بۆچی پایتەخت لە ئەنجامدانی فیستیڤاڵی سینەمایی بێبەش بێت؟
* كاتێك بە وردی پەڕاوی مێژووی هونەری هەولێر هەڵبدەینەوە، دەیان و سەدان چالاكی و كار و بەرهەمی بەپێز خۆیان دەنوێنن، بەتایبەت لە ساڵانی هەشتاكان، كە هەولێر بوبووە سەنتەری هونەر و رۆشنبیری و ئەدەب، كە هەموو شار و شارۆچكەكان بە تامەزۆرییەوە دەیانڕوانییە نوێترین بەرهەمی ئەو شارە، لەو چوارچێوەیەشدا چەندین بەرهەمی ناوازە لە مێژووی هونەری شانۆ و دراما و سینەمادا پێشكەشكران، كە تا هەنووكەش لە تیڤییەكاندا بە زیندوویی ماونەتەوە و ئێستاش پێیان دەگوترێت: سەردەمی زێڕینی سینەما و شانۆ و درامای كوردی.
* ئەگەر باسی فیستیڤاڵیش بكەم، دەبێ زۆر بە روونی ئەو مێژووە بگێڕمەوە كە لە سەرەتای ساڵی 2006ـدا هەولێر وەك تاكە پارێزگای كوردستان، یەكەم خوولی فیستیڤاڵی سینەمایی تێدا ئەنجام درا، كە هێشتا بۆ بینەری كورد شتێكی نوێ بوو، چونكە ئێمە زۆرمان مابوو پێ بخەینە ئەو قۆناغە، بەڵام لێهاتوویی هونەرمەندان گوێی بە هیچ كۆسپ و تەگەرەیەك نەدا و هەولێر زۆر بە متمانەوە یەكەم فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی خۆی بۆ سینەما ساز كرد.
* بەوەش نەوەستاو چەندین خوولی دیكەی ساز كرد، تا كاروانی كارە هونەرییەكانی لە رووی ئەنجامدانی فیستیڤاڵەوە گەیشتە هەشت خوولی تەواو، كە بە ناوی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی كوردستانەوە ساز دەكرا و دوا خوولی ئەو فیستیڤاڵەش لەژێر دروشمی (ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی)دا بەڕێوەچوو، لە دوای ئەو هەنگاوانەی هەولێریش، شارەكانی سلێمانی و دهۆك، بۆ سازدانی فیستیڤاڵ هەنگاویان نا، بەڵام ئەوەی ئێمە تێبینی دەكەین ئەوەیە، كە تەنیا هەولێرە بەشێوەیەكی دامەزراوەیی لە لایەن حكوومەتی هەرێم و وەزارەتی رۆشنبیرییەوە ئەو فیستیڤاڵە هونەرییە بۆ سینەما ئەنجام دەدات، بە پێچەوانەی ئەویشەوە سلێمانی چەند كۆمپانیایەك و كەرتی تایبەت بەڕێوەی دەبەن، هاوكات دهۆكیش فیستیڤاڵی كردووە بە مەسەلەی پارێزگایەك، بودجە و تێچووی ئەو فیستیڤاڵەی لە پارێزگاوە بۆ دابین دەكرێت، لەو سۆنگەوەش من دەمەوێ بە هەمووان بڵێم، با بەراوردێك بكەین كە ئاخۆ كێ شایستەی ئەوەیە فیستیڤاڵ بەڕێوە ببات، ئەو فیستیڤاڵانەی كە ساز دەكرێن كامەیان زیاتر كوردین، بۆ نموونە كاتێك دهۆك فیستیڤاڵ ئەنجام دەدات، بەرگێكی ناوچەكانی باكوور و ئەورووپا دەپۆشێت و هێندە گرنگی بە بەرهەمی كوردی نادات، بە پاساوی ئەوەی بەرهەمی ئەو ساڵانە نین، لە دوای ئەویشدا سلێمانی، كە بە تەواوەتی زەوق و سەلیقەی رۆژهەڵاتی پێوە دیارە، كەوتووەتە ژێر كاریگەریی ئێران، كە دەرچوونە لە ریتمی هونەری كوردی و بێبایەخكردنی فیلمی كوردی و گرنگیدان بە هونەری بێگانە و زاڵكردنی هونەری بیانی بەسەر بەرهەمی كوردی دا، بە پێچەوانەی ئەوانیشەوە، هونەری هەولێر، كە نەك وەك ئەوەی كورد گوتەنی: (كەس بە ماستی خۆی ناڵێ ترشە) بەرهەمەكان بە تەواوەتی رەنگی كولتوور و شاخ و ئەو سرووشتە دڵڕفێنەی كوردستانیان هەڵگرتووە، كە هەموویان گێڕانەوەی چیرۆكە كوردییەكانن، جگە لە داستانە مێژووییەكان، كە هەمووی لە هونەری هەولێر رەنگی داوەتەوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، كە هەولێر هەمیشە هەوڵی داوە هونەری خۆی بە وڵاتانی دنیا ئاشنا بكات، مەبەستی ئێمەش روونە، كە دەبێت بە وڵاتانی دنیا بڵێین ئێمە هاوشێوەی كارە سیاسی و بازرگانییەكان بە هونەر دەنگمان دەگەیەنین بە ئێوە، نموونەشم زۆرە بۆ ئەو مەسەلەیە، كە لە سەرەتای راپەڕینە مەزنەكە كوردستاندا هەولێر لە رێگەی چاوی كامێرا سینەماییەكانیەوە ویژدانی هەموو گەلانی جیهانی هەژاند و بەزوویی هەمووانی بۆ نووسینەوەی داستانی پڕ لە قارەمانێتیی خەڵكی كوردستان پەلكێش كرد.
* بۆیە راشكاوانە پەنجە بۆ ئازارەكان دەبەم و دەیڵێم: حەق نییە لە پای ئەو هەموو كارە جوانەی پێشكەش كراون، هەولێر لە پێشینەی هەموو شارەكانی دیكە بێت، ئایا دەكرێت، فیلمسازانی هەولێر لە خەمی ئەوەدابن هونەری ئەو شارە دڵی لە لێدان نەكەوێت، كەچی لە پارێزگانی دیكە خەڵكانێك ببن بە بازرگانی سینەما و بە ناوی فیستیڤاڵەوە گیرفان پڕبكەن، تا كەی بە رەوای دەبینن كە هەولێر لە ئەنجامدانی گەورەترین چالاكیی هونەری وەك فیستیڤاڵی سینەما بێبەش بێت، لە كاتێكدا كە تاكە شوێنە لەژێر حوكمی وەزارەتی رۆشنبیریی حكوومەتی هەرێمدا ئەو فیستیڤاڵە ئەنجام دەدات، ئەو پەراوێزخستن و ئازاردانە رۆحییەی هونەرمەندانی هەولێر لە پای چی؟، بۆیە زۆر بە روونی دەمەوێ هونەردۆستان بهێنینە سەر هێل، كە ئیدی كاتی ئەوەیە هەمووان پێكەوە بەرەو پیری هونەری ئەو شارە بڕۆین و رێگە نەدەین لە رەنگە جوانەكانی هونەری حەوتەم بێبەش بێت.