رۆبێرت دی نیرۆ: ترەمپ بۆ رزگاركردنی خۆی قوربانی بە ئەمریكا دەدات
ئامادە نیم رۆڵی ترەمپ ببینم
بەم دواییە رۆبێرت دی نیرۆ لە میانەی فیستیڤاڵێكی سینەمایی جیهانی كە لە لەندەن ساز كرابوو، دووبارە هێرشی كردەوە سەر ترەمپ و گوتی: «ئەو كابرایە دەیەوێ گشت دامودەزگاكانی ئەمریكا لە ناو ببات و هەوڵ دەدات رای گشتی ئەمریكا دژی ئەو دامودەزگایانە هان بدات، كە دژی سیاسەتەكانی دەوەستنەوە و ناكەونە ژێر باڵی خۆی، بەتایبەتی CIA FBI، ترەمپ بۆتە هۆكاری بێسەروبەرییەكی زۆر، چونكە ناتوانێت یاریی سیاسی بكات.»
دی نیرۆ رەخنەگران و بینەرانی سینما بە یەكێك لە باشترین ئەكتەرەكانی مێژووی سینەمای دادەنێن، چونكە لە چەندین فیلمدا ئەو رۆڵانەی كە بینونی زۆر تێیاندا سەركەتوو بووە، دی نیرۆ بەوە ناسراوە زۆر جار رۆڵی كەسی بەدكار و تاوانبار دەبینێت، بێ ئەوەی گرنگی بە كاردانەوەی جەماوەر بدات.
بەشێك لە رەخنەگرانی سینەما ئەمە بە خاڵێكی نەرێنی دادەنێن، بەڵام دی نیرۆ دەڵێ: «من دەتوانم هەموو رۆڵێك ببینم، تەنانەت رۆڵی كەسانی تاوانباریش كە دەتوانم خاڵێكی هاوسۆزیی تێدا بدۆزمەوە، ئەگەر مرۆڤایەتیی تێدا هەبێت، بەڵام ناتوانم رۆڵی كەسایەتیی دۆناڵد ترامپ ببینم، چونكە ئەو شیاو نییە بۆ ئەوەی سەرۆكایەتیی ئەمریكا بكات، زۆر هەوڵ دەدەم كە خاڵێكی هاوسۆزیی نیشتمانی لەگەڵ ترەمپ بدۆزمەوە، بەڵام سوودی نییە، بەر لە هەڵبژاردنی بە سەرۆكی ئەمریكا وتم دەرفەتێكی پێ دەدەم، بەڵام بۆم دەركەوت كە زۆر خراپترە لەوەی من پێشبینیم دەكرد، نازانم بۆ خۆشم ناوێ؟، زۆر جار بیرم لەو بابەتەكە كردۆتەوە، بەڵام هەست دەكەم تووشی جۆرێك لە شێتی بۆتەوە و دوورە لە رەوشت و بەهاو، كەسێكی بێ مانایە و ناتوانم چاوەڕێ بكەم تا ئەو كاتەی لە زیندان دەیبینم».
هەر دەرباەرەی كەسایەتیی ترەمپ دەڵێ: «بمانەوێت یان نا ئێمە ئێستا كێشەیەكی راستەقینە و راستەوخۆمان هەیە، ئەویش ئەوەیە كە ئێمەیە سەركردەیەكی مافیامان هەیە، كە وادەزانیت دەتوانێت هەر شتێك بكات كە دەیەوێت، ئەو كەسانەی لە چواردەوری ترەمپن و پشتگیریی ئەو دەكەن، ترسێندراون، بۆیە پێویستە شتێك دەربارەی ئەمە بكرێت».
ترەمپ وەڵامێكی توندی دی نیرۆی دایەوە
سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ بە توندی كاردانەوەی بەرامبەر رۆبێرت دی نیرۆ نیشاندا، كە لە بەرنامەیەكدا جنێوی بە ترەمپ دابوو.
دۆناڵد ترەمپ لە رێگەی هەژماری خۆی لە تویتەر بە توندی رەخنەی لە رۆبێرت دی نیرۆ گرت، كە پێشتر لە بەرنامەیەكدا جنێوی پێ دابوو.
سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ لە تویتەكەیدا دەڵێت: «رۆبێرت دی نیرۆ كە ئاستی ژیریی زۆر كەمە، لە فیلمەكاندا بە دەستی بۆكسێنەرە راستەقینەكان مستەكۆڵەی زۆری خواردووە. شەوی رابردوو تەماشای بەرنامەكەم كرد، باوەڕم كرد كە رۆبێرت دی نیرۆ كەسێكی گێژە. وابزانم ئاگادارنییە كە ئابووریمان لە ئێستادا لە باشترین دۆخدایە و زۆر كۆمپانیا دووبارە گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتەكەمان، من دوێنی فیلمێكی دی نیرۆم بینی، پێموایە سەرخۆش بووە.
دی نیرۆ دژی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكایە
لە سوریا
رۆبێرت دی نیرۆ لەژێر هاشتاگی «كوردەكان لەلایەن ترەمپەوە فێڵیان لێ كرا» رەخنەی لە بڕیارەكەی ترەمپ گرت، سەبارەت بە كشاندنەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا و رێگا نەگرتن لە هێرشی سوپای توركیا بۆ سەر ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان.
«رۆبێرت دی نیرۆ» لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر لە تویتێكدا نووسیبووی: «ویلایەتە یەكگرتوەكان كە بڕیاربوو داعش بۆ ئێمە لەناوبەرێت، ئەمەش بوە هۆی ئەوەی ژمارەیەكی زۆر لە كوردەكانیش لەو جەنگەدا بكوژرێن، ئەگەرچی بەڵێنیان پێدابوون بیانپارێزن، بەڵام دواتر فێڵیان لێكردن بەوەی هێزەكانیان كشاندەوە،
هەروەها ئاماژەی بەوەشكردووە كە ئێستا ترەمپ توركەكانی بانگهێشت كردووە بۆ سوریا، گلۆپی سەوزی بۆ هەڵكردون بۆ ئەوەی كوردەكان لەناوبەرن».
رۆبێرت دی نیرۆ بە رەچەڵەك ئیتاڵییە، ساڵی 1943 لە شاری نیویۆرك لەدایكبووە و بە یەكێك لە باشترین ئەكتەرە مێژووییەكانی سینەمای ئەمریكی دادەنرێت، شەش جار پاڵێوراو بووە بۆ خەڵاتی ئۆسكار، دوو جار بەدەستی هێناوە، جاری یەكەم ساڵی 1974 وەك باشترین ئەكتەری لاوەكی لە بەشی دووەمی فیلمی (العراب)، جاری دووەمیش وەك باشتری ئەكتەر لە ساڵی 1980، دی نیرۆ و كارلۆن براندۆن تاكە ئەكتەرن كە خەڵاتی ئۆسكاریان بە دەستهێناوە لە نواندنی رۆڵی هەمان كەسایەتی ئەویش كەسایەتی (فیتۆ كۆرلیۆنی) بوو.
دایك وباوكی دی نیرۆ هونەرمەند بوون، دایكی وێنەكێش و شاعیر بوو، باوكیشی وێنەكێش و شێوەكار بووە، تەمەنی سێ ساڵان بوو كاتێك دایك و باوكی جیابوونەوە، هەمیشە لەگەڵ باوكی چۆتە سینەما، بۆیە خۆشەویستیی سینەما لە هزریدا چەكەرەی كردووە، لە تەمەنی دە ساڵاندا یەكەم رۆڵی لە شانۆگەرییەكی قوتابخانەدا بینیوە، ساڵی 1968 بەشداریی لە فیلمی (Greetings) كە دەروازەی یەكەمی بوو بۆ دەركەوتن و ناوبانگ پەیدا كردن.
سەرچاوە:
* ئەلعەین ئەلعەرەبییە
* سكای نیوز