كامەران حەسەن سەرپەرشتیاری گرووپی بێسارانی: وەك پرەنسیپێك ئامێری سەرەكیمان تەمبوورە، بەڵام دەكرێ ئامێری دیكەشمان هەبێت

كامەران حەسەن سەرپەرشتیاری گرووپی بێسارانی: وەك پرەنسیپێك ئامێری سەرەكیمان تەمبوورە، بەڵام دەكرێ ئامێری دیكەشمان هەبێت
گرووپی بێسارانی یەكێكە لە گرووپە موزیكییە ناسراوەكان، كە زیاتر گۆرانی و مۆسیقای رەسەن و فۆلكلۆر پێشكەش دەكات، لە ماوەی رابردوودا چەندین كۆنسێرتی لە ناوەوە و دەرەوەی كوردستان پێشكەش كردووە، بەڵام بۆ ماوەیەك كارەكانی راوەستان، ئێستا بە نیازە دووبارە دەست بە كارەكانی بكاتەوە، بۆ ئەم مەبەستە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵ كامەران حەسەن سەرپەرشتیاری گرووپی بێسارانی ئەنجامدا، ئەویش بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.

* هۆكاری ئەو دابڕانەی چەند ساڵی رابردووی گرووپی بێسارانی لە میوزیك بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٣ دواین پرۆژەمان كە بە ناوی (زریكەی كۆچ) لە چوار شاری كوردستان (سۆران، كەلار، سلێمانی و هەولێر) پێشكەش كرد، كە بەرهەمێك بوو تایبەت بە بۆنەی یادی ٢٥ ساڵەی كارەساتی ئەنفال، من بۆ خوێندنی باڵا كوردستانم بە جێهێشت و لە زانكۆی تاران ماستەر و دكتۆرام خوێند، ئەمەش یەكێك بوو لە هۆكارە سەرەكییەكانی دابڕانمان لە چالاكییە هونەرییەكان، بۆ ساڵی ٢٠١٤ بەرنامەیەكمان بۆ شاری هەولێر هەبوو، كە لەو ساڵەدا وەك پایتەختی گەشتیاریی وڵاتانی عەرەبی هەڵبژێردرابوو، هەرچەندە پاشكۆی عەرەبی دژە بە بیر و باوەڕی من، بەڵام ئامانجم ئەوە بوو كە بۆ ناساندنی باشتری مۆسیقای كوردی و ناساندنی پانتایی و فراوانیی مۆسیقای كوردی كۆنسێرتێكی گەورە ساز بكەین، كە بە داخەوە بە هۆی كێشەی بڕینی بودجە و هێڕشی تیرۆریستانی داعش بۆ كوردستان، جێبەجێ نەكرا.
* چی وایكرد بگەڕێنەوە؟
- ئەم دابڕانە هۆكارەكانی دیارن و مەبەست بەجێهێشتن نەبووە، بە هۆی سەرقاڵیی من و هەندێك لە ئەندامانی گرووپەكەوە بوو، كە ئێستاش یەكێك لە ئەندامەكان لە دەرەوەی كوردستانە و خەریكی خوێندنی دكتۆرایە. بۆیە ئێمە بە بەردەوامی پەرۆشین بۆ ئەنجامدانی چالاكی و هەر دەرفەتێكیش هەبێت، كاری هونەریی خۆمان دەكەین.
* دوای گەڕانەوەتان چ كارێكی نوێتان لە هەگبەدایە؟
- كۆمەڵێك بەرهەممان بە فۆرمێكی نوێ ئامادە كردووە، لە دوای زریكەی كۆچ هەوڵم داوە كە قووڵاییەكی زۆرتر لە ئەندێشە بە كارەكان ببەخشم. دەمانەوێت لایەنی فەلسەفیی بەرهەم و هۆنراوەكان بەرجەستە بكەین، لە بەرهەمەكانی ئایندەماندا شێوازی تازە دەبینن.
* ئایا پێكهاتەی گرووپەكە لە رووی ئەندام و ئامێرە موزیكییەكانەوە هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا هاتووە؟
- ئامێری سەرەكیی گرووپی بێسارانی وەك پرەنسیپێك تەموورە دەبێت، بەڵام دەكرێ بە گوێرەی بەرهەم، یان چالاكییەكان ئامێری دیكەش هەبێت، بەڵام مەبەستی زۆرترمان نمایشی تەموورەیە. هەر لە سەرەتای دامەزراندنی گرووپی بێسارانی هەوڵم داوە كە هاوكاریی لەگەڵ هونەرمەندان بە گوێرەی ویست و بەرهەمەكان بێت، بوونی ئەندامی تازەش وزە و هەناسەیەكی دیكە بە گرووپەكەمان دەبەخشێت.
* لە بواری گۆرانی و مۆزیكدا چ شتێكی نوێتان هەیە پێشكەشی بكەن؟
- شێوازی كارەكانمان بەگشتی فۆرمێكی سۆفییانەیە، بەڵام بەرهەمە نوێیەكانمان جیاوازییەكی شكڵییان لەگەڵ بەرهەمەكانی پێشترمان هەیە، بەتایبەت لە رووی تاكژەنییەوە كە كۆمەڵێك بەرهەمی تازەم ئامادەیە و بە رای من فۆرم و توانایەكی نوێ لە تاكژەنی نیشان دەدات.
* سەبارەت بە بەشداریتان لە فیستیڤاڵ و چالاكییەكانی دەرەوەی وڵات، ئایا هیچ كارێكی نوێتان لە بەردەستدایە؟
- وەك فیستیڤاڵ جارێ هیچ بەرنامەیەكمان نییە، بەڵام هەوڵ دەدەین كە هونەری مۆسیقای تەمبوورە لە دەرەوەی وڵات نمایش بكەین و، پێشانی جیهانی بدەین كە مۆسیقای كوردستان چەند دەوڵەمەندە.
* بە نیاز بوون رۆژی 12/10/2019 ئاهەنگێك وەك دووبارە دەستپێكردنەوەی كارەكانتان لە هەولێر ئەنجام بدەن، هۆكاری دواخستنی چی بوو؟
- لە دوای ئەم چەندین ساڵ دابڕان بڕیار وا بوو لە فێرگەی فرێمینگ گەشتێك بە نێوە ئاوازە رەسەنەكاندا بكەین، تا نەوای تەمورە كەمێك لە جەنجاڵییەكانی شار و ژیانی رۆتینی رۆژانە دوورمان بخاتەوە، بەڵام ئازارەكانی رۆژئاوا هێندە بەسوێیە كە تەنانەت دزە دەكاتە نێو ئارامترین و تەنیاترین ساتەكانیشمانەوە، بۆیە وەك رێزێك بۆ هەنسك و خوێن، بۆ زریكە و ئازارەكانی رۆژئاوا بڕیارمان دا تا كاتێكی نادیار كۆنسێرتەكەمان دوا بخەین.
* گرووپێكی وەك بێسارانی، چۆن دەتوانێت لە ئێستادا هەناسەیەك وەبەر هونەری كوردیدا بهێنێتەوە؟
- ئێمە وەك گرووپی بێسارانی پەیاممان رەسەنایەتییە، هەوڵمان پاراستنی مۆسیقای تەمبورەیە، هەرچەندە بێسارانی خۆی لە چوارچێوەیەكی دیاریكراو نادات و هەوڵی تازەگەری دەدات، بەڵام بەردەوامیی چالاكییەكان وا دەكات كە پەیامان باشتر بگات. لایەنەكانی وەك وەزارەتی رۆشنبیری زۆرتر لە هەمووان بەرپرسیارن كە هەوڵ بۆ فەراهەمكردنی فەزای لە بار بۆ چالاكیی هونەری بدەن، ئەم دۆخەی كە ئێستا تێداین بەرەوە ئەوەمان دەبات، كە رۆژ لە دوای رۆژ كەمتر گوێمان لە مۆسیقای رەسەن بێت. ئێمە وەك بێسارانی بەرنامەكانمان دیارە، بەڵام بە تەنیا رەنگە زۆر ئەستەم بێت كە بتوانین كارەكانمان لە سەر ئەم بەرنامەیە جێبەجێ بكرێت و بێ دابڕان بێت.
* بە بۆنەی دووبارە دەستكردنەوە بە كارەكانتان، بۆ جەماوەری هونەری رەسەنی كوردی چیتان هەیە ؟
- لەم چەند ساڵەی كە بێسارانی چالاكیی هەبووە، بۆم دەركەوت كە هەواداران و لایەنگرانی مۆسیقای رەسەن كەم نین و زۆریش پەڕۆشن بۆ ئامادە بوون لە چالاكییەكان، كاتێك دەبین كە بە بەردەوامی هەواڵی چالاكییەكانمان دەبپرسن، بەرپرسیارێتییەكم بۆ دروست دەكات، كە دەبێ بڵێم تەواوی هەوڵەكانم ئەوەیە كە بە بەردەوامی چالاكیمان هەبێت و خزمەتی جەماوەرەكەمان بكەین.
Top