ئالين: بۆ من هەر چوار پارچەی كوردستان رۆژئاوایە
سەرەتا ئالین تیشكی خستە سەر نەبوونی بەرهەمی هونەری لە ماوەی رابردوودا و گوتی: بێدەنگی و دوورە پەرێزیم لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا بۆ سێ هۆكار دەگەڕێتەوە، یەكەمیان ئەوەیە كە من سەرقاڵی كار و ژیانی تایبەتی خۆم بووم، دووەمیشیان كاری دبلۆماسیم بە بێدەنگی ئەنجام دەدا، سێیەمیشیان لەبەر خۆ ئامادە كردن بوو، بۆ بەرهەمێكی نوێی هونەری، ئێستا كلیپێكم بە زمانی سریانی ئامادەیە لە چوارچێوەی ئەو بەرهەمەی كە باسم كرد.
لەبارەی سروودە نیشتمانییەكان ئالین گوتی: «خەمی هەر چوار پارچەی كوردستان خەمی منە، هەر چوار پارچە بۆ من وەك رۆژئاوا وان و جیاوازییان نییە، خۆشی و ناخۆشی و دەرد و مەینەتییەكان لە هەر پارچەیەكی كوردستان، بۆمن وەك یەكە، بەڵام لە ئێستادا رۆژئاوای كوردستان سەرچاوەی خەم و ناخۆشییە بۆ من، بۆیە ئەوەی لە توانامدا بێت بۆ رۆژئاوا ئەنجاممداوە، وەك ئەوەی كە لە رێگای كلیپەكانمەوە وەك كلیپی (یەكێتیی برایەتی) كە تێیدا داوای یەكگرتن و برایەتی نێوان پێشمەرگە و شەڕڤانان دەكەم، هەروەها گۆرانییەكانی (بلبلێ دلشاد) و (ئەی فەلەك ژ بو تە دناڵم)، چونكە لەو كاتەدا ئەوەی لە باشووری كوردستان روویدا، هەمان شت بوو كە لە رۆژئاوای كوردستانیش روویدا، وەك هێرشە دڕندەكانی تیرۆریستانی داعش لە رۆژئاوا و باشوور، بەتایبەتی لە شنگال.
لەرووی دبلۆماسیشەوە چەندین جار داوام لە دەوڵەتی ئەڵمانیا كرد، كە پێویستە یارمەتیدەربن بۆ بارودۆخی رۆژئاوای كوردستان و پێویستە بە زووترین كات ئەو شوێنە ئازاد و ئارام بێت، لێرەوە داوا لە گشت هێزەكانی رۆژئاوای كوردستان دەكەم كە یەكتریان خۆش بوێت و لە یەكتر نزیك بن و كاتی خۆیان بۆ برایەتی و یەكریزی تەرخان بكەن، چونكە چەند یەكگرتوو بن، ئەوەندە زیاتر رۆژئاوا ئازاد و ئارام دەبێت.
سەبارەت بە سەردانیكردنی رۆژئاوای كوردستان وتی: تا ئێستا سەردانی رۆژئاوای كوردستانم نەكردووە، ئەگەر بچمەوە هەستێكی بێ سنوورم دەبێت، بەجۆرێك ناتوانم باسی بكەم و ناتوانم وەسفی هەستی خۆم بكەم، چونكە یەكێكە لە خەونە لە مێژینەكانم، هەروەها بە ئاواتم بتوانم لە هەر چوار پارچە كۆنسێرت بكەم، چونكە لە هەر چوار پارچەی كوردستان هەوادارم هەیە و ئەوانیش وەك كوردانی رۆژئاوا كەس و خۆشەویستی منن.
سەبارەت بە گرنگیدانی حكومەتی ئەڵمانیا بەكاری هونەری جوان گوتی: حكومەتی ئەڵمانیا گرنگی بە بواری هونەر و كولتوور دەدات، بەتایبەتی هونەری باش بەبێ جیاوازی زمانەكان، واتە تەنیا گرنگی بە گۆرانی ئەڵمانی نادات، بەڵكو ئەوانەی لە ئەڵمانیا دەژین ئەگەر بیانییش بن، حكومەت لە بواری هونەرییەوە پشتگیرییان دەكات و لە رێگای دامودەزگا تایبەتییەكانی حكومەتی ئەڵمانی و خودی راوێژكاری ئەڵمانی ئەنگێلا مێركل و سەرۆكی ئەڵمانیا (شتاین مایر) راستەوخۆ سەرپەرشتی ئەو كارە دەكەن، مەبەستیان لەم هاریكارییە پێش خستنی هونەرە لە ئەڵمانیا، ئەمەش هەنگاوێكی باشە بۆ هاندانی هونەرمەندان بۆ پێشكەش كردنی جوانترین بەرهەم.
سەبارەت بەو گۆرانیبێژە كوردانەی كە بە زمانی بیانی و ستایلی ئەمریكی و ئەوروپی بەرهەمی هونەری پێشكەش دەكەن، دەڵێ: وەك رای تایبەتی خۆم من پشتگیرییان دەكەم و بە كارێكی ئەرێنیی دەبینم و خراپ نییە و هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم، چونكە لەو رێگایەشەوە دەتوانن خزمەت بە هونەر بكەن، لە هەمان كاتدا دەتوانن پرسی كورد لە رێگای گۆرانییەوە بەو وڵاتانە بگەیەنن و نزیك ببنەوە لە كولتووری وڵات و نەتەوەكانی دیكە.
لەبارەی هۆكاری گۆرانیگوتن بە زمانی بیانی ئالین گوتی: من جگە لە زمانی سریانی بە كلدانی و ئاشورییش گۆرانیم گوتووە، چونكە كورد و ئەم نەتەوانە هەزاران ساڵە بە یەكەوە لە كوردستاندا دەژین و ئازار و مەینەتی و خۆشییەكانمان هاوبەش بووە، بۆیە یەكێك لە ئاواتەكانم ئەوە بووە كە لە رێگای هونەرەوە گوزارشت لە برایەتیی نێوان كورد و ئەم نەتەوانە بكەم و، هیوادارم توانیبێتم لەو رووە سەركەوتوو بم.
ئالین سەبارەت بە نوێكردنەوەی بەرهەمە كۆنەكانی هونەرمەندان گوتی: بە رای من ئاساییە كە هونەرمەندێكی گەنج هەڵسێت گۆرانیی یەكێك لە هونەرمەندانی پێش خۆی دووبارە بكاتەوە و بیڵێت، بەڵام بە مەرجێك حەقی ئەو گۆرانییە و هونەرمەندەكەش بدات، من ئەو قسەیە ناكەم لەبەر ئەوەی ئەم كارەم كردووە و پێشتر گۆرانیی هونەرمەندانی دیكەم وتوەتەوە، نەخێر، ئەگەر منیش خۆم هەست بكەم كە مافی گۆرانییەكە، یان هونەرمەندەكە نادەم، ئەو كات رێگا بەخۆم نادەم كارێكی لەم جۆرە ئەنجام بدەم و داوا لە جەماوەری خۆیشم دەكەم ئەگەر تێبینی ئەوەیان كردووە كە ئەو گۆرانیانەم شێواندووە كە دووبارەیان دەكەمەوە، تكایان لێدەكەم رێگام پێ مەدەن و بڵێن تۆ مافی ئەوەت نییە ئەم كارە بكەیت، چونكە گۆرانییە ئەسڵییەكەت شێواندووە.
لە كۆتاییدا ئالین دەڵێ: هیوادارم گشت هێزە كوردستانییەكان لە هەموو پارچەكانی كوردستان گوتاریان یەك بخەن و یەكگرتوو بن، بەتایبەتی كوردانی رۆژئاوا، چونكە ئەوان بە كاتێكی هەستیار و ناسكدا تێپەڕ دەبن و باشترین چارەسەر بۆ گرفتەكانیان لە ئێستادا یەكگرتن و هاوكاریكردنی یەكترە، هیوای ئازادی و ئاوەدانی بۆ گشت پارچەكان دەخوازم، هەروەها بە پێویستی دەزانم پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی و مسرور بارزانی بكەم، بەبۆنەی هەڵبژاردنیان بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی هەرێم، دڵنیاین كوردستان لە گشت بوارەكانی ژیاندا ئاوەدانی و پێشكەوتنی زیاتر بە خۆیەوە دەبینێت.