هونەرمەند دونیا عەبدوڵا: سەردانیكردنی پیشانگەی شێوەكاری نەبووەتە كارێكی كولتووری و سەرنجڕاكێش
هەڤپەیڤین/ كامەران حاجی ئەلیاس
* بۆ ئاشنابوونی زیاتر دەمانەوێت لە زاری خۆتانەوە كورتەیەك لە ژیانی هونەریی خۆت بۆ خوێنەران باس بكەیت.
- من دونیا عەبدوڵا لە ساڵی (1990) لە قەزای خەبات سەر بەپارێزگای هەولێر لەدایك بووم، لەبەر هەندێك هۆكاری جیاواز نەمتوانی لە یەك ساڵ زیاتر بچمە بەر خوێندن، بەڵام نەخوێندنم بووە هۆی كردنەوەی دەرگای هونەری شێوەكار، چونكە ئیتر نەمتوانی لە پێنوس و كتێب جیا ببمەوە و، هەستم دەكرد كە هونەری نیگاركێشان بە شێوەیەكی خۆڕسكانە لە خەیاڵ وئەندێشەمدا هامۆشۆ دەكات، بۆیە بەرەو هونەری نیگاركێشان هەنگاوم نا، ئیتر لەگەڵ تێپەڕبوونی كات باشتر و باشتر بووم، تەمەنی (15) ساڵیم سەرەتای دەركەوتنم بوو لە رۆژنامەی خەبات و دواتر لە بەرنامەكانی تەلەفزیۆن و گۆڤارەكان دەركەوتم. لە فێربوونی خوێندنەوە و نووسینیش بەردەوام بووم، لەبیرمە كە دایكم دەیگوت لەسەر هەر وێنەیەك كە دەیكێشی، ناوێك بنووسە، تا نووسین لەبیر نەكەی، ماوەیەكی زۆریش رۆژانەی ژیانی خۆمم بە كوردی و بە عەرەبییش دەنووسی، چونكە زۆر حەزم لە زمانی عەرەبییش هەبوو.
* تا ئێستا خاوەنی چەند پیشانگەی تایبەتی و هاوبەشی؟
- تا ئێستا خاوەنی یەك پێشانگەی تایبەتم، كە لە ساڵی (2006) بوو، لە هەمان كاتیشدا بەشداری هەشت پێشانگەی هاوبەشم كردووە .
* ئایا هیچ كەسێك هاوكاری و پاڵپشتیی كردوویت؟
- خانەوادەكەم بەگشتی درێغییان نەكردووە، بەڵام دایكم و خوشكم زۆر هاوكارم بوون، وەك لایەنی هاوكاری و پاڵپشتیی هونەرمەندانیش تا ئێستا تێكەڵاوییەكی ئەوتۆم نەبووە، ئەو هونەرمەندانەی ئێستا دەیانناسم، بۆ هەر لایەنێك بۆ هەر كارێكی داوام كردبێت، یان پرسیارم لێیان كردبێت، بۆ ئامانجی داهاتووم، كەمتەرخەم نەبوون، لێرەوە سوپاسیان دەكەم.
* شێوازی كاركردنتان چۆنە؟
- من شێوازم سووریالییە، وەكو تێكەڵەیەكە لە نێوان سووریالی و واقیعی و تەعبیریدا بەشێوەیەكی وردبینی كار لەسەر تابڵو دەكەم، هەم لە رووی تەعبیری واتا باسكردنی بابەتەكە و هەم لە رووی كێشانی هێڵەكان و دوور و نزیكیی شتەكانەوە، بۆ ئەوەی جوانی ببەخشێت، لە رەنگكردنیش وردبینم و فڵچەی زۆر بچووكیش بەكاردەهێنم.
* هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان هونەرمەندانی شێوەكار لە چ ئاستێكدایە؟
- لە چالاكییەكاندا زۆر كەم دەركەوتووم، لە هەڵە و وەرگرتنی ئەزموونی خۆشمەوە فێری شێوەكاری بووم، پەیوەندییەكی وام لەگەڵ هونەرمەندانی دیكە نەبووە تا بزانم لایەنی هونەری لە كوردستان بە چ شێوەیەك بەڕێوە دەچێت.
* لە ئێستادا چ پڕۆژەیەكی نوێت هەیە؟
- ئێستا ئامادەكاری دەكەم بۆ پێشانگەیەكی تایبەتی خۆم، خودا یار بێت، پێش كۆتایی ئەمساڵ پیشانگەی تایبەتی دووەم دەكەمەوە.
* پێشوازی و سەردانی بینەران بۆ پیشانگاكان لە چ ئاستێكدایە؟
-پێم وایە هونەری شێوەكاری خۆی هەوادار و بینەری كەمە، بۆیە پێشوازیكردن و سەرەدانی پێشانگاكان، تا راددەیەك جۆرە ساردییەك لەخۆ دەگرێت، بە جۆرێك تا ئێستا لە ناو خەڵكدا سەردانیكردنی پیشانگەی شێوەكاری نەبۆتە كارێكی كولتووری و سەرنجڕاكێش.
* لە كۆتایی ئەم دیمانەدا دەتەوێت باسی چی بكەیت؟
- دەمەوێت بڵێم سوپاسی ئێوە دەكەم بۆ ئەو بەسەركردنەوەیە، دەستخۆشی لە هەوڵ و ماندووبوونتان دەكەم، هەر سەركەوتوو بن.