بریانكا: شەونخونیی زۆرم كردووە تا بەم ئاستە گەیشتووم

بریانكا: شەونخونیی زۆرم كردووە تا بەم ئاستە گەیشتووم
بریانكا شۆبرا یەكێكە لە ئەكتەر و گۆرانیبێژە ناسراوەكانی هیندستان و شانازیش بەوە دەكات هەوڵ و ماندووبوونێكی زۆری چەشتووە، تا گەیشتۆتە ئەو ئاستەی و توانیویەتی شوێنی خۆی لە نێو ئەستێرەكانی بۆلیۆد بكاتەوە.
سەرەتا بە گۆرانی (In My City) هاتە نێو جیهانی گۆرانی گوتن، ئێستاش خۆی ئامادە دەكات بۆ بڵاوكردنەوەی گۆرانییەكی نوێ بەناوی (Exotic) كە بە شێوازێكی رۆژئاوایی تۆماری كردووە، چاوەڕێش دەكرێ ئەم گۆرانییە لە رێگای ئامرازە كۆمەڵایەتییەكانی راگەیاندنەوە سەركەوتنی بەرچاو بەدەست بهێنێت، هەرچەندە ئەم گۆرانییە نوێیە لە ئەنتەرنێت دزەی كردووە، بەڵام بریانكا بەلایەوە ئاساییە و بە هیچ جۆرێك باسیشی ناكات، وەك ئەوەی پێی خۆش بێت.
شۆبرای تەمەن 33 ساڵ لە تویتەر خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە دزەكردنی گۆرانییەكەی و گوتی: «پێویستە لەگەڵ دزەكردنی گۆرانییەكانمدا من توڕە ببم، بەڵام من زۆر خۆشحاڵم بەوەی هەموو لایەك لەگەڵ من گوێی لێ دەگرن، من گەیشتوومەتە ئاستێكی بەرزی هونەری، بەڵام لێرەدا بە پێویستی دەزانم ئاماژە بەوە بكەم، ئەمە بە ئاسانی نەهاتووتە دی، هەوڵی زۆرم داوە و شەونخونی زۆریشم بینیوە، زۆر ماندوو بووم و كەسانی دیكەشم لەگەڵ خۆم ماندوو كردووە، بەتایبەتی خانەوادەكەم.»
جێگای سەرنجە لەم گۆرانییە نوێیەدا گۆرانیبێژی راپی ئەمریكی بیتبول هاوكاریی بریانكا دەكات، هەرچەندە تێكستەكەی ئینگلیزییە، بەڵام بریانكا چەند وشەیەكی هیندیی خستۆتە سەر گۆرانییەكە.
Top