەك لەگەڵ كۆمپانیایەكی وزەی زەبەلاح، كە بەرپرسە لە پیسبوونی ئاو، دواتر ئەمە دەبێتە كێشەیەكی گەورە.
4- (The Pianist) پیانۆ ژەن: ساڵی 2002 ئەم فیلمە سێ خەڵاتی ئۆسكاری بەدەستهێنا، هەروەها چڵە دارخورمای زێڕینی فیستیڤاڵی (كان)ی سینەمایی بە دەستهێنا، سیناریۆكەی لە چیرۆكی ژیانی پیانۆ ژەنی پۆڵەندی جوو (ئەدیسواف سیزبیلمان) وەرگیراوە، كە لە كاتی وێرانكردنی گەڕەكی جووەكانی وارسۆ لە میانەی جەنگی دووەمی جیهانی رزگاری دەبێت.
5- (The Big Sick) نەخۆشیی گەورە: ئەم فیلمە ساڵی 2017 پاڵێوراو بوو بۆ خەڵاتی باشترین فیلم، باس لە چیرۆكی خۆشەویستیی نووسەر كۆمیل نانجانی و ئەمیلی جۆردنی هاوسەرەكەی دەكات، كە لە ململانێدان لەگەڵ جیاوازیی كولتوور و نەژاد، بەتایبەتی دوای نەخۆش كەوتنی هاوسەرەكەی.
6- (Schindlers List) لیستی شیندلر: ئەم فیلمە لە دەرهێنانی ستیڤف سبیلبررگە، ساڵی 1993 خەڵاتی باشترین ئەكتەر و فیلمی ساڵی بەدەست هێناوە، باس لە ژیانی بیزنسمانێكی نازی دەكات بە ناوی ئۆسكار شیندلر، كە توانی ژیانی هەزار جوو رزگار بكات.
7- (The Aviator) فڕۆكەوان: ئەم فیلمە لە پاڵەوانێتی (كیت بلانشیت)ە كە پێنج خەڵاتی ئۆسكاری بەدەستهێنا، لەوانە خەڵاتی باشترین ئەكتەری لاوەكی، باس لە ژیانی فڕۆكەوان و دەرهێنەری ئەفسوناوی (هوارد هیوز) دەكات، بەتایبەتی لەو گەشتەی كە لە نێوانی ساڵانی 1920 تا ناوەڕاستی چلەكان ئەنجامی دا.
8- (The Farewell) ماڵئاوایی: ئەم فیلمە لە مانگی ئابی ئەم ساڵ نمایشكرا و تا ئێستا پاڵێوراو نییە بۆ هیچ خەڵاتێك، باس لە خانەوادەیەكی چینی دەكات، كە بە هۆی نەخۆشكەوتنی داپیرەیان دەزانن كە كاتی مردنی نزیك بووە، بەڵام پێی ناڵێن و بڕیار دەدەن ئاهەنگێكی بووك گواستنەوەی بۆ ساز بكەن، بۆ ئەوەی بەر لە كۆچی دوایی داپیرەیان هەموویان كۆ ببنەوە.
سەرچاوە مالپەڕی «فی الفن»