هونەرمەندێكی ڕووسی بە دەستی پزیشكەكەی بریندار دەبێت

هونەرمەندێكی ڕووسی بە دەستی پزیشكەكەی بریندار دەبێت
ئەكتەر و گۆرانیبێژی ڕووسی (ڤالنتینا سیدۆرۆڤا), بە دەستی پزیشكەكەی تووشی لێدان و ئەشكەنجە دەبێتەوە, ئەم ڕووداوە لە كاتێكدا ڕوویدا كە ئەم خانمە بە نیاز بوو نەشتەرگەری جوانكاری لە لێوەكانی ئەنجام بدات .

ڤالنتینا لەگەڵ پزیشكێكی جوانكاری بە ناوی (ئۆلیسا سۆكۆلان)ی تەمەن 34 ساڵ دەبن بە شەڕ و پزیشكەكە زۆر بە توندی هێرش دەكاتە سەر ڤالنتینا, وە لە ئێستادا گرتەیەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبووەتەوە كە ڤالنتینا بە ڕووخسارێكی خوێناوییەوە بارودۆخەكە باس دەكات و دەڵێت كە بە مۆبایلەكەی چەند جارێك لەسەر یەك بە دەموچاوی كێشاوە و برینداری كردووە .

لە دوای ئەم ڕووداوانەوە ڤالنتینا لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی مۆسكۆ چارەسەری پزیشكی بۆ ئەنجامدرا, ئەم ناودارە ڕایگەیاند كە پزیشكەكە بە نیاز بوو ماددەیەك بۆ ڕوخساری بەكار بهێنێت بەڵام ئەو ڕەتی كردەوە و گومانی لە كوالیتییەكەی هەبووە و كەوتنە شەڕە قسە, لەلایەكی تریشەوە پزیشكەكە بە پۆلیسی ڕاگەیاند كە لە سەرەتادا ڤالنتینا ووشەی نەشیاوی بەرامبەری بەكارهێنا و هێرشی كردە سەر, كە ئەم ڕووداوەی بۆ دەرئەنجامی توڕە بوون و لەدەستدانی كۆنتڕۆڵی گەڕاندەوە .
Top