سكارلێت بەردەوامە لە تۆماركردنی ژمارە پێوانەییەكان

سكارلێت بەردەوامە لە تۆماركردنی ژمارە پێوانەییەكان
بەپێی راپۆرتێكی گوڤاری (فۆربس)، خانمە ئەكتەری ناسراوی ئەمریكی، لە ساڵی 2019 (سكارلێت جوهانسون) خاوەنی زۆرترین داهات بووە لە نێو خانمە ئەكتەرەكاندا، ئەمەش دووەم ساڵە لەسەر یەك كە بتوانێت زۆرترین داهات كۆبكاتەوە، ئەوەش بەڵگەی ئەوەیە كە ئەستێرەیەكی بێ ركابەر و سەركەوتووی هۆڵیۆدە.
بە گوێرەی ئەو لیستەی كە گۆڤاری ناوبراو بڵاوی كردۆتەوە سكارلێتی تەمەن 34 ساڵ و ناسراو بە رۆڵی (بلاك وید- بێوەژنە رەشەكە) لە فیلمی (ئەڤینگەر ئێند گێم) بە كۆكردنەوەی 56 ملیۆن دۆلار لە ماوەی یازدە مانگی رابردوودا لە پلەی یەكەم هات.
لە پلەی دووەم سۆفیا فیرگاری ئەستێرەی زنجیرە درامای ( مۆدێرن فامیلی) هات بە كۆكردنەوە 44 ملیۆن دۆلار و لە پلەی سێیەمیش خانمە ئەكتەر (ریس ویزرسپۆن) هات لە زنجیرەی (درۆی بچووكی گەورە) بە كۆكردنەوەی 35 ملیۆن دۆلار.
هەر یەكە لە ئیلیزابێس مۆس پاڵەوانی زنجیرە درامای ( زە هاند میدز تیل) و خانمە ئەكتەری ئوسترالی مارگۆت رۆبی دە یەكەمەكانی لیستەكە بوون، مۆس توانیی بڕی 24 ملیۆن دۆلار و رۆبی 23 ملیۆن دۆلار كۆ بكاتەوە.
لیستەكەی گۆڤاری فۆربس ناوی نیكۆڵ كیدمان و جنیڤەر ئەنیستۆن و كالی كۆكۆ و چارلز تیرۆن و ئالین پۆمپیۆی لە خۆ گرتبوو، بۆیە بە دەستهێنانی پلەی یەكەم لە نێو ئەم ئەستێرانەدا بە دەستكەوتێكی گەورە بۆ سكارلێت ئەژمار دەكرێ، بەتایبەتی كە بۆ ساڵی دووەم توانیی نازناوەكە بەدەست بهێنێت.
Top